تورکمانه‌کان داوای 3 پۆستی باڵا له‌ حكوومه‌تی عێراق ده‌كه‌ن

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- سه‌رۆكی به‌ره‌ی توركمانی داواكاریی پێكهاته‌ی توركمان له‌ حكوومه‌تی داهاتووی عێراق ئاشکرا ده‌کات و داوای 3 پۆستی باڵا له‌ حکوومه‌تی عێراق ده‌کات.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، ئه‌رشه‌د ساڵحی له‌ لێدوانێكدا بۆ سایتی "به‌غداد الیوم" گوتی: "ئێمه‌ توانایێكی گه‌وره‌مان له‌ به‌ڕێوه‌بردنی هه‌ر پۆستێكی حكوومی هه‌یه‌، چ وه‌زاره‌تی سه‌رچاوه‌ ئاوییه‌كان بێت یاخود هه‌ر وه‌زاره‌تێكی دیكه‌."

ناوبراو ئاشكراشی كرد: "داوای پۆستی جێگری سه‌رۆک كۆمار و جێگری سه‌رۆک وه‌زیران بۆ كاروباری پێكهاته‌كان و وه‌زاره‌تی سه‌رچاوه‌ ئاوییه‌كانمان كردوووه‌ و ئه‌و 3 پۆسته‌‌ به‌ شایسته‌ی خۆمان ده‌زانین."

ئه‌رشه‌د ساڵحی جه‌ختی كرده‌وه‌: "ئه‌گه‌ر حكوومه‌ته‌كه‌ی عادل عه‌بدولمه‌هدی به‌رهه‌ڵستی ئه‌و داواكارییه‌ی ئێمه‌ی بكات ئه‌وا پێویسته‌ چه‌ند پۆستێک له‌ سه‌رۆكایه‌تیی كۆمار پێمان بده‌ن ئه‌گه‌رنا داوای زیاتر له‌ وه‌زاره‌تێک بۆ پێكهاته‌ی توركمان ده‌كه‌ین و له‌و داواكارییه‌ی خۆشمان پاشه‌گه‌ز نابینه‌وه‌."

ئه‌مه‌ش له ‌كاتێكدایه‌ له ‌كۆی 329 كورسی په‌رله‌مان له‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق، پێكهاته‌ی توركمان له‌ هه‌ڵبژاردنی ئه‌م خوله‌ی په‌رله‌ماندا ته‌نیا 3 كورسی له‌ شاری كه‌ركووک به‌ده‌ست هێناوه كه‌ یه‌كسانه‌ به‌ كۆی سه‌رجه‌م كورسییه‌كانی ئه‌و پێكهاته‌یه‌ له‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق.

سه‌رچاوه‌: K24

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 38785

Your Comment

You are replying to: .
captcha