کوردپرێس:
هیزەر ناوێرت وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە پرێس کونفڕانسێکدا بە هەواڵنێرانی ڕاگەیاند دوا ئوپەراسیۆنی سەر داعش لە ڕۆژهەڵاتی سووریا لەلایەن هێزی سووریای دیموکراتەوە دەستی پێکردووە و ئەمریکا پشتگیریی ئەو ئوپەراسیۆنە دەکات.
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ئەوەشی زیاد کرد کە هێزی سووریای دیموکرات سەلماندوویەتی کە لە شەڕی داعشدا هێزێکی بەتوانا و کارامەیە و ئەمریکاش دڵنیایە کە ئەو هێزانە سەرکەوتوو دەبن لە دوا ئوپەراسیۆنی خۆیان بۆ سەر داعش بۆ لەناوبردنی ئەو گرووپە تیرۆریستییە.
هیزەر ناوێرت زیادی کرد: کەمپێنی بەرپەرچدانەوەی داعش توانیویەتی تا ئەم کاتە 8 ملوێن کەس لە بندەست حکوومەتی داعش لە عێراق و سووریا ڕۆگار بکات و ڕێگر بێت لە بەخۆداهاتنەوە و خۆیەک خستنەوە و سەرهەڵدانەوە و ئەندام وەرگرتنی داعش.
ناوبراو دووپاتیشی کردەوە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بەردەوام دەبێت لە یارمەتیدانی هاوپەمانیی نێودەوڵەتیی دژەداعش و هێزی سووریای دیموکرات بۆ لەناوبردنی داعش لە سووریا.
Your Comment