کوردپرێس:
بافڵ تاڵەبانی کوڕە گەورەکەی مام جەلالی خوالێخۆشبوو لەم دواییەدا دەوری کارای بووە و لە دانووستانی لایەنی کورد و بەتایبەت یەکێتی لەگەڵ لایەنە کوردی و عێراقییەکاندا دەوری بینیوە و هەندێک کەس دەڵێن دەموچاوێکی تازەی ساحەی سیاسیی عێراقە و لە داهاتوودا زیاتر لە پڕۆسەی سیاسیی کورددا دەردەکەوێت. ناوبراو دیمانەیێکی لەگەڵ ئاژانسی ئەلجەزیرەدا کردووە و لەو گفتوگۆیەدا هەندێک پرسی گرینگی خستۆتە بەر باس و لێکدانەوە کە بە کورتی ئاماژەیان پێدەکرێت.
پڕۆژەی سەربەخۆییی هەرێممی کوردستان
بافڵ تاڵەبانی پرسیاری ئەوەی لێکراوە کە ئایا پڕۆژەی سەربەخۆییی کوردستان فەرامۆش کرا و باسی نەماوە؟ هەر لە وەڵامدا تاڵەبانی وتی: نەخێر باسی سەربەخۆیی دەمێنێت بەڵام بەڕای من ئێستا کاتی ئەوە نییە باسی لێوە بکەین. هەرێمی کوردستانی عێراق گرفتی قووڵی بۆ دروست بووە و ئێمە دەبێت سەرەتا زاڵ ببین بە سەر ئەو گرفتانەدا و کێشەکانمان لەگەڵ خۆمان و دەسەڵاتی ناوچەکە یەکلا بکەینەوە.
هەر سەبارەت بە سەربەخۆییی کوردستان بافڵ تاڵەبانی ئاشکراشی کرد: دەبێت وڵاتانی ناوچەکە و بەغداش ڕازی بن و ئێمە دەبێت بەشێک بین لە عێراق هەربۆیەش پێویستە بە دیالۆگ و گفتوگۆ ئەو مەسەلەیە چارەسەر بکەین.
سەرکردایەتیی یەکێتی
بافڵ تاڵەبانی دەڵێت "یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەناوخۆیدا کێشەی هەبوو، مام جەلال نەخۆش کەوت و دواییش بەداخەوە کۆچی دواییی کرد. یەکێتی لەناوخۆدا چەندین پرسی هەبوو؛ پرسی متمانە، پرسی ئاراستە، پرسی یەکڕیزی. لەبەرئەمەش، زۆر زەحمەت بووە رێککەوتننامەی پتەو و ستراتیژی لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان و گۆڕان بکەین".
تاڵەبانی پێی وایە، ئێستاکە یەکێتی زیاتر یەکگرتووە و دەتوانێت رێککەوتننامە و هاوپەیمانێتیی گونجاوتر لەگەڵ تەواوی ئەو پارتە سیاسییانە واژۆ بکات کە دەیەوێت.
کوڕە گەورەکەی جەلال تاڵەبانی تیشک دەخاتە سەر پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و پێی وایە، زوو حکوومەتێکی نوێ پێکدەهێندرێت.
تاڵەبانی ئاماژە بەوەش دەکات، پێی خۆشە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان پێکەوە دابنیشن و دەشڵێت، یەکدەنگی وادەکات پێگەی کورد بەهێزتربێت و کاریگەریی لەسەر رووداوەکانی کەرکووک و بەغدا هەبێت و باس لەوەش دەکات، بۆ ئەو مەبەستە پەیوەندییان بە پارتییەوە کردووە.
پێوەندیی نێوان پارتی و یەکێتی
دەربارەی پەیوەندییەکانی نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، کوڕە گەورەکەی جەلال تاڵەبانی دەڵێت، ئەو بارودۆخەی ئێستا لە نێوان هەردوو پارتدا هەیە هێندە زەحمەت نییە کە چارەسەر نەکرێت.
