یەکێتی سازش له‌سه‌ر پۆستی سه‌رۆکی کۆمار و پارێزگاری که‌رکووک ناکات

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- فەرید ئەسەسەرد لە سەرکردەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، وێڕای ئاماژە بە وردەکاریی ڕاسپاردەکانیی نێردەی تایبەتی سەرۆک کۆماری ئەمریکا بۆ سەرکردەکانی یەکێتی لە مەسەلەی هەڵبژاردنی بەربژێرانی پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق، وتیشی یەکێتی بە هیچ شێوەیێک سازش لەسەر پۆستی سەرۆک کۆمار و پارێزگاری کەرکووک ناکات.

کوردپرێس: پاش کۆتایی هاتنی پرسی ساختەکاری لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە هەرێمی کوردستان و پشت ڕاست کردنەوەی ئەنجامەکان لە لایەن دادگای فیدراڵی عێراق و هاوکات زیاد بوونی هیوای کوردەکان بۆ گەیشتن بە ڕێکەوتنێکی هەموولایەنە لە نێوان حیزبە کوردستانییەکاندا بۆ داخڵ بوون بە پرسی گفتوگۆی پێکهێنانی دەوڵەتی نوێ لە بەغدا و پێکهێنانی فراکسیۆنی کوردستانی لە پەرلەمانی عێراق، مەسەلەی دیاری کردنی کاندیدی پۆستی سەرۆک کۆمار کە لە سیستەمی حکوومیی عێراقدا پشکی کوردەکانە جارێکی دیکە ناکۆکیی ناو ماڵی کوردی ئاشکرا کرد و تەنانەت دوو حیزبی دەسەڵاتداری هەرێمی گرتەوە، بە چەشنێک کە بۆ یەکەمجار پارتی کاندیدی خۆی بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار دیاری کردووە و نێچیرڤان بارزانی بۆ سەلماندنی کاندیدی پارتەکەی سەردانی بەغدای کرد و لەگەڵ سەرکردە عێراقییەکاندا کۆ بوویەوە.

کوردپرێس لە دیمانەیێکی تایبەتدا لەگەڵ فەرید ئەسەسەرد لە سەرکردەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان پرسی دیاری کردنی کاندیدی سەرۆک کۆماری عێراقی لە لایەن ئەو حیزبەوە و جووڵەکانی پارتی بۆ بەدەستەوە گرتنی پۆستەکە تاوتوێ دەکات، کە لە درێژەدا دەقی دیمانەکە هاتووە:

کوردپرێس: بۆچوونی جه‌نابتان له‌سه‌ر سه‌فه‌ری نێچیرڤان بارزانی بۆ به‌غدا و گفتوگۆی تاکلایه‌نه‌ له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ عێراقییه‌کان چییه‌؟ پێتان وایه‌ بۆچی پارتی بڕیارێکی وای داوه‌؟

فه‌رید ئه‌سه‌سه‌رد: به‌پێی ڕێککه‌وتنه‌کانی پێشوو ده‌بوایه‌ شاند بچێت بۆ به‌غدا. شاندێک که‌ نوێنه‌رایه‌تی هه‌ر دوو لایه‌ن بکات و ئومێدمان هه‌بوو که‌ ئه‌و شانده‌ ته‌نها شاندی یه‌کێتی و پارتی نه‌بێت به‌ڵکوو شاندی هه‌موو لایه‌نه‌ کوردییه‌کان بێت به‌ڵام ئێستا ئه‌بینین به‌ بێ هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ یه‌کێتی ئه‌چن بۆ به‌غدا و گفتوگۆش ده‌که‌ن. پێموایه‌ ئه‌مه‌ هه‌ماهه‌نگی تێک ده‌دات که‌ نه‌تواندرێت به‌ یه‌ک تیم له‌ به‌غدا کار بکرێت و به‌ دڵنیاییه‌وه‌ ڕه‌نگدانه‌وه‌یێکی خراپی به‌دواوه‌ ده‌بێت.

کوردپرێس: پارتی گله‌یی ئه‌وه‌ ده‌کات که‌ به‌ بێ هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ ئه‌وان یه‌کێتی به‌رهه‌م ساڵحی وه‌کوو به‌ربژێر هه‌ڵبژاردوووه‌.

