سه‌در: ئه‌مریکا به‌هۆی کوژرانی خاشقچییه‌وه‌ ده‌یه‌وێت ئاڵۆزی له‌ وڵاتانی عه‌ره‌بی دروست بکات

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- موقته‌دا سه‌در ڕایده‌گه‌یێنێت "لام سه‌یره‌ ئه‌مریکا لیکۆڵینه‌وه‌ له ‌که‌سێک ده‌کات که‌ هاووڵاتیی ئه‌و نییه و به‌و هۆیه‌وه‌ ده‌یه‌وێت ئاڵۆزی له‌ وڵاتانی عه‌ره‌بی دروست بکات‌".

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، ڕۆژی سێ‌شه‌ممه‌ 16ی تشرینی یه‌که‌می 2018 موقته‌دا سه‌در ڕێبه‌ری ڕه‌وتی سه‌در له‌ ڕیگای هه‌ژماری تایبه‌تی خۆیه‌وه‌ له‌ تۆڕی کۆمه‌ڵایه‌تیی توویته‌ر په‌یامێکی بۆ دۆناڵد تره‌مپ سه‌رۆکی ویلایه‌ته‌ یه‌کگرتوووه‌کانی ئه‌مریکا ناردوووه‌ ده‌رباره‌ی هه‌ڵوێسته‌کانی ئه‌و وڵاته‌ له‌ دۆسیه‌ی جه‌مال خاشقچی.

موقته‌دا سه‌در له‌ په‌یامه‌که‌یدا ڕایگه‌یاندوووه‌ "به‌ لامه‌وه‌ سه‌یره‌ له‌ کاتێکدا که‌ ئه‌و ڕۆژنامه‌نووسه‌ هه‌ڵگری ڕه‌گه‌زنامه‌ی ئه‌مریکی نییه‌، ئیتر بۆچی ئه‌مریکا داوا ده‌کات لێکۆڵینه‌وه‌ بکرێت له‌و تاوانه‌ به‌ڵام داوا ناکات لیکۆڵینه‌وه‌ بکرێت له‌و هه‌موو تاوانانه‌ی له‌ یه‌مه‌ن و به‌حره‌ین و سووریا و لیبیا و میانمار و ئه‌فریقا ده‌کرێت".

سه‌در ئاماژه‌ی به‌وه‌ش داوه‌ که‌ "ئه‌مریکا بۆچی لێکۆڵینه‌وه‌ ناکات له‌و مووشه‌کانه‌ی ئاڕاسته‌ی ئه‌و وڵاتانه‌ ده‌کرێت و هه‌زاران خه‌ڵکی سڤیل ده‌کوژرێت".

ڕێبه‌ری ڕه‌وتی سه‌در وتووشیه‌تی: "ئه‌مریکا ده‌یه‌وێت به‌هۆی که‌یسی ئه‌و ڕۆژنامه‌نووسه‌وه‌ ئاڵۆزی و سزا سه‌پاندن به‌ سه‌ر وڵاتانی عه‌ره‌ب بسه‌پێنێت که‌ مه‌به‌ست لێی سزادانی سعوودیه‌یه‌".

ئه‌و په‌یامه‌ی موقته‌دا سه‌در دوای ئه‌وه‌ دێت که‌ له‌ چه‌ند ڕۆژی ڕابردوودا دۆناڵد تره‌مپ ڕایگه‌یاندبوو "ئه‌گه‌ر کوژرانی ئه‌و ڕۆژنامه‌نووسه‌ به‌ سه‌ر سعوودیه‌ ساغ بێته‌وه‌ ئه‌وا ئه‌و وڵاته‌ ناتوانێت به‌ ئاسانی لێی ده‌رچێت و سزای به‌ سه‌ر ده‌سه‌پێنین".

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 38844

Your Comment

You are replying to: .
captcha