بەگوتەی بافڵ تاڵەبانی، ماوەی چەندین ساڵە هەندێک پرس لە نێوان پارتی و یەکێتیدا هەن و "زۆرینەی ئەو پرسانەش لە لایەن یەکێتییەوە خوڵقێنراون، نەوەک پارتییەوە".
بافڵ تاڵەبانی پێیوایە، یەکێتی و پارتی هەردووکیان هەڵەیان کردووە، بەڵام بە گەشبینیەوە لە "هاوبەشی" نێوان هەردوو پارت دەڕوانێت و پێی وایە دۆستایەتیی نێوان یەکێتی و پارتی زۆر قووڵە.
کوڕە گەورەکەی تاڵەبانی ئاماژە بەوەشدەکات "هەندێک کەس چ وەک سیاسی و وەک خەڵکیش رێزیان لێدەگرم، کە ئەندامانی پارتیی دیموکراتی کوردستانن، کەسانی وەک نێچیرڤان بارزانی، بەدڵنیاییەوە کاک مەسعود خۆی و کاک مەسروور و کەسانی دیکەش".
پێوەندییەکانیان لەگەڵ ئێران و ئەمریکا
سەبارەت بە پێوەندییەکانی یەکێتی لەگەڵ ئەمریکا بافڵ تاڵەبانی ڕایگەیاند: ئەمریکا هاوپەیمانی ئێمە بووە بەتایبەت لە شەڕی دژبەداعش و هیوادارین هاوکاری و هاوپەیمانێتیی نێوان ئێمە و ئەمریکا بەردەوام بێت. ئێمە لەگەڵ نوێنەری تایبەتی دەوڵەتی ئەمریکا بەڕێز برێت مەکگۆرک پێوەندی و عیلاقاتی باشمان هەیە و سەردانکردنی واشەنتۆنیش لە بەرنامەی کاری مندایە و لە داهاتوویێکی نزیکدا وردەکاریی ئەو سەردانەش ئاشکرا دەبێت.
سەبارەت بە ئێران ڕایگەیاند: ئێران لە زۆر قۆناغی هەستیاردا یارمەتیی ئێمەی داوە و ئەوە خوێندنەوەیێکی ساویلکانەیە کە هەندێک کەس داوامان لێدەکەن عیلاقاتمان لەگەڵ ئێران بپچڕێنین. ئێمە هەزاران کیلۆمەتر سنووری هاوبەشمان لەگەڵ ئێران هەیە و ڕێژەیێکی زۆر ئاڵوگۆڕی بازرگانیی سلێمانی لەگەڵ ئێران ئەنجام دەبێت و ناتوانین ئەو بابەتە نادیدە بگرین.
شەڕی براکوژی
بافڵ تاڵەبانی بە ئەلجەزیرەی وتووە کە شەڕی براکوژی لێکەوتەی نگریسی زۆری بۆ گەلی کورد بووە و ئێستاش کورد و کوردستان باجی شەڕی ناوخۆ و براکوژی دەدات بۆیە دەبێت بەهەموو تواناوە ڕگری بکرێت لە سەرهەڵدانی دیاردەیێکی ئەوتۆ و لەبەرانبەردا کێشەکان بە دیالۆگ و دانووستاندن چارەسەر بکرێن.
یەکگرتنی هێزی پێشمەرگە و نەمانی پێشمەگەی حیزبی
بافڵ تاڵەبانی لە بارەی یەکخستنی هێزی پێشمەرگەی کوردستان و نەمانی پێشمەرگەی حیزبی وتوویەتی لایەنگری یەکگرتنی پێشمەرگەیە و ناوچەکەش بەرەو ئەو ئاراستەیە دەڕوات بەڵام خەڵکانێک هەن لە گۆڕانکاری دەترسێن.
ناوبراو وتیشی لە چوار ساڵی داهاتوودا کار بۆ یەکخستنی پێشمەرگە دەکات لەبەر ئەوەی دامەزراندنی هێزێکی یەکگرتووی سەربازی لە هەرێمی کوردستان خاڵێکی ئیجابییە بۆ پێشخستنی ناوچەکە.
Your Comment