فه‌رید ئه‌سه‌سه‌رد: ئه‌وان ده‌ستیان پێکرد. ئه‌وان مه‌لا به‌شیریان له‌ به‌غدا کاندید کرد به‌ بێ ئه‌وه‌ی ئێمه‌ ئاگادار بین و ئێمه‌یش له‌ میدیاکاندا زانیمان که‌ ئه‌وه‌ به‌نیازی خۆکاندید کردنه‌. ته‌نانه‌ت ئه‌و کاته‌ش به‌ ئه‌ندامانی خۆمان گوت ده‌نگی پێبده‌ن هه‌رچه‌ند که‌ ئاگاداریان نه‌کردووین و پرسیشیان پێ نه‌کردین. ئه‌بوایه‌ له‌ هه‌نگاوی یه‌که‌مدا هه‌ماهه‌نگی ده‌ست پێبکات. ئه‌وان له‌ ڕێگا لایان دا و کاندیدێکیان به‌ بێ ئاگاداریی ئێمه‌ کاندید کرد و ده‌نگیشیان بۆ کۆ کرده‌وه‌ هه‌م له‌گه‌ڵ سوننه‌کان کاریان کرد هه‌م له‌گه‌ڵ شیعه‌کاندا له‌ کۆتاییدا خه‌ریک بوو هه‌ر ده‌رنه‌چێت.

کوردپرێس: پارتی به‌ شێوه‌یێکی گشتی بایکۆتی له‌سه‌ر دوکتۆر به‌رهه‌م هه‌یه‌ و پێشتریش ئه‌مه‌ی به‌ یه‌کێتی ڕاگه‌یاندوووه‌ ئایا گفتوگۆ له‌ نێوان دوو لایه‌ن له‌سه‌ر به‌ربژێری سه‌رکۆماری به‌تایبه‌ت له‌سه‌ر دوکتۆر به‌رهه‌م بوووه‌ یان په‌یامێکی وا دراوه‌ به‌ یه‌کێتی؟

فه‌رید ئه‌سه‌سه‌رد: ڕه‌نگه‌ ساڵێک ده‌بێت که‌ من به‌شدار ده‌بم له‌و کۆبوونه‌وانه‌ به‌ هیچ شێوه‌یێک نه‌ باسی پۆستی سه‌رۆک کۆماریان کردوووه‌ نه‌ باسی ئه‌وه‌یان کردوووه‌ که‌ ئه‌وان کاندیدیان هه‌بێت و هه‌روه‌ها باسی ئه‌وه‌یان نه‌کردوووه‌ که‌ یه‌کێتی چ که‌سێک کاندید ده‌کات. ئێمه‌ زۆرمان پێ سه‌یر بوو که‌ ئه‌وان له‌ کاتێکی زۆر گرنگدا باسی ئه‌م مه‌سه‌له‌یان کرد. ئێمه‌ لای خۆشمان ئه‌و مه‌سه‌له‌مان تاوتوێ کردبوو له‌به‌ر ئه‌وه‌ چه‌ند جارێک له‌ میدیاکاندا باسی ئه‌وه‌مان کرد که‌ ئێمه‌ خه‌ریکین کاندید دیاری ده‌که‌ین بۆ پۆستی سه‌رۆکی کۆمار ئه‌وان هیچ کاردانه‌وه‌یێکیان نه‌بوو. پاش ئه‌و لێدوانانه‌ کۆبوونه‌وه‌ش ئه‌نجام درا به‌ڵام باسی هیچ شتێکیان نه‌کرد له‌به‌ر ئه‌وه‌ کاتێک که‌ کاک سه‌عدی باسی کرد ئێمه‌ زۆر سه‌یر بوو به‌لامانه‌وه‌ کاتێک که‌ ئه‌وان ئه‌م مه‌سه‌له‌یان ورووژاند و باسی ئه‌وه‌یان کرد که‌ ئه‌وان کاندیدیان هه‌یه‌.

کوردپرێس: ئه‌گه‌ر بینه‌ سه‌ر بابه‌تی به‌ربژێر کردنی دوکتۆر به‌رهه‌م و گه‌ڕانه‌وه‌ی بۆ ناو یه‌کێتی سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی که‌ یه‌کێتی چه‌ند بژێرێکی دیکه‌ی بوو بۆچی دوکتۆر به‌رهه‌م به‌ربژێر کرا له‌ لای یه‌کێتییه‌وه‌؟

