کوردپرێس:
ڕاستە پرسیار کردن و لێپێچینەوە لە وەزیرەکانی دەوڵەت ئەرکێکی نوێنەرانی پەڕلەمانە کە دەبێت ڕایپەڕێنن بەڵام پرسیار کردن و لێپێچینەوە لەم دوو دەوڵەتەی ڕابردوودا ژمارەیێکی پێوانەییی نوێی تۆمار کردووە. دیارە گومانی تێدا نەماوە کە دەوڵەت لە کەرتی ئابووری و داراییدا نەیتوانیوە بەباشی ئیدارەی کۆمەڵگا بەڕێوە بەرێت دیسان ئەوەش گومانی تێدا نییە کە پەڕلەمان دەبێت لە چوارچێوەی ئەرکەکانی خۆیدا بەرانبەر بە داواکارییەکانی کۆمەڵگا بەرپرسیار بێت بەڵام پڕۆسەی لێپێچینەوە شێوزێکی تایبەتی بە خۆوە بینیوە و بەتایبەتی لۆبیگەری و دەڵاڵیی قورس و گەورە و هەندێک جاریش گومانلێکراو بۆ مانەوەی ژمارەیێک لە وەزیرەکان کۆمەڵێک گومان دەخولقێنێت کە سیمای پەڕلەمان دەکاتە مەکۆیێک بۆ موناقەشە و ناکۆکیی حیزبی و بەو بەنەیەشەوە ژمارەی دەنگی بەڵێ و نەخێر بۆ لێپێچینەوە خوار و ژووری زۆر دەکات.
بەگشتی ئەوەی دەبێتە هۆی ئەوەی وەزیرێک لێپرسینەوەی لێبکرێت یان ئیهمال کردنی ئەرکەکانیەتی یان ناکارمە بوون و کەمتەرخەمیی وەزیرە یان قەناعەت نەهێنانی پەڕلەمانتاران بەو وەڵامانەی وەزیر دەیداتەوە. لەم نێوانەدا ئەو وەزیرانەی ئەگەری ئەوەیان هەیە لێپرسینەویان لێبکرێت هەموو توانا و دەسەڵاتی حیزبی و سیاسیی خۆیان بەکار دەهێنن بۆ ئەوەی پرسیارکردن و لێپرسینەوەی خۆیان لە پەڕلەمان دوا بخەن یان بەتەواوەتی هەڵیبوەشێننەوە و نموونەکەشی لە ژمارەی دەنگی بەڵێ و نەخێری پڕۆەی پرسیارکردن لە وەزیرەکان ئاشکرا دەبێت کە بە دەقە و چرکە دەگۆڕدرێت ئەوەش شتێکی ئاسایی نییە و ئەو یارییە ژێربەژێرە سیاسییانە لە دۆخە چەقبەستووە قەیراناوییەدا هەرگیز قەناعەت بە ڕای گشتی لە کۆمەڵگا ناهێنێت. ئەو وەزیرانەی دەکەونە سەروبەندی لێپرسینەوە و لەکارلادان کۆمەڵێک قسە و باس بڵاو دەکەنەوە کە دەلالەتە لە سەر موناقەشە و ململانێی ژێربەژێری سیاسی لە دەسەڵات لە دەرەوەی پەڕلەمان.
ئێستاش یەک لەو وەزیرانەی بڕیارە لێپرسینەوەی لەگەڵ بکرێت وەزیری ڕێگاوبان و شارسازییە کە لە هەمان سەرەتای دەستبەکاربوونیەوە کۆمەڵێک دەنگۆ و موناقەشەی لەسەر بوو و ساڵی ڕابردووش پاش لێپرسینەوەیێکی جدی بەدەنگێکی لاواز دەرباز بوو بەڵام ئێستا دیسانەوە کۆمەڵێک لە نوێنەرانی پەڕلەمان بڕوایان وایە کە ئەو وەزیرە ناکارامەیە بۆ دیسان دەیانەوێت بیهێننەوە پەڕلەمان و لێپرسینەوەی لەگەڵ بکەن بەڵام ئەو وەزیرە حەفتەی ڕابردوو بە بیانووی ئەوەوە کە نەشتەرگەریی بۆ دەکرێت نەهاتە کۆبوونەوەی کوتلەی پێوەندیداری پەڕلەمان و لە ماوەی ئەو یەک حەفتەیەدا ئەوەی لە دەستی هات کردی بۆ ئەوەی پڕۆژەی لێپرسینەوەکەی خۆی سڕ بکات یان دوای بخات یان بە تەواوەتی هەپیبوەشێنێتەوە. بە وتەی ژمارەیێک لە پەڕلەمانتاران نێوەندگیر و دەڵاڵی سیاسی و حیزبی هەموو هەوڵی خۆیان داوەبۆ ئەوەی نەخۆشین و نەشتەرگەرییەکەی وەزیر بکەنە دارەدەست بۆ دەربازبوونی لە لێپرسینەوە.
ئەگەرچی عەباس ئاخووندی بەحوکمی پۆستە وەزارییەکە و پێگە حیزبییەکەشی دەسەڵاتی زۆری پێدراوە بۆ ئەوەی خۆی دەرباز بکات بەڵام ئێستاش دەنگۆ زۆرن لە سەر دەربازبوونی لە لێپرسینەوەکەی ساڵی 96 کە بە لۆبیگەری دەرباز بوو.
لەم نێوانەشدا ئەوەی گرینگە ژمارەی ئیمزا و دەنگەکان بۆ لێپرسینەوەی دووهەم لەو وەزیرە کە چەند نوێنەرێکی ناوچە کوردستانییەکانیش خۆیانلەو ململانێیەوە گلاندووە و ڕەفتاری ئەو نوێنەرانەش جێی تێڕامانە. ئەگەرچی دەبینین هەمووان کۆدەنگن لە سەر ناکارامەبوونی ئەو وەزیرە بەڵام دیار نییە چەند نوێنەرێکی ناوچە کوردنشینەکان بە چ ئامانج و مەبەستێک بەرگری لەو وەزیرە دەەکەن و چوونەتە بازنەی لۆبیگەری بۆ ئەووەزیرە ناکارامەیە؟
کۆدی هەواڵنێر: 60101
Your Comment