سەربەخۆییی هەرێمی کوردستان چووە مێژووەوە/ ڕیفراندۆم ناکۆکیی نێوماڵی کوردی زیاتر کرد

بەشی جیهان- ژگار حەسەن مامۆستای زانکۆی کینگی کەنەدا دیمانەیێکی تایبەتی لەگەڵ کوردپرێس کردووە و لە وەڵامی پرسیارەکانی هەواڵنێری کوردپرێسدا وتوویەتی: حیزبە کوردستانییەکان بەو قەناعەتە گەیشتن کە ئێستا بەم هەلومەرجەی ناوچەکە و جیهانەوە ناگاتە ئەنجام هەر بەو بۆنەیەشەوە سەربەخۆیی چووە مێژووەوە و یەک لە هۆکارە سەرەکییەکانی پەرەسەندنی ناکۆکیی نێوماڵی کورد هەمان ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی بوو.

کوردپرێس:

کاربەدەستانی عێراق پاش کۆتاییهاتنی شەڕی داعش کار بۆ ئاوەدانکردنەوە و سەقامگیرکردنی دۆخی ئەو وڵاتە دەکەن. ئەو پڕۆسەیەش پاش دیاریکرانی سێ سەرۆکایەتییەکەی عێراق خێراتر بۆتەوە. پاش هەڵبژاردنەکەی 12ی ئایاری پەرلەمانی عێراق محەمەد حەلبووسی لە پشکی سوننەکان وەکوو سەرۆکی پەرلەمان و بەرهەم ساڵح لە پشکی کورد وەکوو سەرکۆمار و عادل عەبدولمەهدی لە پشکی شیعە وەکوو سەرۆکوەزیرانی ڕاسپێردراو دیاری کران. هاوکات لە هەرێمی کوردستانیشەوە جموجووڵی لایەنە کوردستانییەکان بۆ نزیک بوونەوە لە بەغدا و قەرەبووکردنەوەی لێکەوتەکانی ڕیفراندۆمی سەربەخۆییی کوردستان کە بووە هۆی لەدەستدانی 51 لە سەدی خاکی هەرێمی کوردستان زیادی کردووە بەڵام دەنگۆی هەبوونی تەزویر و ساختەکاری لە هەڵبژاردنەکەی پەرلەمانی کوردستان و شێوازی هەڵبژێردرانی بەرهەم ساڵح وەکوو سەرکۆماری عێراق ناکۆکیی خستۆتەوە نێوماڵی کورد و پارتی دیموکراتی کوردستان وتوویەتی یەکێتی ڕێککەوتنی شکاندووە و بەپێی ڕێککەوتن کاری نەکردووە بۆیە چیتر پارتییش وەکوو جاران مامەڵەی فیفتی فیفتی لەگەڵ یەکێتی ناکات و بە پێوەندییەکانی خۆی لەگەڵ یەکێتی دەچێتەوە.

ئاژانسی هەواڵی کوردپرێس بە مەبەستی تاوتوێ کردنی ئەم بابەتانە دوکتور ژگار حەسەنی دواندووە کە مامۆستای زانکۆی کینگی کەنەدایە. دەقی دیمانەکە لێرەوە بخوێنەوە:

کوردپرێس: تەقریبەن ئەنجامی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەرکەوتووە. بەڕای ئێوە ئایا حکوومەت تەنها لە نێوان پارتی و یەکێتیدا پێک دەهێنرێت یان بەپێی قسەی مەسعوود بارزانی حکوومەتی زۆرینە بە بەشداریی لایەنەکانی دیکە دەبێت؟

ژگار حەسەن: ئێستا دیار نییە چی دەبێت و بڕیارە حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە سەر چ بنەمایێک پێک بهێنرێت. پێ دەچێت پارتی دیموکراتی کوردستان دەیهەوێت دەستی یەکێتی لە دەوڵەت کۆتا بکات یان لانی کەم دەسەڵاتەکەی لە حکوومەتی نوێدا بەرتەسک بکاتەوە. بەڵام بەڕای من یەکێتی لەم دەوڵەتەشدا هەندێک لە وەزارەتخانە گرینگەکان وەردەگرێتەوە. بۆ نموونە ئەگەر قوباد تاڵەبانی پۆستێکی هەرەگرینگ وەرنەگرێت زۆر جێی سەرسوڕمان دەبێت.

کوردپرێس: ئەگەر ئاوڕێک لە پێوەندیی نێوان هەرێم و بەغدا بدەینەوە لانی کەم ئێستا لەچاو یەک ساڵی ڕابردوو پێوەندییەکان باشتر بووون. ئایا ئاسۆیێکی ڕوون دەبینن بۆ ئاسایی بوونەوە پێوەندیی نێوان هەولێر و بەغدا؟

ژگار حەسەن: بەڵێ. بەڕای من هەولێر و بەغدا پێیان ناوەتە قۆناغی ئاسایی­کردنەوەی پێوەندییەکانیان و هەرچی زووتر ئەمە بکەن باشترە. هەرێمی کوردستانی عێراق حەز بە ئاسایی­کردنەوەی پێوەندییەکانی لەگەڵ بەغدا دەکات.

