ئه‌بوو مه‌هدی موهه‌ندیس: ئه‌وه‌ی له‌ به‌سره‌ ڕوو ده‌دات ده‌ستی کۆنسوڵخانه‌ی ئه‌مریکای تێیدایه‌

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- ئه‌بوو مه‌هدی موهه‌ندیس هێرشی توند ده‌کاته‌ سه‌ر حکوومه‌ته‌که‌ی حه‌یده‌ر عه‌بادی و ده‌ڵێت: حکوومه‌ت به ‌ته‌واوی شکستی هێناوه‌ و ئه‌وه‌ی له ‌به‌سره‌ش ڕوو ده‌دات ده‌ستی کۆنسووڵخانه‌ی ئه‌مریکای تێدایه‌.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، ئه‌بوو مه‌هدی موهه‌ندیس سه‌رۆکی ڕێکخراوی حه‌شدی شه‌عبی له‌ هه‌ڤپه‌یڤینێکدا له‌گه‌ڵ ژماره‌یه‌ک ڕۆژنامه‌وان ڕای‌گه‌یاند: "شکستی حکوومه‌ته‌که‌ی عه‌بادی ڕوون و ئاشکرایه‌ و ئه‌وه‌ی له‌ به‌سره‌ش ڕوو ده‌دات جێگه‌ی داخه‌، خه‌ڵک مافی خۆیه‌تی بڕژێنه‌ سه‌ر شه‌قام و داوای مافه‌ ساده‌کانیان بکه‌ن".

سه‌رۆکی ڕێکخراوی حه‌شدی شه‌عبی جه‌خت له‌وه‌ ده‌کاته‌وه‌ حکوومه‌ت و هێزه‌ ئه‌منییه‌کان له‌ به‌سره‌ به ‌ته‌واوی شکستیان هێناوه‌، لێدانی باره‌گاکانی حه‌شدی شه‌عبی به‌ ئاراسته‌ی لایه‌نێکی دیاریکراو بوووه‌ و ئه‌وه‌ی دۆخه‌که‌ش له‌ به‌سره‌ به‌ڕێوه‌ ده‌بات کۆنسووڵخانه‌ی ئه‌مریکایه‌، چالاکه‌ و ئازادیی ته‌واوی هه‌یه‌، له‌وباره‌وه‌ به ‌وێنه‌ و ڤیدیۆوه‌ زانیاریمان هه‌یه‌.

ئه‌بوو مه‌هدی موهه‌ندیس پێیوایه‌ ئامانج له‌و دۆخه‌ سه‌پاندنی دیفاکتۆیه‌ له‌ به‌غدا له ‌پرۆسه‌ی سیاسیدا که‌ هه‌ر چوار ساڵێک ئه‌نجام ده‌درێت، کۆنسووڵخانه‌ی ئه‌مریکاش هه‌وڵ ده‌دات خه‌ڵک بترسێنێت و په‌یامی ئه‌وه‌یان پێبدات که‌ جه‌نگ و ململانێی ناوخۆیی هه‌یه‌.

ناوبراو ده‌شڵێت: ئه‌مریکییه‌کان دڵنیا ده‌که‌ینه‌وه‌ که‌ شه‌ڕی ناوخۆیی ڕوو نادات نه‌ له‌ نێوان شیعه‌ و نه‌ له‌ نێوان هیچ تائیفه‌ و پێکهاته‌یێکی عێراقیدا.

سه‌رچاوه‌: ڕووداو

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 37954

Your Comment

You are replying to: .
captcha