فه‌رید ئه‌سه‌سه‌رد: ئێمه‌ تا ئه‌و کۆبوونه‌وه‌ی که‌ دوکتۆر به‌رهه‌می تێیدا هه‌ڵبژێردرا هیچ باسێکمان له‌سه‌ر ئه‌و مه‌سه‌له‌یه‌ به‌ شێوه‌ی فه‌رمی نه‌ له‌ کۆبوونه‌وه‌ی مه‌کته‌بی سیاسی نه‌ له‌ کۆبوونه‌وه‌ی سه‌رکردایه‌تی نه‌کردبوو. ئه‌مه‌ یه‌که‌م کۆبوونه‌وه‌ بوو که‌ به‌ شێوه‌یێکی جیدی باس له‌سه‌ر ئه‌و مه‌سه‌له‌یه‌ کرا له‌به‌ر ئه‌وه‌ پێم وایه‌ له‌و کۆبوونه‌وه‌یه‌دا باس له‌وه‌ش کرا که‌ کاندیدێک هه‌یه‌ به‌ڵام کاندیده‌کان خۆیان کاندید کردبوو به‌ڵام له‌ هه‌مان کاتیشدا سیفه‌تی فه‌رمی بوونیان یه‌کی نه‌گرتبوو. ده‌بوایه‌ ئه‌م مه‌سه‌له‌یه‌ له‌ کۆبوونه‌وه‌ی مه‌کته‌بی سیاسی یان له‌ کۆبوونه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی سه‌رکردایه‌تی یه‌کلایی بکرێته‌وه‌ که‌ مه‌سه‌له‌کان هاتنه‌ سه‌ر کۆبوونه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی سه‌رکردایه‌تی و هه‌موو کاندیده‌کان دیاری کران ئه‌وانه‌ی که‌ ده‌زانین خۆیان نیازی خۆکاندید کردنیان هه‌یه‌ له‌گه‌ڵ دوکتۆر به‌رهه‌م خرانه‌ هه‌ڵبژاردنه‌وه‌. ئه‌وه‌ی که‌ زۆرترین ده‌نگی هێنا به‌ڕێز دوکتۆر به‌رهه‌م بوو.

کوردپرێس: پێشتر باس له‌وه‌ ده‌کرا که‌ هه‌ندێک لایه‌نی عێراقی و لایه‌نی بیانی به‌تایبه‌ت ئه‌مریکا سه‌رنجیان له‌سه‌ر دوکتۆر به‌رهه‌مه‌. پێش کۆبوونه‌وه‌که‌ی سه‌رکردایه‌تیی یه‌کێتییش مه‌کگۆرک چه‌ند دیدارێکی له‌ سلێمانی هه‌بوو. ئایا ده‌ستی ده‌ره‌کی له‌ هه‌ڵبژاردنه‌وه‌ یان گه‌ڕانه‌وه‌ی دوکتۆر به‌رهه‌م بۆ ڕیزه‌کانی یه‌کێتی و هه‌روه‌ها به‌ربژێر کردنی بۆ سه‌رکۆماری له‌ئارادا بوووه‌؟

فه‌رید ئه‌سه‌سه‌رد: نه‌ پێم وانییه‌ ڕۆڵێکی زۆر گه‌وره‌ی هه‌بووبێت به‌ڵام برێت مه‌کگۆرک له‌ دیداره‌کانی له‌گه‌ڵ ئه‌ندامانی سه‌رکردایه‌تیی یه‌کێتی بۆچوونه‌کانی له‌مباره‌یه‌وه‌ باس کرد به‌ڵام وته‌کانی زۆر ڕاشکاوانه‌ نه‌بوو. یه‌که‌م جار جه‌ختی کرد له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی که‌ له‌باتی ئه‌وه‌ی که‌ یه‌کێتی به‌ دوو کاندید بچێت بۆ هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆکایه‌تی یان خود چه‌ند کاندیدێکی هه‌بێت پێویسته‌ ئه‌م مه‌سه‌له‌ یه‌کلایی بکاته‌وه‌ و یه‌ک کاندیدی فه‌رمی هه‌بێت و ئه‌وه‌ی‌تری بۆ خۆمان هێشته‌وه‌.

کوردپرێس: ئایا مه‌کگۆرک له‌ کۆبوونه‌وه‌کاندا ناوی که‌سێکی تایبه‌تی هێنا؟

فه‌رید ئه‌سه‌سه‌رد: ناوی هیچ که‌سێکی نه‌هێنا، ئه‌وه‌ی بۆ سه‌رکردایه‌تیی یه‌کێتی هێشته‌وه‌ به‌ڵام ئه‌و زۆر جه‌ختی له‌سه‌ر ئه‌وه‌ کرده‌وه‌ پێویسته‌ یه‌ک کاندیدمان هه‌بێت له‌ کاتی هه‌ڵبژاردندا. باسی ئه‌وه‌ی کرد که‌ پێویسته‌ کاندیدێکی به‌هێز بێت بۆ ئه‌وه‌ی بتوانێت ڕکابه‌ری له‌گه‌ڵ کاندیده‌کانی‌تر بکات.

