کوردپرێس:
لەم هەفتانەی دوایی هێزەکانی ڕژێمی سوریا کە ڕووسیا پاڵپشتیان دەکات لە دەوروبەری پارێزگای ئیدلیب کۆ بوونەتەوە، ئەمەش مەترسی لێکەوتووەتەوە لەوەی شیانی هەیە هێرشێکی گەورەی فراوان بکرێتە سەر شوێنی سەرەکیی ئۆپـۆزسیۆن.
ئاژانسەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان و ڕێکخراوەکانی هاریکاری بەردەوام هۆشیاریان داوە لەسەر ئەو هێرشە کە ڕەنگە خراپترین کارەساتی مرۆیی لێبکەوێتەوە لە جەنگی حەوت ساڵەی سوریادا.
تورکیا دانووستاندنی چڕ لەگەڵ ڕووسیا دەکات تا ڕێگە لە ڕوودانی ئەو شەڕە بگرێت و چەندان جار داوای ئاگربەستی کردووە.
هەفتەی ڕابردوو ئەردۆغان و پـووتن شکستیان هێنا لەوەی بە ئاگربەستێک بگەن لە میانەی ئەو کۆبوونەوە سێ قۆڵیـیەی بە بەشداری حەسەن ڕوحانی سەرۆکی ئێران لە تاران بەڕێوە چوو.
وەزیری دەرەوەی تورکیا ڕۆژی هەینی گوتی ئێمە ئامادەی هەموو رێکەوتنێکین لەگەڵ هەریەک لەوانەی لە دژی گرووپە تیرۆرستەکان دەجەنگن، بەڵام ڕەخنەی لە دەوڵەتی دیمەشق گرت کە بوونی گروپە جیهادیـیەکان بەکار دەهێنێت بۆ شەرعیەتدان بە ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی لەشکری لە ئیدلیب.
Your Comment