کوردپرێس: پارتی دیموکراتی کوردستان لە ئالییەتی هەڵبژێردرانی بەرهەم ساڵح ناڕازی بوو. ئایا پارتی دەیهەویست پۆستی سەرۆککۆماری عێراق بگرێتە دەست؟

ژگار حەسەن: پاش ئەوەی بەرهەم ساڵح وەکوو کاندیدی یەکێتی بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرکۆماری عێراق ناسێندرا پارتی وای دەنواند کە یەکێتی ئەو حیزبەی بەلاڕێدا بردووە. بەڵێ پارتی بڕوای وایە کە دەبوو کاندیدەکەی ئەوان ببوایە بە سەرکۆمار.

کوردپرێس: لایەنی موعارەزە لە هەرێمی کوردستان نەیتوانی لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان باش دەرکەوێت و ئیدعا دەکەن کە اختەکاری کراوە. ئایا هۆکاری سەرنەکەوتنیان بوونی تەزویر و ساختەکاریی هەڵبژاردن بوو؟

ژگار حەسەن: ئەگەرچی ئەو تۆمەتانە هەن کە باس لە ساختەکاری لە هەڵبژاردنەکەی 30ی ئەیلوول دەکەن. بەڵام ئێمە دەبێت چاوەڕوان بین تاوەکوو کۆمسیۆن زانیارییەکانی خۆی بڵاو بکاتەوە و زیانیاریی زیاترمان بداتی. منیش بڕوام وایە ڕەنگە ساختەکاری کرابێت بەڵام بەگشتی ئەنجامی هەڵبژاردن ڕەنگدانەوەی هەستی جەماوەرە بەرانبەر بە لایەنە سیاسییەکان. ڕێژەی بەشدار لە هەڵبژاردن تا ئاستێکی بەرچاو دابەزیبوو لە بەر ئەوەی خەڵکی کوردستان لە حیزبەکان بێهیوا بووون بەڵام پارتی دەستی باڵای هەیە بۆ کۆکردنەوەی لایەنگرەکانی بۆ دەنگدان.

کوردپرێس: هەندێک کەس بڕوای وایە دۆخەکەی ئێستای هەرێمی کوردستان و بەتیابەت نێوانی حیزبە سیاسییەکانی هەرێم ئەنجامی بەڕێوەبردنی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیییە کە 25ی ئەیلوولی 2017 بەڕێوە چوو. ڕای ئێوە لەو بارەیەوە چییە؟

ژگار حەسەن: بەڵێ بەڕای منیش لێکەوتەکانی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی یەکێک لە هۆکارەکانی ناکۆکیی نێوان کوردەکانە بەڵام ئەوەش تەنها یەک لە هۆکارەکانە.

کوردپرێس: کورد داوای ئاسایی کردنەوەی دۆخی کەرکووک و ناوچە جێناکۆکەکان دەکات و وتوویەتی یەک لە مەرجەکانی کورد بۆ بەشداری کردن لە دەوڵەتی نوێی عێراق بەستراوە بە ئاسایی کردنەوەی دۆخی کەرکووک. ئایا ئەو مەوزووعە دەستەبەر دەبێت؟

ژگار حەسەن: دۆخی کەرکووک پاش ڕیفراندۆمەکەی 25ی ئەیلوول تێکچوو بەڵام پاش 16ی ئەکتەوبر و گەڕانەوەی جەیشی عێراقی دۆخەکە خراپتر تێکچوو. بەڕای من زەحمەتە کورد و بەغدا لە داهاتووی نزیکدا کێشەکانیان چارە بکەن. کێشەی نێوان هەولێر و بەغدا چارەسەر دەبێت بەڵام پێویستی بە کاتە.

کوردپرێس: وا دیارە مەسەلەی سەربەخۆییی هەرێمی کوردستان فەرامۆش کراوە و کەس باسی ناکات. ئایا ئەو بابەتە کۆتاییی پێهاتووە؟

ژگار حەسەن: بەڕای من مەسەلەی سەربەخۆییی هەرێمی کوردستان چووە مێژووەوە. لایەنە کوردستانییەکان بەو ئەنجامە گەشتوون کە سەربەخۆییی کوردستان ئاوات و خولیایە و بەم هەلومەرجەی ناوچەکە و جیهانەوە ئەگەری دەستگەیششتنی کورد بە سەربەخۆیی بوونی نییە.

کوردپرێس: هەڵبژێردرانی بەرهەم ساڵح وەکوو سەرۆککۆمار چۆن دەبینن؟ هەڵبژێردرانەکەی گرفتی نێوان پارتی و یەکێتی دروست کرد. بەڕای ئێوە بەرهەم ساح دەتوانێت هەنگاوێکی ئەوتۆ هەڵبگرێت؟

ژگار حەسەن: هەڵبژێردرانی بەرهەم ساڵح وەکوو سەرکۆمار پاش ئەوەی لە یەکێتی دابڕا و قەبارەیێکی نوێی دامەزراند و پاشان گەڕایەوە یەکێتی لای زۆر کەس جێگای سەرسوڕمان بوو. بەڕای من بەرهەم ساڵح لە ماوەی ئەم چوار ساڵەدا بۆ لاوازکردنی پارتی و خۆش کردنی پێوەندیی نێوان هەولێر و بەغدا کار دەکات.

News Code 38914

Your Comment

You are replying to: .
captcha