کوردپرێس: پۆستی سه‌رکۆماری عێراق تا ئێستا بۆ یه‌کێتی بوووه‌. به‌م جموجووڵه‌ی پارتی و سه‌فه‌ری نێچیرڤان بارزانی بۆ به‌غدا له‌سه‌ر پرسی سه‌رکۆماری تا چه‌ند ئه‌گه‌ری ئه‌وه‌ له‌ئارادایه‌ که‌ ئه‌م جاره‌ ئه‌و پۆسته‌ بۆ یه‌کێتی نه‌بێت و پارتی جه‌خت له‌سه‌ر وه‌رگرتنی ئه‌و پۆسته‌ بکات؟

فه‌رید ئه‌سه‌سه‌رد: ئێمه‌ ئه‌و لایه‌نه‌ نیین که‌ داوامان کردبێت 25ی مانگ هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆکایه‌تی نه‌کرێت. ئه‌وه‌ پارتی دیموکراتی کوردستانه‌ داوای ئه‌وه‌ی کردوووه‌. لایه‌نێک که‌ ترسی هه‌بێت له‌ ده‌رنه‌چوونی کاندیده‌که‌ی هه‌وڵی ئه‌وه‌ ده‌دات که‌ دوای بخات بۆ دوای بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردن. ئێمه‌ پێمان وایه‌ به‌ دڵنیایییه‌وه‌ کاندیده‌که‌ی خۆمان ده‌رئه‌چێت و دڵنیایشین له‌وه‌ی که‌ ئه‌و ده‌توانێت ده‌نگی پێویست به‌ده‌ست بێنێت. ئه‌وه‌ی که‌ دڵنیا نییه‌ له‌م پڕۆسه‌یه‌ هه‌وڵی ئه‌وه‌ ئه‌دات که‌ دوای بخات بۆ ئه‌وه‌ی کاریگه‌ری نه‌بێت له‌سه‌ر بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردن. ئێمه‌ به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ حه‌ز ده‌که‌ین له‌ 25ی مانگدا ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌ ببێت و هه‌موو که‌سێک ده‌زانێت کاتێک که‌ کاندیدی لایه‌نێک ده‌رئه‌چێت کاریگه‌ریی باشی له‌سه‌ر هه‌ڵبژاردن هه‌یه‌ له‌به‌ر ئه‌وه‌ کار بۆ ئه‌وه‌ ده‌که‌ین له‌ دوو لاوه‌ قازانج بکه‌ین هه‌م بردنه‌وه‌ی پۆسته‌که‌ هه‌م کاریگه‌ریی باشی بردنه‌وه‌که‌ له‌سه‌ر بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردن. به‌ دڵنیایییه‌وه‌ ئه‌و لایه‌نه‌ی که‌ ترسی هه‌بێت له‌ ده‌رنه‌چوونی کاندیده‌که‌ی خۆی هه‌ڵوێستێکی‌تری هه‌یه‌.

کوردپرێس: پۆستی پارێزگاری که‌رکووک که‌ یه‌کێتیی نیشتیمانیی کوردستان به‌ ئیستیحقاقی خۆی ده‌زانێت تا چه‌ند ئه‌م پۆسته‌ له‌ گفتوگۆکان له‌گه‌ڵ پارتی ململانێ له‌سه‌ر بوووه‌ هه‌روه‌ها که‌ ڕاده‌گه‌یێندرێت پارتی داوای ئه‌و پۆسته‌ ده‌کات له‌ به‌رانبه‌ر پێدانه‌وه‌ی پۆستی سه‌رکۆماری به‌ یه‌کێتی.

فه‌رید ئه‌سه‌سه‌رد: ئێمه‌ پێش ئه‌وه‌ هه‌ڵوێستی خۆمان ده‌ربڕیوه‌. ئه‌مه‌ بڕیاری ئه‌نجومه‌نی سه‌رکردایه‌تیی یه‌کێتییه‌ که‌ سه‌رکردایه‌تی ناتوانێت لێی لا بدات ئه‌وه‌ش ئه‌وه‌یه‌ که‌ ئێمه‌ سازش له‌سه‌ر پۆستی سه‌رۆکی کۆمار و پارێزگاری که‌رکووک ناکه‌ین.

دیمانه‌: حه‌سه‌ن ساڵحی

داگرتن و داڕشتنه‌وه‌: به‌شی کوردیی هه‌واڵده‌ریی کوردپرێس

News Code 38329

Your Comment

You are replying to: .
captcha