کوردپرێس:
سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە، پاشنیوەڕۆى ئەمڕۆ پێنجشەممە نێچیرڤان بارزانى، سەرۆکى هەرێمى کوردستان، پێشوازى لە ئاتیلا تۆس کونسوڵى گشتیى هەنگاریا لە هەرێمى کوردستان کرد، نێچیرڤان بارزانى، وێڕاى پیرۆزبایى و هیواى سەرکەوتن و پشتگیریى بۆ کونسوڵى هەنگاریا، سوپاس و پێزانینى بۆ هەنگاریا دەربڕى بۆ پشتگیریکردنى لە هەرێمى کوردستان و عێراق لە چوارچێوەى هاوپەیمانیى نێودەوڵەتیى دژى داعشدا، هەروەها بۆ هاوکاریی مرۆیى کە پێشکەش بە ئاوارە و پەناپەرانیان کردوە، خواستى هەرێمى کوردستانیشى بۆ برەودان بە پەیوەندییەکان دوپاتکردەوە.
ئاماژە بەوەش کراوە کونسوڵى گشتیى هەنگاریا خۆشحاڵیى خۆى بە دەستبەکاربونى نیشاندا و جەختى لەوەکردەوە، کە وڵاتەکەى پابەندە بە برەودان بە پەیوەندییەکانى لەگەڵ هەرێمى کوردستان بەتایبەتى لە بوارى ئابوریدا، بۆ ئەم مەبەستەش بە دواى دەرفەتى زیاترى هاریکارى و هاوبەشیدا دەگەڕێن.
لە راگەیەندراوەکەدا ئەوەش هاتوە، "هەڵبژاردنەکانى عێراق، پێشبینییەکان بۆ داهاتوى پرۆسەى سیاسى و دامەزراندنى حکوومەتى عیراق و شەڕى دژى تیرۆر، تەوەرێکى دیکەى دیدارەکە بون".
Your Comment