سه‌رۆكی په‌رله‌مانی عێراق گه‌یشته‌ هه‌ولێر

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- محه‌مه‌د حه‌لبووسى سه‌رۆكى په‌رله‌مانى عێراق به ‌سه‌ردانێكى فه‌رمى گه‌یشته‌ هه‌رێمى كوردستان و بڕیاره‌ له‌گه‌ڵ لێپرسراوانی هه‌رێمی کوردستان كۆ ببێته‌وه‌.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ 22ی ئه‌یلوولی 2018 محه‌مه‌د حه‌لبووسى سه‌رۆكى نوێى په‌رله‌مانى عێراق به ‌یاوه‌ریی به‌شیر حه‌داد جێگرى دووه‌مى و وه‌فدێكى یاوه‌رى هاتوووه‌ته‌ هه‌رێمى كوردستان و بڕیاره‌ سه‌ره‌تا له‌گه‌ڵ نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆکوه‌زیرانی هه‌رێمی کوردستان کۆ ببێته‌وه‌ و دواتر ده‌چێته‌ پیرمام و له‌گه‌ڵ مه‌سعوود بارزانی سه‌رۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان کۆبوونه‌وه‌یێک له‌سه‌ر مه‌له‌فى 3 سه‌رۆكایه‌تییه‌كه‌ى عێراق ئه‌نجام بدات.

محه‌ممه‌د حه‌لبووسی سه‌رۆکی په‌رله‌مانی عێراق دوایین دیداری له‌گه‌ڵ مه‌سروور بارزانی ڕاوێژکاری ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی کوردستان ده‌بێت و دوای کۆبوونه‌وه‌کان ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ به‌غدا.

هه‌ر له‌وباره‌وه‌ به‌شیر حه‌داد جێگری دووه‌می سه‌رۆکی په‌رله‌مانی عێراق ڕای‌گه‌یاند: "سه‌رۆکایه‌تیی په‌رله‌مانی عێراق پلانی سه‌ردانی کردنی لایه‌نه‌ سیاسییه‌کانی هه‌یه‌ بۆ نزیککردنه‌وه‌ی بیر و ڕاکان و پابه‌ندبوونیان به‌ ماوه‌ی دیاریکراوی ده‌ستووری بۆ دیاری کردنی به‌ربژێره‌کانیان بۆ سه‌رۆککۆمار و سه‌رۆکی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران و ئه‌مڕۆش ده‌ستی به‌ سه‌ردانه‌کان کرد."

حه‌لبووسى دواى هه‌ڵبژاردنى وه‌ک سه‌رۆكى په‌رله‌مانى عێراق ده‌ستى كردوووه‌ به ‌سه‌ردانه‌ فه‌رمییه‌كان و سه‌ره‌تاش له‌ پارێزگاى به‌سره‌وه‌ كه‌ چه‌ندین مانگ خۆپیشاندانى تێدا ئه‌نجام درا ده‌ستى پێكرد.

شایانی باسه‌؛ ئه‌مه‌ یه‌كه‌م سه‌ردانی سه‌رۆكی په‌رله‌مانی عێراقه‌ بۆ هه‌رێمی كوردستان دوای ئه‌وه‌ی ڕۆژی 15ی ئه‌م مانگه‌ به‌ زۆرینه‌ی ده‌نگی ئه‌ندامانی په‌رله‌مان به‌سه‌ركۆی په‌رله‌مان هه‌ڵبژێردرا.

سه‌رچاوه‌: میدیاکانی هه‌رێمی کوردستان

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 38170

Your Comment

You are replying to: .
captcha