کورد دڵخۆش نه‌بێت به‌ دۆستایه‌تییه‌که‌ی له‌گه‌ڵ عه‌بدولمه‌هدی/ پارتی ناتوانێت به‌ بێ یه‌کێتی حکوومه‌ت پێکبهێنێت

به‌شی دیمانه‌/ عێراق و هه‌رێمی کوردستان- مه‌حموود عوسمان سیاسه‌توانی کوردی به‌رجه‌سته‌ی عێراق بڕوای وایه‌ کورد ده‌بێت پشت به‌ یه‌کگرتن و چاره‌کردنی ناکۆکیی نێو ماڵی خۆی ببه‌ستێت نه‌ک دڵخۆش بکات به‌ دۆستایه‌تی و پێوه‌ندیی کۆنی له‌گه‌ڵ سه‌رۆک وه‌زیرانی نوێی عێراق بۆ پێکهێنانی حکوومه‌تی نوێ و ده‌شڵێت: پارتی به‌ بێ یه‌کێتی ناتوانێت حکوومه‌ت پێکبهێنێت.

کوردپرێس: پاش ئه‌وه‌ی سێ سه‌رۆکایه‌تییه‌که‌ی عێراق هه‌ڵبژێردران پڕۆسه‌ی پێکهێنانی حکوومه‌تی نوێ له‌لایه‌ن سه‌رۆک وه‌زیرانی ڕاسپێردراوه‌وه‌ ده‌ستی پێکرد و ئه‌وه‌ش پڕۆسه‌ی سیاسیی عێراقی خسته‌ وه‌رزێکی نوێوه‌ هاوکات خولێکی نوێیش له‌ ناکۆکیی نێو ماڵی کورد سه‌ریهه‌ڵداوه‌ و ساحه‌ی سیاسیی هه‌رێمی کوردستان و پێوه‌ندیی نێوان دوو حیزبی ده‌سه‌ڵاتداری خستۆته‌ ژێر کاریگه‌ریی خۆیه‌وه‌ بۆیه‌ بێگومان ده‌بێت له‌سه‌ر پڕۆسه‌ی پێکهێنانی حکوومه‌تی نوێی کوردستان چاوه‌ڕوانی ململانێی نوێ بین.

ئاژانسی هه‌واڵی کوردپرێس سه‌باره‌ت به‌ دۆخی ناوچه‌که‌ و ئاینده‌ی کورد له‌ کوردستان و به‌غدا چه‌ند پرسیاری ئاراسته‌ی مه‌حموود عوسمان چاودێری سیاسی و سیاسه‌توانی به‌رجه‌سته‌ی کورد کردوووه‌.

ده‌قی دیمانه‌که‌ لێره‌ بخوێنه‌وه‌:

کوردپرێس: هه‌ڵبژاردنی به‌رهه‌م ساڵح وه‌کوو سه‌رۆک کۆماری عێراق چۆن ده‌بینن؟ ئایا ده‌توانێت له‌م چوار ساڵه‌دا وه‌کوو سه‌رده‌می تاڵه‌بانی ئه‌و پۆسته‌ کارا و کاریگه‌ر بکاته‌وه‌؟

مه‌حموود عوسمان: دۆسیه‌ی سه‌رۆک کۆمار له‌ عێراق پڕۆتۆکۆلی و ته‌شریفاتییه‌ به‌ڵام به‌وه‌شه‌وه‌ له‌ ده‌ستووردا هه‌ندێک ماف هه‌یه‌ بۆ سه‌رۆک کۆمار و ئه‌گه‌ر سه‌رۆک کۆمار توانای هه‌بێت و بیهه‌وێت ئه‌و مافانه‌ به‌کار بهێنێت ده‌توانێت ده‌وری خۆی هه‌بێت. به‌ گوێره‌ی ده‌ستووری عێراقی سه‌رۆک کۆمار و سه‌رۆکی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران به‌یه‌که‌وه‌ خاوه‌ن ده‌سه‌ڵاتی ته‌نفیزین بۆیه‌ سه‌رۆک کۆماریش ده‌وری خۆی هه‌یه‌. سه‌رۆک کۆمار ده‌ستوور ده‌پارێزێت و ده‌توانێت به‌ شێوازێک قاعیدی عامی قواتی عێراقی بێت به‌ڵام یه‌ک شت هه‌یه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ سه‌ر شه‌خسه‌که‌ که‌ ئایا ئه‌و شه‌خسه‌ ده‌توانێت پێداگری له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌تانه‌ بکات و ڕۆڵی خۆی هه‌بێت یان نا. بۆیه‌ دیار نییه‌ و ده‌بێت چاوه‌ڕوان بکه‌ین چوونکه‌ هێشتا زوووه‌ بڕیاری له‌سه‌ر بدرێت.

