کوردپرێس:
لیوا قارەمان شێخ كەمال رایگەیاندووە، "ئێمە ئاگاداری جووڵەی تیرۆریستانی داعشین و بە وردی چاودێریی چالاكییەكانیان دەكەین، بەڵام نایشارینەوە چەكدارانی داعش سوودیان لەو سنوورانە بینیوە كە دەكەونە نێوان سەنگەرەكانی ھێزەكانی پێشمەرگە و ھێزە عێراقییەكان، بە ئاسانی داعش لەو نێوەندەدا ھاتوچۆ دەكات و چالاكییشیان ھەیە، بە داخەوە تا دێت چالاكیی گرووپی تیرۆریستیی داعش روو لە ھەڵكشانە".
جێگری سوپاسالاری وەزارەتی پێشمەرگە بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دەشڵێت، "چالاكیی تیرۆریستانی داعش لە ئێستادا بریتییە لە نانەوەی بۆمب و دانانی خاڵی وەھمی و ھەڵكوتانە سەر گوندنشینان، بە تایبەتی ئەوەی ئێمە مەبەستمانە و زیاتر چاودێری دەكەین، ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی حكوومەتی ھەرێمی كوردستانن".
رونیشی كردەوە، "تا ئەو ناوچانەی نێوانی پێشمەرگە و ھێزە عێراقییەكان بەو بۆشاییە بمێنێتەوە، رۆژ بە رۆژ رەوشی ئەمنیی ناوچە كوردستانییەكان بەرەو ئاڵۆزتر دەچێت، چونكە ھێزە عێراقییەكان توانای كۆنتڕۆڵكردنی سنوورەكەیان نییە و رێگریشن لە چوونی پێشمەرگە بۆ ئەو سنوورانە، پێمان وایە لە ئێستادا مەترسییێكی جیددیی داعش بۆ سەر ھەندێ ناوچەی كوردستانی ھەیە".
*لە ماڵپەڕی شارپرێس وەرگیراوە
Your Comment