کوردپرێس:
ڕۆژی شەمە 8ی ئەیلوول کاتژمێر 10 و 45 خولەک چەند مووشەکێک لە بارەگای حیزبێکی بەرهەڵستکاری ئێرانی دا و بەو هۆیەشەوە چەند ئەندامێکی کۆمیتەی ناوەندیی حیزبەکە کە بەشداریی پۆلۆنۆمی حیزبیان کردبوو کوژران و چەند کەسێکیش بریندار بوون.
سوپای پاسدارانی ئێران لەو بارەیەوە بەیاننامەیێکی فەرمیی دەرکرد و ڕایگەیاند بە 7 مووشەک ئەو هێرشەیان کردووە و ئەوەش وەڵامی جموجووڵی ئەو حیزبە بوو لە سنوورەکانی ئێران و هەڕەشی ئەوەشی کردووە کە ئەگەر بێتوو جووڵەکانیان دووپات ببێتەوە گورزی کوشندەتریان لێ دەدەن.
لە بەیاننامەکەی سوپای پاسداراندا وتراوە ئەو گرووپە سەر بە ئەمریکایە و لە هەرێمی کوردستانەوە تیمەکانیان دەنێرنە کرماشان و کوردستان و ئازەربایجانی ڕۆژئاوا بۆ ئەوەی ئاسایشی سنوورەکان تێک بدەن بۆیە سوپای پاسداران بڕیاری دا بەرپەرچیان بداتەوە.
سوپای پاسدارانی ئێران زیادی کردووە کە سەرەڕای ئەوەی چەندین جار لەەلایەن بەرپرسانی حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە هۆشدار بەو گرووپە بەرهەڵستکارە دراوە بەڵام لە جووڵە نەکەوتوون بۆیە یەکەی مووشەکی و یەکەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی سوپای پاسداران لە ئوپەراسیۆنێکدا بە 7 مووشەک لە بارەگای یەکێک لە گرووپە بەرهەڵستکارەکانی ئێران دا و بە پێی زانیارییەکانیش بە دەیان کەس لە ئەندامانی کۆمیتەی ناوەندیی ئەو حیزبە کوژراون و بریندارن.
بەیاننامەکەی سوپای پاسداران دیسانەوە هەڕەشەی لە بەرهەڵستکاران کردووە و ڕایشیگەیاندووە کە چاوەڕوانی ئەوە لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەکەن کۆنتڕۆڵی زیاتری سنوورەکان بکات
Your Comment