کوردپرێس: له‌ ڕووی که‌سایه‌تیی خۆیه‌وه‌ چۆنی ده‌بینن چوونکه‌ به‌ڕێزتان له‌ نزیکه‌وه‌ به‌رهه‌م ساڵح ده‌ناسن و ئاگاداری ململانێیه‌ سیاسییه‌کانن له‌ عێراق. به‌ ڕای ئێوه‌ دوکتۆر به‌رهه‌م ده‌توانێت ئه‌و ده‌وره‌ ببینێت؟

مه‌حموود عوسمان: به‌ قه‌ناعه‌تی من دوکتۆر به‌رهه‌م بێگومان توانای هه‌یه‌ چوونکه‌ له‌ به‌غدا و له‌ ده‌ره‌وه‌ و له‌ نێو هه‌رێمی کوردستان ئیشی کردوووه‌. زمانی عه‌ره‌بی و ئینگلیزی و کوردیی به‌ ته‌واوه‌تی ده‌زانێت و هه‌روه‌هاش دۆسته‌ له‌گه‌ڵ ئه‌و که‌سه‌ی ده‌بێت به‌ سه‌رۆک وه‌زیر واتا عادل عه‌بدولمه‌هدی بۆیه‌ سێ سه‌رۆکایه‌تییه‌که‌ هاوکاری یه‌ک ده‌بن به‌ڵام نازانم ئایا هه‌موو ئه‌و توانایانه‌ی خۆی به‌کار ده‌هێنێت بۆ ئه‌وه‌ی پێداگری له‌سه‌ر مافه‌کان بکات؟ یان خود تا چ ئاستێک پێداگری ده‌کات؟ دیاره‌ ده‌بێت حیسابی ئه‌وه‌شی بۆ بکرێت که‌ ناوبراو مورته‌بیته‌ به‌ حیزبێکه‌وه‌ واتا حیزب ئه‌وی کاندید کردوووه‌ بۆیه‌ به‌رهه‌م ساڵح له‌ سیاسه‌ته‌کانیدا ده‌بێت حیسابی یه‌کێتی بکات و هه‌روه‌ها حیسابی ده‌نگه‌کان و ئه‌و که‌سانه‌ش بکات که‌ ده‌نگیان پێداوه‌.

کوردپرێس: له‌م خوله‌دا پێچه‌وانه‌ی خوله‌کانی ڕابردوو ململانێیێکی سه‌خت له‌ نێوان پارتی و یه‌کێتیدا بوو بۆ وه‌رگرتنی ئه‌م پۆسته‌. سه‌باره‌ت به‌م بابه‌ته‌ پرسیارم ئه‌مه‌یه‌ پارتی بۆچی له‌م خوله‌دا ده‌یه‌ویست پۆستی سه‌رۆک کۆمار وه‌ربگرێت؟

