ھەڵبژاردن شەفافانە و بێلایەنانە بەڕێوە چوو

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- ئەندامێكی ئەنجوومەنی كۆمسیاران گوتی، ئەمڕۆ یەکشەممە 21ی تەشرینی یەکەم ئەنجامی ھەڵبژاردنەكان لە سێ رۆژنامە بڵاو كراوەتەوە و سبەی تانەدان دەست پێدەكات و ماوەی سێ رۆژ لایەنەكان مافیان ھەیە تانە لە ئەنجامەكان بدەن.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، سەبارەت بە راگەیاندنی ئەنجامی كۆتاییی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان، ئەندامی ئەنجوومەنی كۆمسیاران لە كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردن و راپرسی لە ھەرێمی كوردستان، سەیاح كوورەچی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "بە گوێرەی یاسای ژمارە چواری ساڵی ٢٠١٤، كۆمسیۆن دوای راگەیاندنی ئەنجامی كۆتایی لە سێ رۆژنامە ئەنجامەكان بڵاو دەكاتەوە و دوای رۆژێک لە بڵاوكردنەوە، ئەو لایەنانەی كە ناڕازین مافیان ھەیە لە ماوەی سێ رۆژدا تانەی لێ بدەن، بۆیە ئەمڕۆ ئەنجامەكان لە سێ رۆژنامە بڵاو كراونەتەوە و سبەی تانەدان دەست پێدەكات".

كوورەچی، گوتیشی: "كە سێ رۆژ تەواو بوو، ئەوكات دادگا ماوەی حەوت رۆژی لە بەردەستە بۆ ئەوەی تانەكان یەكلا بكاتەوە و پەسەندی دەكات و بۆ ئێمەی رەوانە دەكاتەوە، ئێمەیش ئەوكات ڕایدەگەیێنین".

ناوبراو دەشڵێ: "ئێمە وەک كۆمسیۆن زۆر لە پڕۆسەی ھەڵبژاردن ڕازین و زۆر شەفافانە بەڕێوە چوو، بەوەی كە لای كۆمسیۆن ھیچ كێشەیێک نەبووە و ساختەكاری نەكراوە و ئەوەی گلەییشی ھەیە بۆ پێشتر قسەیان نەدەكرد، چوونكە ھەمووان چاوەڕێیان دەكرد كورسییان بەر بكەوێت، ئەگەر نا ئەوانەی ناڕازین و باس لەوە دەكەن كە لە ٢٠ی ئەم مانگەوە كێشە ھەبوو، گەر راست دەكەن بۆ بێدەنگ بوون، بۆیە كۆمسیۆن شەفافانە و بێلایەنانە و سەربەخۆیانە كاری خۆی كردووە".

ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی كۆمسیاران، هەروەها ڕوونیشی كردەوە: "پێنج لایەنی سیاسی لە كۆمسیۆن بەشدارن، كە ھەمووان پێكەوە چاودێریی پڕۆسەكەیان دەكرد و ھیچ كێشەیێک نەبووە لە كۆمسیۆن و لە كاتی دەنگدانیشدا خەڵک دەنگی داوە و مافی خۆیشیەتی دەنگ بە كێ دەدات و بە كێ نادات".

کۆدی هەواڵنێر: 60113

News Code 38949

Your Comment

You are replying to: .
captcha