به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، ڕۆژی چوارشه‌ممه 5ی ئهیلوول عهبدولمهدی كه‌ربه‌لایی نوێنه‌ری عه‌لی سیستانی مه‌رجه‌عییه‌تی باڵای شیعه‌كانی عێراق ڕایگه‌یاند: "له كاتێكدا به بۆنه‌ی هاتنی مانگی موحه‌ره‌م ئێمه تینووبوونی ئیمامی حسێن، سڵاوی خوای لێبێت و خانه‌واده‌كه‌ی به بیر ده‌هێنینه‌وه، داوای دابین كردنی ئاوی خواردنه‌وه بۆ خه‌ڵكی به‌سره ده‌كه‌ین ".
خۆپیشاندان له پارێزگای به‌سره زیاتر له مانگێكه به‌رده‌وامی هه‌یه و خۆپیشانده‌ران داوای چاكسازی و دابین كردنی خزمه‌تگوزاری و هه‌لی كاریان ده‌كه‌ن و ڕۆژی چوارشه‌ممه له كاتی به‌ڕێوه‌چوونی خۆپیشاندانه‌كاندا گرژیی دروست بوو.
سه‌یف به‌در وته‌بێژی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستیی عێراق ڕایگه‌یاند: "ژماره‌ی بریندارانی خۆپیشاندانه‌كانی به‌سره گه‌یشتوووه‌ته 70 كه‌س و له ناویاندا 37 مه‌ده‌نی هه‌ن و 33 كه‌سی دیكه‌یان سه‌ربازین".
سه‌یف به‌در ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد: له ئێستادا 51 بریندار له نه‌خۆشخانه‌ن و چاره‌سه‌ری پزیشکی وه‌رده‌گرن.
سه‌عد مه‌عن وته‌بێژی وه‌زاره‌تی ناوخۆی عێراقیش له به‌یاننامه‌یێكدا ڕایگهیاندوووه که ده‌ست كراوه به لێكۆڵینه‌وه سه‌باره‌ت به ڕووداوه‌كانی به‌سره له‌سه‌ر فه‌رمانی سه‌رۆک وه‌زیرانی عێراق كه فه‌رمانده‌ی گشتیی هێزه چه‌كداره‌كانه.
سه‌رچاوه: خه‌ندان
کۆدی هه‌واڵنێر: 60103
Your Comment