شه‌ڕ له‌ نێوان گه‌ریلاكانی په‌كه‌كه‌ و سوپای توركیا ڕووی دا

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- گه‌ریلاكانی په‌كه‌كه‌ له‌ ده‌ڤه‌ری برادۆست هێرشیان كرده‌ سه‌ر بنكه‌ و باره‌گاكانی سوپای توركیا و فه‌رمانده‌یێكی په‌كه‌كه‌ش رایده‌گه‌یه‌نێت که‌ چه‌ند سه‌ربازێکی تورکیا کوژراون.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، فه‌رمانده‌یێكی هێزی پاراستنی گه‌ل (هه‌په‌گه‌) كه‌ نه‌یویست ناوی بڵاو بكرێته‌وه‌ به‌KNN ی ڕاگه‌یاند: دوانیوه‌ڕۆی ڕۆژی دووشه‌ممه‌ 21ی تشرینی یه‌که‌می 2018 گه‌ریلاكانیان له‌ دوو قۆڵه‌وه‌و بۆ ماوه‌ی كاتژمێرێک هێرشیان كرده‌ سه‌ر بنكه ‌و باره‌گاكانی سوپای توركیا له‌ گردی لیلكانی سنووری ناحیه‌ی سیده‌كان.

ناوبراو وتیشی: له‌ شه‌ڕه‌كه‌دا چه‌ندین سه‌ربازی توركیا كوژراون، جگه‌ له‌وه‌ش چه‌ند ته‌رمێكیان به‌جێماوه‌.

ماڵپه‌ڕی ڕادیۆ نه‌وا به‌پێی ڕاگه‌یێندراوێکی فه‌رمیی هێزه‌کانی په‌که‌که‌ باس له‌ سێ ئۆپه‌راسیۆنی په‌که‌که‌ دژ به‌ هێزه‌کانی تورکیا ده‌کات که‌ کوژرانی 5 سه‌ربازی تورکیای لێکه‌وتۆته‌وه‌.

له‌ كانوونی یه‌كه‌می ساڵی2017ه‌وه‌، سوپای توركیا له‌ سنووری برادۆستی خاكی هه‌رێمی كوردستان جێگیر بوووه ‌و چه‌ندین بنكه ‌‌و باره‌گای سه‌ربازییان دروست كردوووه‌.

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 38995

Your Comment

You are replying to: .
captcha