کوردپرێس:
شەوی ڕابردوو بۆ یەکەم جار سەرکۆماری عێراق بە دەنگی ڕاستەوخۆی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەو وڵاتە هەڵبژێردرا. ئەوەش لە کاتێکدایە خولەکانی پێشووتر کاندیدێکی هاوبەش لەلایەن پارتی و یەکێتییەوە دیاری دەکرا و دەنێردرایە پەڕلەمان بۆ ئەوەی دەنگی متمانەی پێ بدرێت.
بۆ یەکەم جار ئەمساڵ دوو حیزبی دەسەڵاتداری هەرێمی کوردستان نەیانتوانی لە سەر کەسایەتییێکی هاوبەش کۆدەنگ بن و هەر یەکەو کاندیدێکی سەربەخۆیان ناردە بەغدا. بەرهەم ساڵح وەکوو نوێنەری یەکێتی و فواد حسێن وەکوو نوێنەری پارتی بۆ ئەو پۆستە کاندید کران و لە ئەنجامی خولی دووهەمی دەنگدانی پەڕلەماندا ئەگەرچی فواد حسێن کشایەوە بەڵام داوای کشانەوەکەی لەلایەن سەرۆکی پەڕلەمانەوە ڕەت کرایەوە و لە ئەنجامدا بەرهەم ساڵح بە زۆرینەی دەنگی پەڕلەمانتاران وەکوو سێهەم سەرۆککۆماری کوردی عێراق هەڵبژێردرا.
ڕناد مەنسوور چاودێری سیاسی لە پەیمانگای چەتم هاوس لە بارەی هەڵبژرادنی پەڕلەمان بۆ دیاریکردنی پۆستی سەرۆککۆمار و ئەو جیاوازییەی لەگەڵ خولەکانی پێشووتر هەیبوو بە ڕۆیتەرزی وت: ئەگەرچی سەرکردەی بلۆکە سیاسییەکان هەوڵیان دا بە ڕێککەوتن مەسەلەی سەرۆککۆمار یەکلا بکەنەوە بەڵام نەیانتوانی و نوێنەرانی پەڕلەمان ئەو مەسەلەیەیان تەواو کرد.
ناوبراو ئەوەشی زیاد کرد کە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەنگی متمانەی بەو کاندیدە دا کە پێیان وایە زیاترین دەوری ئیجابی دەبینێت لە یەکڕیزی و یەکپارچەییی عێراق.
Your Comment