كۆسره‌ت ڕه‌سووڵ: یه‌كێتی ئامانجی بوووه‌ كورد به‌ یه‌ک پاكێج بچێته‌ به‌غدا

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- جێگری سكرتێری گشتیی یه‌كێتیی نیشتمانیی کوردستان و باڵیۆزی ئوسترالیا له‌ عێراق کۆ بوویه‌وه‌ و له‌ کۆبوونه‌وه‌که‌دا کۆسره‌ت ڕه‌سووڵ ڕای‌گه‌یاند كه‌ هه‌ر له‌ سه‌ره‌تاوه‌ یه‌كێتی ئامانجی بوووه‌ لایه‌نه‌ كوردستانییه‌كان به یه‌ک پاكێج به‌شداری له‌ گفتوگۆكانی پێكهێنانی حكوومه‌تی عێراق بكه‌ن و هه‌وڵی به‌ده‌ستهێنانی مافه‌ نه‌ته‌وه‌یییه‌كانی كورد بده‌ن.

‎به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، ڕۆژی یه‌کشه‌ممه‌ 14ی تشرینی یه‌که‌می 2018 کۆسره‌ت ڕه‌سووڵ عه‌لی جێگری سكرتێری گشتیی یه‌کێتی له‌گه‌ڵ جۆن لۆندێز باڵیۆزی ئوسترالیا له ‌عێراق و مایک شرایف سكرتێری باڵیۆزخانه کۆ بوویه‌وه‌ که‌ له‌ کۆبوونه‌وه‌که‌دا جێگری سكرتێری گشتی سوپاسی ئوسترالیای كردوووه‌ كه‌ له‌ جه‌نگی دژ به ‌تیرۆرستان هاوكاری هێزی پێشمه‌رگه ‌و هێزه‌ عێراقییه‌كان بوون ‌و داوای كرد به‌رده‌وام بن له‌ هاوكاری كردنی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌.

ناوبراو ڕاشی‌گه‌یاند: له ‌ئێستاشدا به‌ هه‌مان شێوه‌ یه‌كده‌نگی و یه‌كگوتاری لایه‌نه‌ كوردستانییه‌كان به ‌بنه‌مایێكی به‌هێز ده‌زانین بۆ ده‌ستكه‌وتی گه‌وره‌تر بۆ گه‌له‌كه‌مان و چه‌سپاندنی مافه‌ چه‌سپێنراوه‌كانی ده‌ستوور و هه‌وڵی جدیش ده‌ده‌ین بۆ ئه‌م پرسه‌.‎

ته‌وه‌رێكی‌تری كۆبوونه‌وه‌كه‌ گفتوگۆكردن بوو له‌باره‌ی دۆخی عێراق و هه‌رێمی كوردستان و باڵیۆزی ئوسترالیا جه‌ختی له‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ به‌ لای ئه‌وانه‌وه‌ گرنگه‌ هه‌رێمی كوردستان و عێراق دۆخێكی ئارامیان هه‌بێ و ئه‌من و ئاسایش تێیدا به‌رقه‌رار بێ.

شایانی باسه‌؛ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان و پرسی پێكهێنانی حكوومه‌تی نوێی هه‌رێمی كوردستان دوو پرسی گرنگی دیداره‌كه‌ بوون و گفتوگۆی چڕوپڕیان له‌باره‌وه‌ كرا به ‌بێ‌ ئه‌وه‌ی ورده‌كارییه‌كه‌ی خرابێته‌ڕوو.

سه‌رچاوه‌: میدیاکانی هه‌رێمی کوردستان

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 38778

Your Comment

You are replying to: .
captcha