کوردپرێس:
بەپێی راگەیێندراوی سعوودیە، لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا شا سەلمان سوپاسی ئەردۆغانی کردووە، کە لەبارەی دۆسیەی رۆژنامەڤان جەمال خاشقچی پێشوازیی لە پێشنیازەکەی ریاز کردووە بۆ پێکهێنانی تیمی هاوبەش بۆ لێکۆڵینەوە لەو پرسە.
شای سعوودیە سووربوونی وڵاتەکەی ڕاگەیاندووە لەبارەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئەنقەرە "بەو ئاستەی تورکیا سوورە لەسەر ئەو پەیوەندییانە" و جەختی کردووەتەوە "کەس ناتوانێ پەیوەندیی پتەوی نێوانمان تێک بدات" .
لە راگەیێندراوەکەی سعوودیەدا هاتووە "رەجەب تەیب ئەردۆغان ستایشی پەیوەندیی برایانە و مێژووییی نایاب و پتەوی نێوان هەردوو وڵات و گەلی دۆستی کردەوە و سووربوونی لەسەر بەهێزکردن و پەرەپێدانیانی دووپات کردووەتەوە".
جەمال خاشقچی، رۆژنامەڤانی ناسراوی سعودی رۆژی 2ی ئەم مانگە سەردانی کۆنسوڵخانەی وڵاتەکەی لە ئیستەنبووڵ کرد، ئەوەش بەمەبەستی وەرگرتن و پەسندکردنی ژمارەیەک لە بەڵگەکانی تایبەت بە رەگەزنامە و ناسنامەی خۆی، بەڵام لەو رۆژەوە دیارنەماوە. زۆرینەی وڵاتان سعودیە بە کوشتنی خاشقچی تۆمەتبار دەکەن و ریازیش سەرجەم تۆمەتەکان رەتدەکاتەوە.
خاشقچی ماوەی ساڵێک بوو لە ئەمریکا نیشتەجێبوو، لە رۆژنامەی واشنتن پۆست وتاری دەنووسی. دوای دەستپێکردنی پرۆسەی دەستگیرکردنی بەشێک لە بازرگان و کەسە ناسراوەکانی سعودیە لە ساڵی رابردووەوە، خاشقی نەگەڕایەوە سعودیە و لە ئەمریکاوە رەخنەی لە سیاسەتی ریاز دەگرت، بەتایبەت لە محەممەد سەلمان، شازادەی جێنشین.
Your Comment