مه‌حموود عوسمان: به‌ ڕای من ئه‌و پۆسته‌ به‌ گشتی گرینگ نییه‌. جگه‌ له‌وه‌ش بڕوام وابوووه‌ کورد به‌ دوای سه‌رۆک کۆماره‌وه‌ نه‌بێت چوونکه‌ "ناوی زل و دێ وێرانه‌" و حیسابت بۆ ده‌که‌ن که‌ له‌گه‌ڵ وڵاتانی ده‌ره‌وه‌ قسه‌ ده‌که‌یت و ده‌ڵێن ئێوه‌ چۆن شه‌ریک نیین که‌ پۆستی سه‌رۆک کۆمارتان وه‌رگرتوووه‌ بۆیه‌ کورد ئه‌گه‌ر پۆستی سه‌رۆکی په‌رله‌مانی هه‌ڵگرتایه‌ باشتر بوو به‌ڵام به‌ هه‌ر حاڵ ئه‌م جاره‌یان پارتی ده‌ڵێت بۆیه‌ ئێمه‌ کاندیدمان داناوه‌ چوونکه‌ یه‌کێتی دوکتۆر به‌رهه‌می کردوووه‌ به‌ کاندید بێ ئه‌وه‌ی به‌ ئێمه‌ بڵێت و له‌گه‌ڵ ئێمه‌ ڕاوێژ بکات تاوه‌کوو ئیتیفاق بکه‌ین له‌سه‌ر شه‌خسێک. له‌لایێکی دیکه‌وه‌ یه‌کێتییش پۆسته‌که‌ به‌ هی خۆی ئه‌زانێت و به‌و بۆنه‌یه‌شه‌وه‌ ناکۆکی له‌وباره‌یه‌وه‌ هه‌یه‌ چوونکه‌ کاتی خۆی ڕێککه‌وتنێک هه‌بوووه‌ که‌ مام جه‌لال سه‌رۆک کۆمار بێت و کاک مه‌سعوودیش سه‌رۆکی هه‌رێم بێت. ئێستا ئه‌و سه‌رۆکی هه‌رێمه‌ نه‌ماوه‌ ڕاسته‌ به‌ڵام وا که‌ یه‌کێتی ده‌ڵێت ده‌سه‌ڵاته‌کان دراوه‌ به‌ کاک نێچیرڤان که‌ ئه‌ویش هه‌ر پارتییه‌ له‌به‌ر ئه‌وه‌ش به‌ ڕای یه‌کێتی موعادله‌که‌ هه‌ر ماوه‌ به‌ڵام به‌ ڕای پارتی نه‌ماوه‌ جگه‌ له‌وه‌ش ئه‌م جاره‌ ئه‌مان کورسییان زیاتره‌ و ده‌ڵێن ده‌بێت ئه‌م جاره‌ پۆسته‌که‌ بۆ ئێمه‌ بێت له‌به‌ر ئه‌وه‌ش نه‌یانتوانیوه‌ له‌سه‌ر مه‌وزووعه‌که‌ ڕێک بکه‌ون.

کوردپرێس: ئه‌م ڕێکنه‌که‌وتنه‌ و هه‌ڵوێستی گه‌وره‌تری پارتی که‌ ڕای‌گه‌یاند به‌رهه‌م ساڵح وه‌کوو نوێنه‌ری کورد له‌و پۆسته‌دا نابینێت و ئه‌گه‌ری ئه‌وه‌ هه‌یه‌ که‌ له‌گه‌ڵی هه‌ماهه‌نگی نه‌که‌ن ئایا کاریگه‌ریی له‌سه‌ر ئه‌دای دوکتۆر به‌رهه‌م له‌ ماوه‌ی چوار ساڵی داهاتوودا به‌ تایبه‌ت هاوپه‌یوه‌ند به‌ کورده‌وه‌ ده‌بێت؟

