وه‌زیری به‌رگریی ئه‌ڵمانیا: ھێزه‌کانمان بۆ ماوه‌یێکی درێژ له ‌عێراق ده‌مێننه‌وه‌

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- وه‌زیری به‌رگریی ئه‌ڵمانیا ڕایگه‌یاند: پێویسته‌ ھێزه‌کانی وڵاته‌که‌ی بۆ ماوه‌یێکی درێژ له‌ عێراق بمێننه‌وه‌ بۆ یارمه‌تیدان له‌ ئاوه‌دانکردنه‌وه‌ و باشترکردنی تواناکانی سوپای عێراق.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، ڕۆژی یه‌کشه‌ممه‌ 16ی ئه‌یلوول ئۆرسۆلا ڤۆن دێر لاین وه‌زیری به‌رگریی ئه‌ڵمانیا له ‌میانی سه‌ردانێکدا بۆ لای سه‌ربازانی وڵاته‌که‌ی له‌ بنکه‌ی سه‌ربازیی تاجی، که‌ ده‌که‌وێته‌ ٣٠ کیلۆمه‌تر له‌ باکووری به‌غدا، ڕایگه‌یاند وڵاته‌که‌ی پابه‌نده‌ به‌ پشتیوانی کردنی به‌غدا له‌ قۆناغی بنیاتنانه‌وه‌دا ئه‌وه‌ش دوای ئه‌وه‌ی شه‌ڕی دژی کۆتایی ھات.

ئه‌ڵمانیا ئێستا ١٢٥سه‌ربازی ھه‌یه‌ له‌ عێراقدا و ئه‌مساڵ چالاکییه‌کانی خۆی گۆڕی بۆ مه‌شقپێکردنی ھێزه‌ ئه‌منییه‌کانی عێراق له‌ ناوه‌ڕاستی عێراق. پێشتر چالاکییه‌کانی زیاتر بریتی بوو له‌ مه‌شقپێکردنی ھێزه‌کانی پێشمه‌رگه‌ی کوردستان.

ئۆرسۆلا ڤۆن دێر لاین سه‌باره‌ت به‌ پرسیارێک له‌سه‌ر مانه‌وه‌ی درێژخایه‌نی هێزه‌کانی ئه‌ڵمانیا له‌ عێراق گوتیشی: شه‌ڕی دژی داعش برینی قووڵی له‌ وڵاتدا دروست کردوووه‌. ئه‌وه‌ پشوودرێژی پێویسته‌ تا جارێکی دیکه‌ عێراق به‌ھێز بکرێته‌وه‌. ئه‌مه‌ په‌یوه‌سته‌ به‌ ئاوه‌دانکردنه‌وه‌ی وڵاتێک له‌ ھه‌موو بواره‌کاندا.

ناوبراو ئاماژه‌شی کرد به‌وه‌ی عێراق نه‌ک ھه‌ر سه‌قامگیری پێویسته‌ به‌ڵکوو‌ گه‌شه‌پێدانی ئابووری و ھاوکاریشی پێویسته‌ و جه‌ختی کرده‌وه‌ له‌ ساڵی ٢٠١٤ه‌وه‌ ھه‌تا ئێستا به ‌به‌ھای 1.4 ملیار یۆرۆ (1.63 ملیار دۆلار) وه‌به‌رھێنانی له‌ عێراقدا کردوووه‌.

ئۆرسۆلا ڤۆن دێر لاین گوتی: ھێزه‌کانی ئه‌ڵمانیا ئامۆژگاری وه‌زاره‌تی به‌رگریی عێراق ده‌که‌ن له‌ مه‌سه‌له‌کانی وه‌کوو ھه‌ڵگرتنه‌وه‌ی مین و په‌ره‌پێدانی تواناکانی به‌رگریی له ‌دژی چه‌که‌ ناوکی و بایلۆژی و کیمیایییه‌کان.

ناوبراو ڕوونیشی کرده‌وه:‌ سه‌رجه‌م لایه‌نه‌کان که‌ چاوه‌ڕوان ده‌کرێت حکوومه‌تی داھاتووی عێراق پێکبھێنن ھیوایان خواستوووه‌ ھێزه‌کانی ئه‌ڵمانیا به ‌شێوه‌یێکی درێژخایه‌ن له‌ عێراقدا بمێننه‌وه.

شایانی باسه‌؛ ئێواره‌ی 16ی ئه‌یلوول ئۆرسۆلا ڤۆن دێر لاین وه‌زیری به‌رگریی ئه‌ڵمانیا گه‌یشته‌ شاری هه‌ولێر و سه‌ردانه‌که‌ی بۆ هه‌رێم پاش سه‌ردانه‌كه‌ی بۆ بۆ لای سه‌ربازانی وڵاته‌که‌ی له‌ بنکه‌ی سه‌ربازیی تاجیی شاری به‌غدا هات و له ‌ڕابردوودا چه‌ند جارێكی دیكه‌ سه‌ردانی هه‌رێمی كردوووه‌ و له‌ نزیكه‌وه‌ مه‌شق‌ و ڕاهێنانه‌كانی پێشمه‌رگه‌ی به‌ سه‌ر كردوووه‌ته‌وه‌.

سه‌رچاوه‌: میدیاکانی هه‌رێم

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 38121

Your Comment

You are replying to: .
captcha