کوردپرێس:
سەفین دزەیی وتەبێژی فەرمیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە وەڵامی رۆژنامەڤاناندا سەبارەت بە بۆردوومانی ناوچە سنوورییەکان لەلایەن تورکیا و ئێرانەوە، رایگەیاند: "سەبارەت بە ناوچە سنوورییەکان لەگەڵ ئێران و تورکیا، حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەمیشە هەڵوێستی ئەوە بووە کە پێویستە خەڵکی سڤیلی ئەو ناوچانە بە پلەی یەکەم نەبنە ئامانج.
سەفین دزەیی هەم وڵاتانی دراوسێ و هەم ئەو هێزانەشی کردە بەردەنگ کە لە نێو خاکی هەرێمدان و بەرهەڵستکاریی دوو وڵاتی تورکیا و ئێران دەکەن و لەو بارەیەوە زیادی کرد: حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەمیشە داواکار بووە لەو هێزانە دۆخی کوردستان لەبەرچاو بگرن و بە تایبەتی خەڵکی سڤیل نەبێتە ئامانج، لە هەمان کاتیش نابێت ئەوە ببێتە بیانوو بۆ ئەو وڵاتانە بۆ ئەوەی هەمیشە بەردەوام بن لە تۆپبارانکردن یاخود بەزاندنی سنووری هەرێمی کوردستان.
ناوبراو گوتیشی: "بەتایبەتی بەشێکی زۆر لە گوندە سنوورییەکان لەسەرەتاوە هەوڵی ئاوەدانکردنەوەیان درابوو، بەڵام بەداخەوە لەبەر هەبوونی پەکەکە و بەم دواییانە هێزەکانی بەرهەڵستکاری ئێرانییش، کەشوهەوایێکی وای دروست کردووە ببێتە جێی ململانێ و تەسفیەکردنی حیساباتی ئەو وڵاتانەی دەوروبەر لەگەڵ ئەو هێزانە.
سەبارەت بە پرسی گەڕاندنەوەی ئەو بەرهەڵستکارانەی لە نێو خاکی هەرێم دەژین بۆ ئێران و بۆ شوێنەکانی خۆیان، سەفین دزەیی گوتی "ئەوە بەشێوازی ئەوە نییە کە هیچ کەسێک تەسلیم بکرێت، ئەوانە دەمێکە لە سەرەتای هەشتاکانەوە و لە سەردەمی رژێمی عێراق لە هەرێمی کوردستان و لە هەموو عێراق بوونە، چوونکە بەشێکی زۆری ئەوانە لەلایەن UNHCR وەکو پەناهەندە ناسراون، پێویستە رێز لە یاساکانی پەناهەندەیی بگرن و هەرێمی کوردستان بەکارنەهێنن وەکوو بنکەیێک و دەستدرێژی بکەنە سەر ئەمن و سەقامگیریی وڵاتانی دراوسێ. بەڵام لە هەمان کاتیش لەو باوەڕەداین ئەو کێشەیەی کە هەیە بە سەربازی و توندوتیژی چارەسەر ناکرێت، پێویستە چارەسەرێکی گونجاو هەبێت بۆ ئەو گرفتانە.
Your Comment