مه‌حموود عوسمان: به‌ڵێ کاریگه‌ریی ده‌بێت و به‌ ڕای من حه‌قیش نییه‌ وه‌ها بێت. ڕای من ئه‌وه‌ بوو که‌ ئه‌گه‌ر شێوه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌که‌ش کێشه‌ی زۆری تێدا بوو به‌ڵام که‌ ده‌ریشچوو کاک مه‌سعوود ده‌یتوانی پیرۆزباییشی لێ بکات و ئه‌ویش هه‌میشه‌ کاک مه‌سعوودی به‌ برا گه‌وره‌ داناوه‌ و له‌ هیچ کاتێکدا دژی نه‌بوووه‌ به‌ڵام دیاره‌ کێشه‌ی‌تر هه‌بوووه‌ له‌ نێوانیاندا چوونکه‌ ئه‌وه‌ له‌ ڕواڵه‌تدا ڕووی دا و ئێمه‌ ئاگامان له‌ هیچ نییه‌ و ئه‌وه‌ی که‌ له‌ نێوان دوو حیزبه‌که‌دا چۆن ئیتیفاق کراوه‌ دیار نییه‌ بۆیه‌ وا ده‌رده‌که‌وێت ڕه‌نگه‌ هه‌ندێک ئه‌سراری نێوان پارتی و یه‌کێتی بووبێت به‌ڵام له‌ ئه‌نجامدا بیانهه‌وێت و نه‌یانهه‌وێت ده‌بێت هاوکار بن له‌ کوردستانیش و له‌ به‌غداش و که‌سیان ناتوانێت ئه‌وی‌تر نادیده‌ بگرێت چوونکه‌ له‌ ئه‌نجامدا ئه‌وانیش و کوردیش زه‌ره‌رمه‌ند ده‌بن.

کوردپرێس: ئاماژه‌تان به‌ سه‌رۆک وه‌زیرێتیی عادل عه‌بدولمه‌هدی دا. به‌ڕێزیان پێوه‌ندییێکی باش و دۆستانه‌یان له‌ ماوه‌ی ساڵانی ڕابردوودا له‌گه‌ڵ کورد هه‌بوووه‌. کورد چۆن ده‌توانێت سوود له‌و ده‌رفه‌ته‌ ببینێت بۆ چاره‌سه‌رکردنی کێشه‌کانی له‌گه‌ڵ به‌غدا و به‌ تایبه‌ت کێشه‌ سه‌ره‌کییه‌کان وه‌کوو ماده‌ی 140 و نه‌وت و غاز و پێشمه‌رگه‌ و مووچه‌ له‌ ماوه‌ی چوار ساڵی داهاتوودا؟

مه‌حموود عوسمان: قه‌ناعه‌تم وایه‌ ئه‌و پێوه‌ندییانه‌ی که‌ کورد هه‌یبوو به‌ تایبه‌ت پێوه‌ندییه‌ شه‌خسییه‌کان ڕه‌نگه‌ سوودی هه‌بێت به‌ڵام نابێته‌ ئه‌ساس بۆ چاره‌سه‌ری کێشه‌کان. عادل عه‌بدولمه‌هدی ئه‌و کاته‌ی وه‌زیری نه‌وت بوو هیچ کێشه‌یێکی کوردی حه‌ل نه‌کرد. بینیمان ئه‌وکاته‌ش وه‌زیری دارایی بوو هیچ کێشه‌یێکی کوردی حه‌ل نه‌کرد له‌به‌ر ئه‌وه‌ش ئه‌وه‌ شه‌رت نییه‌ بینای له‌سه‌ر بکرێت. مالیکییش ئه‌و ده‌مه‌ی دۆستی کورد بوو باره‌گاکه‌ی له‌ کوردستان بوو به‌ گشتی زۆر لایه‌نیان دۆست بوون به‌ڵام ئێستا بابه‌ته‌که‌ جیاوازه‌. ئاسایییه‌ به‌پێی سیاسه‌ت و کوتله‌که‌ی خۆیان و عادل عه‌بدولمه‌هدی به‌پێی ڕای شیعه‌کان کار ده‌کات و بڕوا ناکه‌م ئه‌و پێوه‌ندی و دۆستایه‌تییه‌ کۆنانه‌ زۆر گرینگ بن له‌ عه‌لاقاتی ئه‌مڕۆکه‌دا به‌ڵام ڕه‌نگه‌ ئه‌گه‌ر مام جه‌لال بوایه‌ ته‌ئسیری هه‌بوایه‌ چوونکه‌ پێوه‌ندیی له‌گه‌ڵ عه‌بدولمه‌هدی زۆر باش بوو.

