کوردپرێس:
پڕۆسەی پێکهێنانی حکوومەت پاش ئەوەی عادل عەبدولمەهدی لە پشکی شیعەکان لە لایەن بەرهەم ساڵح سەرکۆماری عێراقەوە وەکوو سەرۆکوەزیران ڕاسپێردرا بۆ پێکهێنانی حکوومەت پێی نایە قۆناغێکی نوێوە و دەبێت عەبدولمەهدی لە ماوەی یەک مانگدا وەزیرەکانی کابینەی نوێی خۆی بناسێنێت.
شێوازی کارکردنی عەبدولمەهدی بۆ پێکهێنانی حکوومەت شێوازێکی نوێ و جیاواز بوو و لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ڕایگەیاند ئەوەی لە هەر بوارێکدا توانی کارکردنی لە وەزارەتەکان هەیە با سیڤی بنێرێت و داوا بکات.
ئێستا مۆڵەتی سی ڕۆژەی عەبدولمهەدی بۆ پێکهێنانی حکوومەت ڕوو لە تەواوبوونە و زیاتر لە 20 ڕۆژە ڕاسپێردراوە بۆ تێپەڕاندنی ئەو پڕۆسە سیاسییەی عێراق و بەپێی هەواڵێکی میدیا عێراقییەکان بڕیارە ڕۆژی چوارشەمە 24ی ئەکتەوبر 15 بۆ 18 وەزیری عەبدولمەهدی لە پەرلەمان دەنگی متمانەیان پێ بدرێت.
وەزارەتەکانی عێراقیش هەروەکوو سێ سەرکایەتییەکەی ئەو وڵاتە بە پێی ڕێککەوتنی نەریتی بەش دەکرێت و بەپێی ئەو هەواڵەی لە سۆشیاڵ میدیا عێراقییەکان بڵاو بۆتەوە تاوەکوو ئێستا کارنامەکە بەم شێوەیەیە: 12 وەزارەت بۆ شیعەکان، شەش وەزارەت بۆ سوننە، سێ وەزارەت بۆ کورد و وەزارەتێکیش بۆ پێکھاتەکانی دیکە، لە وەزارەتە سیادییەکانیش وەزارەتەکانی ناوخۆ و دەرەوە بۆ شیعە، دارایی بۆ کورد و بەرگری بۆ سوننە دیاری کراوە.
هەر لەو بارەیەوە نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی ڕاسپێردراو ڕوونکردنەوەیێکی بڵاو کردەوە و سەرلەبەری ئەو هەواڵانەی بەدرۆ خستەوە کە باس لە دابەشکردنی وەزارەتخانەکانی عێراق دەکەن و ڕایگەیاند: وەزارەتەکانی عێراق تا ئەم کاتە دابەش نەکراون و ئەو هەواڵانە دوورن لە ڕاستی.
تەھا دەفاعی، پەرلەمانتاری کوتلەی ئاوەدانکردنەوە و چاکسازی دەڵێت: "پێکھێنانی حکوومەت بە قۆناخی کۆتایی گەیشتووە، وەزارەتەکان دابەش کراون ھەروەھا بەشێکی بەربژێرکانیش پێشکەش کراون لەلایەن کوتلە سیاسییەکان و لەڕێگەی ئەلکیترۆنییەوە، ئێستا دوو بۆ سێ رۆژی دیکە لەبەردەم بەڕێز عادل عەبدولمەھدییە بۆ ئەوەی رازامەندی لەسەر ناوەکان دەرببڕێت.
ناوبراو زیادی کرد: پێشبینی دەکەم رۆژی چوارشەممە دوا وادە بێت بۆ ئامادەبوونی لە ئەنجومەنی نوێنەران بۆ دەنگدان لەسەر کابینە نوێکەی".
بزووتنەوەی گۆڕان ھاوشێوەی پارتی و یەکێتی بەجیا دەستی بە گفتگۆی بەشداریکردن لە کابینەی نوێ کرد، لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی راسپێردراو کۆ بوونەوە و داوایان لێکرد چوار وەزارەت بۆ کورد تەرخان بکات، چوونکە بەپێی ئیستحقاق کورد لەو ژمارەیە زیاتری بەردەکەوێت کە ئێستا بۆی دیاری کراوە.
کاوە مەحموود، سەرۆکی فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی عێراق دەڵێت: "پێمان گوت ئەوەی بیستوومانە لە 22 وەزارەت سێ وەزارەت بەر کورد دەکەوێت، کە ئێمە پێمان وایە ئەمە ناحەقییە بەرامبەر بە کورد، دەبێت لانی کەم پشکی کورد لە چوار وەزارەت کەمترنەبێت، چوونکە ئێمە ھەم پێکھاتەیێکی سەرەکیی گەلی عێراقین و لە ھەمان کاتدا لە پەرلەمانی عێراق 58 کورسیمان ھەیە لە 329 کورسی، واتە نزیکی 18%ـی پەرلەمانی عێراق پێک­دەھێنین".
تاوەکوو ئێستا سەرۆکوەزیرانی راسپێردراو بە فەرمی پشکی کوردی لە کابینەکەی دیاری نەکردووە بە راشکاوانەش بە لایەن کوردییەکانی گووتوە گەر بە یەک تیم نەیەنە پێشەوە، ئەوا یان مافی کورد بە بەتاڵی دەھێڵێتەوە تا رێککەوتن دەکرێت، یانیش خۆی بڕیاری یەکلاکەرەوە دەدات و کێی پێ باش بێت دەستنیشانی دەکات.
Your Comment