کوردپرێس:
دوکتور بەرهەم ئەحمەد ساڵح ساڵی 1960 لە شاری گوڵە نێرگز، شاری سلێمانی لە دایک بوو. لە هەڕەتی لاوێتیدا ڕووی کردە مەکتەبی مام جەلالی خوالێخۆشبوو و بەو هۆیەشەوە دوو جار دەستبەسەر کرا. بەرهەم ساڵح وێڕای خەباتی دژبە دیکتاتۆرییەت، زیرەکێکی تەواو بوو و پلەی باڵای زانستیی فراوانی لە عێراق مسۆگەر کرد و ساڵی 1987 بڕوانامەی دوکتۆریی لە بواری کۆمپیتەر و ئامار لە لیڤێرپوولی بەریتانیا وەرگرت. ساڵی 1992 پاش ئەوەی بوویە ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی یەکێتی یەکەم بەرپرسایەتیی حیزبیی پێ سپێردرا. بەرهەم ساڵحی خوێندەوار و گەنج، شان بە شانی پێشمەرگە ئازاکانی شاخ بەردەوام یار و یاوەری مام جەلال بوون بۆ بەڕێوەبەرایەتی و ئیدارەی مەدەنی. دوو خولی سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیرانی کوردستان و هەروەهاش سەرۆکایەتیی وەزارەتی پلاندانانی کردووە. بەرهەم ساڵح بە مەبەستی پێشخستنی پلەی زانستیی کوردستان لە توانای زانکۆ ئەمریکییەکان سوودی وەرگرت و پاش ئەوەی زانکۆی ئەمریکیی دامەزراند بوویە یەکێک لە ئەندامانی دەستەی دامەزرێنەری ئەو زانکۆیە و وەکوو مامۆستای زانکۆ دەستی بە وانە وتنەوە کرد.
ڕاجیاوازی و تێڕوانینی جیاوازی حیزبی وای کرد ئەیلوولی 2017 لە یەکێتی کشایەوە و خۆی هەستا بە دامەزراندنی قەبارەیێکی نوێ بە ناوی هاوپەیمانی بۆ دیموکراسی و دادپەروەری. بەرهەم ساڵح هەر لە سەرەتاوە وەکوو کەسایەتییێکی میانەڕەوی سیاسی دەرکەوتووە، هەر بۆیەش زۆرینەی لایەنە سیاسییەکان لە عێراق و ناوچەکە و جیهانیش وەکوو کەسایەتییێکی دیپڵۆماتیک و خاوەن پێوەندی دەیناسن. بەرهەم ساڵح سیاسەتوانێکی تیکنۆکرات و پۆلۆرالیستە و پێوەندیی فراوانی لەگەڵ جیهان هەیە. میدیای "خەندان" (دەزگای ڕاگەیاندنی دوکتور بەرهەم) لە سیما خەندانەکەی خۆی وەرگیراوە کە یەکێکە لە مەقبووڵترین میدیاکانی عێراق. ناوبراو یەکێکە لە پێشەنگانی ڕیفۆرمخوازی و چاکسازیی سیاسی و ئابووری لە عێراق و جێگە پەنجەی ئەو ڕیفۆرمخوازییەی دوکتور بەرهەم لەو دوو خولەدا کە سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بوو سەرەڕای ئەوەی دوو ئیدارەیی خۆی دەنواند ئێستاش بە کوردستانەوە دیارە. بیرۆکەی سیاسیی بەرهەم ساڵح لە نێو دڵی یەکێتییەوە هەڵدەقوڵێت بەڵام بە ئاشکرا خەیاڵی لای هەموو ناوچەکانی هەرێمە. میانەڕەوی و خۆشەویستیی نیشتمان و ڕۆحی سەروو حیزبیی سەرۆککۆماری نوێی عێراق وای کردووە ببێتە کەسایەتییێکی هەڵکەوتوو و تایبەت. ئەگەرچی لە هەرێمی کوردستان ئاوڕی کەمتر لەو کەسایەتییە دراوەتەوە بەڵام ڕێژەی فراوانی ئەو دەنگانەی لە پەڕلەمانی عێراق بە دوکتور بەرهەم درا ئەگەر لەگەڵ ڕێژەی دەنگی ڕکابەرەکەی هەڵی سەنگێنین دەریدەخات کە ناوبراو لە نێوان نوێنەرانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقدا کەسایەتییێکی مەقبووڵ و جێی متمانەیە.
ڕێژەی فراوانی ئەو دەنگانەی لە پەرلەمانی عێراق بە دوکتور بەرهەم درا هەڵگری چەند پەیامی گەورەیە. یەکەم ئەوەی عێراقی نوێ، درێژەپێدانی ڕێبازەکەی مام جەلالی وەکوو ڕێبازی شایستە و گونجاو بۆ یەکڕێزی و یەکپارچەییی عێراق قبووڵ کردووە و دووهەم ئەوەی بەرهەم ساڵح ژمارەیێکی پێوانەییی نوێی مەقبووڵییەت و مەشرووعییەتی لە ساحەی سیاسیی عێراقدا تۆمار کردووە کە بەو ئاسانییە بە کەس ناگۆڕدرێت و دەبێتە سەرمەشق بۆ پێشکەوتنی سیاسی لە نێوان بەرەی داهاتووی کوردی عێراق.
پەیامێکی دیکەی ئەو هەڵبژاردنە ئەوەیە کە چیتر مامەڵەی نەریتی لەبارەی مەسەلەی قەومییەوە لە عێراق کۆتاییی پێهاتووە و بێگومان ستراتێژییەتی بەرهەم ساڵحی نوێخواز لە کۆمەڵگای عێراقی پەرە بەو ستراتێژییەتە دەدات. بەگشتی هەڵبژێردرانی بەرهەم ساڵح وەکوو سەرکۆماری نوێی عێراق دەروازەیێکی نوێ بەرەو پێشکەوتنی هەمەلایەنە و بەهێزکردنی پێگەی کورد لە عێراق دەکاتەوە.
بەرهەم ساڵح درێژەدەری هەمان ڕێباز و ڕێچکەی مام جەلالی خوالێخۆشبووە هەڵبەت دەبێت پێشینەی خەباتی شاخی لێ دەرکەین. بەرهەم ساڵح لە مەکتەبی خەباتی مامۆستاکەی خۆیەوە وانەی تەعامول و سازانی بەباشی وەرگرتووە و بەڕاستی دەتوانین بڵێین قوتابیی پلە یەکی مەکتەبی مام جەلالی خوالێخۆشبووە و عێراقی پاش داعش کە چیتر ماندووە و لە ململانێی تایفی و قەومی و ماڵوێرانیی بیرتەسکی و توندڕەوی وەڕەز بووە پێویتسی بە کەسایەتییێکی لەو چەشنە هەیە کە بە درێژەپێدانی ڕێچکەی مامۆستاکەی خۆی درێژە بە ڕێبازی چاکسازی و ئاسایش و ئاشتەوایی لە نێوخۆ و ناوچەکەش بدات و یادی مام جەلال لە بیرەوەرییەکاندا بەزیندوویی بهێڵێتەوە.
Your Comment