لە پارێزگای ئیدلبى سووريا ئۆپەراسیۆنی سەربازی ئەنجام نادرێت/ناوچەیێکی داماڵدراو لە چەک پێک دەهێنرێت

بەشی جیهان- رێککەوتنەکەى نێوان هەردوو سەرۆکی ڕووسیا و تورکیا، ئەگەرەکانی ئەنجامدانی هێرشە چاوەڕوانکراوەکەی سوپای سووریا و هاوپەیمانەکانی بۆ سەر پارێزگای ئیدلب دوورخستووەتەوە.

کوردپرێس: بەپێی ڕێککەوتنی نێوان ڤلادیمێر پووتین و ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، لە قۆناغی یەکەمدا بڕیاردراوە تا ١٥ ی تشرینی یەکەمی داهاتوو، ناوچەیێکی داماڵدراو لە چەک لە پارێزگای ئیدلب بە قوڵایی ١٥ بۆ ٢٠ کیلۆمەتر لەسەر سنووری بەریەککەوتنی نێوان گرووپە چەکدارەکان و سوپای سووریادا پێک بهێنرێت.

هاوکات لە چوارچێوەی پێشنیازێکی سەرۆکی تورکیا بڕیارى ئەوەشدراوە هەموو چەکە قورس و تانک و تۆپ و موشەکی سەرجەم گرووپە چەکدارەکانی ئۆپۆزسیۆن تا ١٠ ی مانگی داهاتوو دابماڵدرێن و بەهەماهەنگیش لەگەڵ ڕووسیا هێزەکانیان بە هاوبەشی چاودێریی ناوچەکە دەکەن تا ڕێککەوتنەکە پێشێل نەکرێت و سوپای حکوومەت سنووری گرووپە چەکدارەکان نەبەزێنیت.

لە قۆناغی دووەمیشدا و بەپێی ڕێککەوتنەکە، بەر لە کۆتایی ئەمساڵ دامەزراوە حکوومییەکانی دەوڵەتی سووریا دەچنە پارێزگای ئیدلب و کارەکانی هاوڵاتیان ڕادەپەڕێنن.

ئیدلب کە دوایین پێگەى سەرەکى گرووپە ئۆپۆزسیۆنەکانە لە سووریا، ماوەیێکە لە ژێر بۆردومانى سوپاى سووریا و فڕۆکەکانى ڕووسیادایە و بەشار ئەسەد جەختى لە کۆنتڕۆڵ کردنەوەى دەکردەوە.

رێککەوتنەکە لەلایەن هەریەک لە ئەمریکا و ئێرانەوە پێشوازى لێکراوە، لەو بارەیەوە ڕۆبەرت ئاشلی بەڕێوەبەری ئاژانسی هەواڵگریی سەربازیی ئەمریکا ستایشی کۆبوونەوەکەی نێوان پوتین و ئەردۆغانی کرد سەبارەت بە چارەسەکردنی ئاڵۆزییەکانی سووریا بەو پێیەی ٢٠ گرووپ و ڕێکخراوی جۆراوجۆری چەکدار لەو ناوچانە چالاکن.

هەرچی تارانیشە لەسەر زاری محەمەد جەواد زەڕیف وەزیری دەرەوە گفتوگۆکانی نێوان هەردوو سەرۆکی ڕوسیا و تورکیای بە دیبلۆماسییەتێکی بەرپرسیار ناوبرد تا ئیدلب لە جەنگێکی گەورە بەدووربگرن.

سەرچاوە: ئین ئاڕتی

کۆدی هەواڵنێر: 60113

News Code 38146

Your Comment

You are replying to: .
captcha