مه‌حموود عوسمان: ئه‌رکی سه‌ره‌کیی عادل عه‌بدولمه‌هدی نه‌هێشتنی گه‌نده‌ڵییه‌ له‌ عێراق

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- مه‌حموود عوسمان سیاسه‌تمه‌داری كورد و په‌رله‌مانتاری پێشووی عێراق له‌باره‌ی حكوومه‌ته‌كه‌ی دكتۆر عادل عه‌بدولمه‌هدیه‌وه‌ ڕای‌گه‌یاند كه‌ ده‌بێ ئه‌ركی سه‌ره‌كی سنوورداركردن و نه‌هێشتنی گه‌نده‌ڵی بێت له‌ عێراق كه‌ زۆر فرا‌وان بوووه‌.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، ڕۆژی چوارشه‌ممه‌ 10ی تشرینی یه‌که‌می 2018 مه‌حموود عوسمان له‌ هه‌ژماری خۆیدا له‌ تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تیی "فه‌یسبووک" نووسیویه‌تی: پێویسته‌ دكتۆر عادل عه‌بدولمه‌هدی‌ له‌ پێکهێنانى حكوومه‌ته‌كه‌یدا ده‌رس له‌ ڕابردوو وه‌ربگرێ و تیمێکى هاوکار له‌گه‌ڵ یه‌کتری و خاوه‌ن ئه‌زموون دروست بکات، له‌مه‌ش گرنگتر ئه‌وه‌یه‌ که‌چى ئه‌نجام ده‌ده‌ن له‌ کاره‌ له‌پێشینه‌كاندا.

ناوبراو ئاماژه‌ی به‌ چوار خاڵ كردوووه‌ بۆ حكوومه‌تی نوێی عێراق و له‌ یه‌كه‌مدا نووسیویه‌تی "له‌ناوبردنى گه‌نده‌ڵى که‌ زۆر فراوان بوووه‌ و کارى خراپى له‌ هه‌موو ڕوویێکه‌وه‌ کردوووه‌ته‌ سه‌ر ده‌وڵه‌ت و هاووڵاتییان".

هه‌روه‌ها نووسیویه‌تی: "پێویست به دابین کردنى خزمه‌تگوزارى پێویست ده‌كات بۆ هاووڵاتییان، که‌ زۆر که‌مه‌، وه‌کوو له‌ به‌سره‌ و شوێنى‌تر بینیمان و بوووه‌ته‌ کێشه‌یێکى هه‌ره‌ گه‌وره‌ى هاووڵاتییان و ساڵ به ‌ساڵ خراپتر بوووه‌".

مه‌حموود عوسمان له‌ سێیه‌م خاڵدا نووسیویه‌تی كه‌ پێویست به ‌چاکسازى هه‌یه‌ له‌ ڕووه‌كانى ئیدارى و دارایى و ئاسایش و کۆمه‌ڵایه‌تى، هه‌روه‌ها ئه‌نجامدانى چاکسازى له‌ ده‌زگاى دادوه‌ری.

ئه‌و سیاسه‌توانه‌ کورده‌ له‌ خاڵی كۆتاییشدا ئاماژه‌ی به‌ پێویستی هه‌وڵدان بۆ پته‌وکردن و فراوان کردنى په‌یوه‌ندییه‌ نێوده‌وڵه‌تیه‌کانى عێراق و ڕاگرتنى باڵانس له‌ نێوان ئه‌مریکا و ئێران به‌ شێوه‌یێکى بابه‌تیانه‌ كردوووه‌.

مه‌حموود عوسمان وتیشى: "پێویسته‌ دكتۆر عادل عه‌بدولمه‌هدی هه‌وڵى جدى بدات بۆ چاره‌سه‌رى کێشه‌کان له‌گه‌ڵ هه‌رێمى کوردستان، هێزه‌ کوردستانییه‌کانیش ده‌بێت هاوڕا بن و پێداگیرى له‌م ڕووه‌وه‌ بكه‌ن."

سه‌رچاوه‌: Kurdistan TV

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 38690

Your Comment

You are replying to: .
captcha