کوردپرێس: به‌م واقیعه‌ی که‌ ئێستا ده‌یبینین کورد له‌م چوار ساڵه‌دا چی بکات که‌ به‌شێکی زۆری کێشه‌کانی له‌گه‌ڵ به‌غدا چاره‌سه‌ر ببێت؟

مه‌حموود عوسمان: کورد ده‌بێت یه‌کگرتوو بێت. نابێت هه‌ر حیزبێکی کوردی به‌ جیا بچێته‌ به‌غدا و قسه‌ له‌گه‌ڵ سه‌رۆک وه‌زیران بکات بۆ وه‌زاره‌ت و هه‌ندێک پۆستی ده‌ست بکه‌وێت. ده‌بێت به‌یه‌که‌وه‌ بن چوونکه‌ یه‌کێتی و پارتیش خۆیان ڕایان‌گه‌یاند که‌ له‌ به‌غدا به‌یه‌که‌وه‌ ئیش ئه‌که‌ن و 27 نوکته‌یان خستۆته‌ نێو پڕۆگرامی هه‌ردووکیان له‌به‌ر ئه‌وه‌ش ده‌بێت به‌یه‌که‌وه‌ هه‌وڵ بده‌ن و قسه‌ له‌گه‌ڵ عادل عه‌بدولمه‌هدی و لایه‌نه‌کانی‌تر بکه‌ن چوونکه‌ ته‌نها شه‌خسی عادل عه‌بدولمه‌هدی نییه‌ به‌ڵکوو حیزب و لایه‌نه‌کانی دیکه‌ش هه‌ریه‌که‌ و ده‌وری خۆیان هه‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ی زیاتر به‌شی خۆیان له‌ وه‌زاره‌تی سیادی و پۆسته‌ سه‌ره‌کییه‌کان ده‌ست که‌وێت و له‌ عه‌ینی وه‌قتیشدا قورساییی خۆیان بپارێزن و کێشه‌کانیان چاره‌سه‌ر بکه‌ن نابێت خه‌ریکی ململانێی حیزبی و دژایه‌تی کردنی یه‌کتر بن و له‌ مه‌سه‌له‌ی سه‌رۆک کۆمار و له‌ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی کوردستان ئه‌م به‌وی‌تر بڵێت ته‌زویری کردوووه‌ و قبووڵی ناکه‌م و کێشه‌ دروست ببێت چوونکه‌ به‌و ڕه‌وته‌وه‌ کورد لاواز ده‌بێت.

کوردپرێس: که‌وابوو پێشبینتان به‌م واقیعه‌ی ئێستاوه‌ ئه‌گه‌ر کورد به‌م ململانێیه‌وه‌ بچێته‌ حکوومه‌ته‌وه‌ لاوازتر ده‌بێت له‌ خوله‌کانی پێشووتر.

مه‌حموود عوسمان: نازانم لاوازتر ده‌بێت یان خێر به‌ڵام ئه‌گه‌ر به‌ په‌رته‌وازه‌یی بڕۆن به‌ڵێ لاوازتر ده‌بن.

کوردپرێس: ئاماژه‌تان به‌ هه‌ڵبژاردنه‌کانی په‌رله‌مانی کوردستان دا. به‌م ململانێیه‌ سیاسییه‌ی ئێستا که‌وتۆته‌ نێو پارتی و یه‌کێتی و پارتی ده‌ڵێت به‌ قه‌باره‌ی خودی یه‌کێتی له‌ ده‌سه‌ڵاتدا مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ ده‌کات پێکهێنانی حکوومه‌تی داهاتووی هه‌رێمی کوردستان چۆن ده‌بینن؟

