داوا ده‌كرێت كشاناک ٢٣٠ ساڵ و تونجه‌ل ١٤٥ ساڵ زیندانی بكرێن

به‌شی تورکیا- له‌ ده‌یه‌مین دانیشتنی دادگه‌دا ده‌رباره‌ی دۆسیه‌ی هاوشاره‌وانی گه‌وره‌ی ئامه‌د و هاوسه‌رۆكی ده‌به‌په‌، دادگه‌ بڕیاری ئازادنه‌كردنی كشاناک و تونجه‌لی ده‌رکرد.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، ڕۆژی دووشه‌ممه‌ 8ی تشرینی یه‌که‌می 2018 ده‌یه‌مین دانیشتنی یه‌كه‌مین دادگه‌ی سزاقورسه‌كانی شاری مه‌ڵه‌تی ده‌رباره‌ی دۆسیه‌ی گوڵتان كشاناک هاوشاره‌وانی گه‌وره‌ی ئامه‌د و سه‌باحه‌ت تونجه‌ل هاوسه‌رۆكی پارتی هه‌رێمه‌ دیموكراتییه‌كان (ده‌به‌په‌) به‌ڕێوه‌ چوو.

له‌ دانیشتنه‌كه‌دا په‌رله‌مانتارانی پارتی دیموكراتی گه‌لان (هه‌ده‌په‌)، یاریده‌ده‌ری هاوسه‌رۆكی ده‌به‌په‌ و په‌رله‌مانتارێكی شاری زوریخی سویسرا ئاماده‌ بوون.

هه‌روه‌ها نوێنه‌رانی ناوه‌ندی گشتیی كۆمه‌ڵه‌ی مافه‌كانی مرۆڤی توركیا و لقی شاری ئامه‌د و مه‌ڵه‌تی هه‌مان ڕێكخراو ئاماده‌ بوون.

به‌ تۆمه‌تی «دامه‌زراندن و به‌ڕێوه‌بردنی ڕێكخستن»، «پڕوپاگه‌نده‌ كردن بۆ ڕێكخستن» و «سه‌ره‌ڕای هۆشداری پێدان، به‌شداری كردن له‌ كۆبوونه‌وه‌ و خۆپیشاندانه‌ نایاسایییه‌كان» داوای سزای ٢٣٠ ساڵ به‌ندكردن بۆ كشاناک و ١٤٥ ساڵ به‌ندكردن بۆ تونجه‌ل ده‌كرێت.

ده‌سته‌ی دادوه‌ران پاش ئه‌وه‌ی نیو كاتژمێر ناوبڕی دایه‌ دانیشتنه‌كه‌، داواكاریی پارێزه‌ران بۆ ئازادكردنی گوڵتان كشاناک و سه‌باحه‌ت تونجه‌لی ڕه‌ت كرده‌وه‌ و دانیشتنی دادگه‌شی ده‌رباره‌ی ئه‌و دۆسیه‌یه‌ بۆ ١٧ی كانوونی یه‌كه‌می ٢٠١٨ دواخست.

سه‌رچاوه‌: شارپرێس

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 38644

Your Comment

You are replying to: .
captcha