پۆمپیۆ: واشنتن دەیەوێت کورد لە دانوستاندنەکانی داهاتووی سووریادا بەشدار بێت

بەشی جیهان- وەزیری دەرەوەی ئەمریکا دەڵێت، واشنتن هەوڵ دەدات کوردانی سووریا لە دانوستاندنەکانی تایبەت بە داهاتووی سووریادا بەشدارییان هەبێت.

کوردپرێس:

مایک پۆمپیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە "پەیمانگای جوو بۆ ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا" رایگەیاند، ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ لە نزیکەوە کاری لەگەڵ کوردەکانی سووریا کردووە و ئەوان هاوبەشێکی گرنگن.

وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە درێژەی قسەکانیدا گوتی، ئێستا واشنتن کار لەسەر ئەوە دەکات کوردەکان لە دانوستاندنەکانی داهاتووی تایبەت بە چارەنووسی سووریادا بەشدارییان هەبێت.

مایک پۆمپیۆ ئاماژەی بەوەشکرد، سوپای ئەمریکا لە سووریا دەمێنێتەوە تاوەکوو هەندێک ئامانجی سیاسی سەرەکی بەدەستدەهێندرێن.

وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لەو بارەوە گوتی "تێکشکاندنی داعش بە ئامانجی سەرەکی دەمێنێتەوە، بەڵام دوو ئامانجی دیکەش هەن، ئەوانیش چارەسەرێکی ئاشتی و سیاسیانەن بۆ قەیرانی سووریا و نەمانی هێزە ئێرانییەکان و هێزەکانی نزیک لە ئێران لە سووریادا".

لە ئەیلوولی 2014دا ئەمریکا لە رێگای بۆردوومانکردنی پێگەکانی داعشەوە لە کۆبانێ دەستی بە یارمەتیدانی کوردانی رۆژئاوای کوردستان کرد و ئێستاش نزیکەی دوو هەزار سەرباز و راوێژکاری سەربازی ئەمریکی لە سووریا و رۆژئاوای کوردستان هەن.

*لە تۆڕی میدیاییی ڕووداو وەرگیراوە

کۆدی هەواڵنێر: 60101

News Code 38703

Your Comment

You are replying to: .
captcha