مه‌حموود عوسمان: پێده‌چێت ئه‌م جاره‌یان پارتی وه‌کوو خۆی ده‌ڵێت له‌گه‌ڵ یه‌کێتی و هیچ لایه‌نێکی دیکه‌ وه‌کوو جاران مامه‌ڵه‌ نه‌که‌ن به‌ڵکوو به‌پێی کورسییه‌کان مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵ بکه‌ن. دیاره‌ ئه‌م جاره‌ پارتی کورسیی زۆری هێناوه‌ و یه‌کێتی و لایه‌نه‌کانی‌تر که‌متر بوون ئه‌گه‌رچی لایه‌نه‌کانی‌تر ده‌ڵێن ته‌زویر کراوه‌ و جنسییه‌ی عێراقی زۆر به‌ ته‌زویر دروست کراوه‌ و ده‌نگی پێدراوه‌. ئێستا حالییه‌ن کێشه‌یێکی نوێ له‌ نێوان حیزبه‌کان دروست بوووه‌. هه‌موان ده‌زانن هه‌ڵبژاردن له‌ کوردستانیش و عێراقیش قه‌ت سه‌رکه‌وتوو نه‌بوووه‌ له‌ ماوه‌ی 15 ساڵی ڕابردوودا چوونکه‌ له‌ژێر گوشاری چه‌کدایه‌. له‌ هه‌موو وڵاتی عێراق چه‌کداری ئه‌ساسه‌ و ئه‌وه‌ی هێزی چه‌کدار و پاره‌ی هه‌بێت باڵاده‌سته‌ بۆیه‌ له‌ وه‌زعێکی وه‌هادا هیچ هه‌ڵبژاردنێک دروست نابێت که‌ بێگه‌رد و بێ کێشه‌ بێت له‌به‌ر ئه‌وه‌ش هه‌ر جاره‌ و هه‌ڵبژاردن بکرێت ئه‌مه‌ حاڵی ئێمه‌یه‌ ئه‌وه‌ی ده‌رچێت قسه‌ ناکات و ئه‌وه‌ش بیدۆڕێنێت ده‌ڵێت ته‌زویر کراوه‌ و ئه‌و کۆمیسیۆنه‌ش هه‌ڵبژاردنه‌که‌ سه‌رپه‌ره‌شتیاری ده‌کات هه‌موو هی ئه‌و حیزبانه‌یه‌ له‌به‌ر ئه‌وه‌ش ئێستا له‌ کێشه‌دایه‌ و نازانین ئه‌نجامی کۆتایی چۆن ده‌بێت ئایا کۆمیسیۆن یان حیزبه‌کان ته‌ئیدی ده‌که‌ن یان خێر یه‌عنی هه‌ڵبژاردن له‌ هه‌موو عاله‌م بۆ حه‌ل کردنی کێشه‌یه‌ به‌ڵام لای ئێمه‌ هه‌ڵبژاردنه‌که‌ کێشه‌ی‌تر دروست ده‌کات.

کوردپرێس: به‌ سه‌رنجدان به‌وه‌ی که‌ پارتی 44 بۆ 45 کورسیی به‌ده‌ست هێناوه‌ تا چه‌ند ئه‌گه‌ری ئه‌وه‌ هه‌یه‌ پارتی به‌ بێ یه‌کێتی حکوومه‌ت پێکبهێنێت؟

مه‌حموود عوسمان: پارتی ناتوانێت بێ یه‌کێتی حکوومه‌ت پێکبهێنێت و ڕاستیش نییه‌ چوونکه‌ ئه‌وه‌ تایبه‌تی سندووقه‌ به‌ڵام له‌سه‌ر عه‌رز نیوه‌ی کوردستان به‌ ده‌ستی یه‌کێتییه‌وه‌یه بۆیه‌ ناتوانێت حکوومه‌تێک دروست بکات که‌ نیوه‌ی کوردستان بگرێته‌وه‌. مه‌وزووعه‌که‌ له‌سه‌ر عه‌رز شتێکه‌ و له‌ سندووقی هه‌ڵبژاردن شتێکی‌تره‌ بۆیه‌ پارتی ناتوانێت ئه‌و کاره‌ بکات و باشتریش وایه‌ نه‌یکات به‌ڵکوو باشتر وایه‌ هه‌موویان به‌یه‌که‌وه‌ حکوومه‌ت پێکبهێنن یان هه‌ندێکیان حکوومه‌ت پێکبهێنن و باقی له‌ ئۆپۆزیسیۆن بن ئه‌وه‌ به‌ قازانجی پڕۆسه‌ی سیاسی ده‌بێت.

دیمانه‌: حه‌سه‌ن ساڵحی

داگرتن و داڕشتنه‌وه‌: به‌شی کوردیی هه‌واڵده‌ریی کوردپرێس

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 38762

Your Comment

You are replying to: .
captcha