هەرێمی کوردستان هەوڵ بۆ ڕاکێشانی سەرمایەدانەریی بیانی و گەشەی کەرتی تایبەت دەدات

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- بەمەبەستی گەشەپێدانی ئابووری و هاندانی كۆمپانیاكانی وەبەرهێنان و بازرگانی لە هەرێمی كوردستان لە شاری هەولێر دیداری بازرگانی نێوان هەرێمی كوردستان و ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا بەڕێوەچوو.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، لە پەراوێزی ئەو دیدارەدا، كە ژمارەیێک لە گەورە بازرگانان و نوێنەرانی ئەمریكا لە هەرێمی كوردستان ئامادەی بوون، لە پرێس كۆنفرانسێكدا سەفین دزەیی وتەبێژی حكوومەتی هەرێمی كوردستان وتی: "ئەگەر ئەو كەشوهەوا ئارامەی لە هەرێمی كوردستاندا نەبوایە ئەو دەرفەتە بۆ كۆمپانیاكان نەدەڕەخسا، بۆیە كەرتی تایبەت لە هەرێمی كوردستان بایەخی پێدراوە و یاسای تایبەتی بۆ دەركراوە و لە داهاتووشدا كار بۆ هاندانی زیاتری كەرتی تایبەت دەكەین".

هەروەها ناوبراو باسی لەوەش كرد قازانجی كەرتی تایبەت دەبێت لەبەرچاو بگیرێت و ئەو بازاڕەی لە هەرێمی كوردستاندا هەبووە دەرفەتی باشی هەبووە بۆ مانەوە و بەردەوامی كۆمپانیاكان، دوای شەڕی داعشیش ئێستا هەرێم هەوڵی جدی دەدات بۆئەوەی متمانە بۆ كۆمپانیاكان بگەڕێتەوە.

لەبارەی كاركردن لە وێستگەكانی كارەبا، سەفین دزەیی وتی: "كەرتی تایبەت كار لە سێكتەری كارەبادا دەكات و ئێستا كەرتی تایبەت وێستگەكانی سووتەمەنی دەكەنە گازی سروشتی و هەنگاوەكانیش بەردەوامن. گازی سروشتی لە هەرێمی كوردستان بەرهەمدێت و لە هەرێمی كوردستانیش بەكاردێت".

سەبارەت بە پاشەكەوتی مووچەی فەرمانبەران و پشكی بوودجەی هەرێم لە بەغدا، سەفین دزەیی وتەبێژی حكوومەتی هەرێمی كوردستان وتی: "ئێمە شەڕێكی یاسایی بۆ پشكی هەرێمی كوردستان دەكەین لە بوودجەی گشتی عێراقدا و 58 پەرلەمانتاری كوردیش لە بەغدان و دەبێت شەڕی ئەو پشكە بكەن، راستە ئێستا مانگانە 317 ملیار دینارەكەی لە بەغداوە دێت هاوكاری حكوومەت بووە بۆ كەم كردنەوەی پاشەكەوتی مووچە، بەڵام ئەوەی دێت سەد لە سەد نییە و هیوادارین ئەوەی هەیە لە پرۆژە بوودجەی ساڵی 2019دا بۆ هەرێمی كوردستان لەبەرچاو بگیرێت و كاری بۆ بكرێت.

سەرچاوە: ڕادیۆ نەوا

کۆدی هەواڵنێر: 60113

News Code 39013

Your Comment

You are replying to: .
captcha