موقته‌دا سه‌در نامه‌یێک ئاڕاسته‌ی سوننه‌كانی عێراق ده‌كات

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- سه‌رۆكی ڕه‌وتی سه‌در نامه‌یێكی ئاڕاسته‌ی سوننه‌كانی عێراق كرد و داوای لێكردن واز له‌ پشكپشكێنه‌ و تایفه‌گه‌ری بهێنن و به‌رژه‌وه‌ندیی گشتیی وڵات بخه‌نه‌ پێش به‌رژه‌وه‌ندیی حیزبییه‌وه‌.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، ڕۆژی شه‌ممه‌ 13ی تشرینی یه‌که‌می 2018 موقته‌دا سه‌در له‌ توویتێكدا له‌ هه‌ژماری تایبه‌تی خۆی له‌ توویته‌ر نووسیویه‌تی: "ئه‌م نامه‌یه‌م بۆ سوننه‌كانی عێراق و سیاسییه‌كانیانه‌".

سه‌در له‌ نامه‌كه‌یدا ده‌ڵێت: "سوێندتان ده‌ده‌م به‌و به‌رخۆدانه‌ شه‌ریفانه‌ی به‌رامبه‌ر به‌ داگیركه‌ر كردمان، سوێندتان ده‌ده‌م به‌و نوێژه‌ی كه‌ پێكه‌وه‌ ده‌یكه‌ین، سوێندتان ده‌ده‌م به‌وه‌ی هه‌ر كه‌سێک سته‌مكاری له‌ ئێوه‌ بكات ده‌ریان ده‌كه‌م، سوێندتان ده‌ده‌م به‌و هه‌ڵوێسته‌مان كه‌ له‌ كاته‌ سه‌خته‌كاندا له‌گه‌ڵ ئێوه‌ بووین، سوێندتان ده‌ده‌م به‌و هه‌ڵوێسته‌ میانڕه‌وانه‌ی كه‌ له‌گه‌ڵتان بووین به‌تایبه‌ت له‌ مووسڵ و ئه‌نبار و شوێنه‌كانی دیكه‌، سوێندتان ده‌ده‌م به‌و خوێنه‌ی كه‌ له‌گه‌ڵ خوێنی ئێوه‌ ڕشتمان له‌ پارێزگا داگیركراوه‌كانی ئێوه‌ واز له‌ پشكپشكێنه‌ و دابه‌شبوون و تایفه‌گه‌ری بهێنن".

موقته‌دا سه‌در له ‌نامه‌كه‌یدا بۆ سوننه‌كان جه‌ختی كردوووه‌ته‌وه‌ كه‌ به‌رژه‌وه‌ندیی گشتی بخه‌نه‌ پێش به‌رژه‌وه‌ندیی حیزبی و "هه‌موو گه‌نده‌ڵكاران و تایفه‌گه‌ران دوور بخه‌نه‌وه‌ وه‌كوو ئه‌وه‌ی من دووریان ده‌خه‌مه‌وه‌".

سه‌در نووسیویه‌تی: "ئایا كاتی ئه‌وه‌ نه‌هاتوووه‌ كه‌سانی خاوه‌ن توانا و ته‌كنۆكرات هه‌ڵبژێرین بۆ ئه‌وه‌ی پێكه‌وه‌ به‌ ئارامی بژین، دوور له‌ شمشێری خیانه‌ت و رێككه‌وتنه‌كانی گه‌نده‌ڵی؟"

له‌ كۆتاییی نامه‌كه‌یدا سه‌د‌ر ده‌ڵێت: "با دوا به‌ڵێنی نێوانمان (سوننه‌ و شیعه‌ برایین، ئه‌م وڵاته‌ نافرۆشین) بێت".

سه‌رچاوه‌: خه‌ندان

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 38752

Your Comment

You are replying to: .
captcha