به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، ڕه‌وه‌ند مه‌لا مه‌حموود جێگری لێپرسراوی مه‌ڵبه‌ندی یه‌كێتی له که‌رکووک له لێدوانێكدا بۆ رادیۆ نه‌وا وتی: "له ماوه‌ی یه‌ک ساڵی ڕابردوودا زۆر هه‌وڵمان داوه بۆ ئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ لایه‌نه كوردییهكانیتر ئه‌نجومه‌نی پارێزگا كارا بكه‌ینه‌وه و پارێزگارێكی نوێ هه‌ڵبژێرین به‌ڵام به‌داخه‌وه گه‌یشتینه ئه‌و بڕوایه‌ی كه ده‌ستی ده‌ستیمان پێده‌كه‌ن به‌تایبه‌تی پارتی ئاماده نین هه‌نگاو بنێن."
ناوبراو وتیشی: "له ئێستا به‌دواوه میلهتهكهشمان ناتوانێت زیاتر دان به خۆیدا بگرێت چوونكه ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنه‌كان ده‌بینین و ده‌ركه‌وت كه خه‌ڵک چۆن كوردستانی بوونی كه‌ركووكیان سه‌لماند بۆیه جه‌ماوه‌ری که‌رکووک لێمان قه‌بووڵ ناكات و دۆخی شاره‌كه‌ش به جۆرێک نییه كه بتوانرێت به‌و شێوه‌یه به‌رده‌وام بێت، له‌به‌ر ئه‌وانه بیر له‌وه كرایه‌وه ئه‌مجاره له‌گه‌ڵ پێكهاتهكانیتری شاره‌كه به تایبه‌تی عه‌ره‌ب و توركمان هه‌وڵی جدی بدرێت، چه‌ندین كۆبوونه‌وه‌ش كراوه و كۆبوونه‌وه‌كان ئه‌رێنی بوون و به‌ده‌م داواكارییهكانهوه هاتوون، چوونكه ئه‌وانیش له دۆخی شاره‌كه ڕازی نین".
ڕه‌وه‌ند مه‌لا مه‌حموود جێگری لێپرسراوی مه‌ڵبه‌ندی یه‌كێتی له كه‌ركووک سه‌باره‌ت به هێڵه گشتییه‌كانی گفتوگۆكانیان له‌گه‌ڵ لایه‌نه عه‌ره‌بی و توركمانیه‌كان وتی: "ئێمه هه‌موومان خه‌ڵكی كه‌ركووكین، پێویستمان به‌وه هه‌یه شاره‌كه بهڕێوبهرایهتییێكی باشی هه‌بێت، لایه‌نی ئه‌منی پارێزراو بێت، خه‌ڵكی شاره‌كه خۆی حكومڕانی خۆی بكات، ئه‌نجومه‌نی پارێزگا كارا بكرێت، پارێزگار و جێگری پارێزگار دیاری بكه‌ین، هه‌ندێک پۆستی سیادی هه‌یه جارێكی‌تر له نێوان خۆماندا پێداچوونه‌وه‌ی پێدا بكه‌ین و هه‌مووشمان هاوڕاین له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی دۆخی که‌رکووک باش نییه و پێویسته هه‌موومان پێكه‌وه هه‌وڵ بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشهگان بده‌ین".
له ڕۆژانی ڕابردوودا ناوی چه‌ند كه‌سێک وه‌ک كاندیدی یه‌كێتی بۆ پۆستی پارێزگاری كه‌ركووک هاتنه به‌ر باس و له‌وباره‌وه ره‌وه‌ند مه‌لا مه‌حموود وتی: "تا ئێستا نه‌گه‌یشتووینه‌ته ئه‌و قۆناغه‌ی گفتوگۆ له‌سه‌ر كه‌سێک بۆ پۆسته‌كه بكه‌ین، ئه‌وه‌ی هه‌یه بریتییه له‌وه‌ی كه پێشتر له مه‌كته‌بی سیاسی پێشنیاز كرابوو ڕزگار عه‌لی ئه‌و پۆسته وه‌ربگرێت به‌ڵام ئه‌وه‌ی په‌یوه‌ست بێت به بوونی ڤیتۆ له‌سه‌ر ناوی كه‌سێک یان بوونی ناوی كاندیدیتر، تا ئێستا به هیچ جۆرێک گفتوگۆی له‌سه‌ر نه‌كراوه".
کۆدی هه‌واڵنێر: 60103
Your Comment