مه‌سعوود بارزانی په‌یامێكی بۆ خه‌ڵكی به‌سره‌ نارد

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- سه‌رۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان له‌ په‌یامێكدا نیگه‌رانیی خۆی له‌ دۆخی به‌سره‌ ڕاگه‌یاندوووه‌ و باسی له‌وه كردوووه‌ كه‌ خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستان هه‌رچیان بۆ بكرێت به‌رامبه‌ر به‌ خه‌ڵكی به‌سره‌ درێخی ناكه‌ن.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، مه‌سعوود بارزانی په‌یامێکی بۆ خه‌ڵکی به‌سره‌ نارد و له‌ په‌یامێكی كراوه‌دا ئه‌وه‌یشی وتوووه‌ كه‌ ئه‌وان قه‌رزاری خه‌ڵكی به‌سره‌ن چوونكه‌ دوای گه‌ڕانه‌وه‌ی مسته‌فا بارزانی به‌ گه‌رمی پێشوازییان لێكردوووه‌.

ده‌قی په‌یامه‌كه‌:

به‌ ناوی خودای به‌خشنده‌ و میهره‌بان

به‌ ڕووداوه‌كانی شاری به‌سره‌ و گیانله‌ده‌ستدان و برینداربوونی خه‌ڵكی ناڕازیی و پێشهاته‌كانی چه‌ند ڕۆژی ڕابردووی ئه‌و شاره‌ زۆر نیگه‌رانین، هاوخه‌می و سه‌ره‌خۆشیی خۆم ئاراسته‌ی خانه‌واده‌ و كه‌سوكاری قوربانیان ده‌كه‌م و هیوای چاكبوونه‌وه‌ی خێرا بۆ برینداران ده‌خوازم.

له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی خۆپێشاندان و ده‌ربڕینی ناڕه‌زایی به‌ مافی خه‌ڵک ده‌زانین، له‌ هه‌مان كاتدا پێمانوایه‌ خه‌ڵكی ئه‌و شاره‌ مافی خۆیانه‌ له‌ ژیانێكی شایسته‌دا بژیین. جێی سه‌رسوڕمانه‌ كه‌ له‌ ده‌وڵه‌مه‌ندترین شاری دونیادا خه‌ڵک به‌ ده‌ستی كێشه‌ی نه‌بوونی ئاوی خواردنه‌وه‌ و بڵاوبوونه‌وه‌ی نه‌خۆشی بناڵێنێت و ئه‌و مه‌حروومییه‌ت و پشتگوێخستنه‌ هیچ پاساوێک هه‌ڵناگرێت.

ئێمه‌ هه‌رگیز لوتف و گه‌رمی و موحه‌به‌تی خه‌ڵكی به‌ڕێزی شاری به‌سره‌ له‌ یاد ناكه‌ین كاتێک به‌ جۆش و خرۆشه‌وه‌ پێشوازییان له‌ بارزانیی نه‌مر و یاوه‌رانی كرد كه‌ له‌به‌ر خه‌باتیان له‌ دژی سته‌م و جیاكاری بۆ ساڵانێكی درێژ په‌نایان بۆ یه‌كێتی سۆڤییه‌ت بردبوو. بۆیه‌ لێره‌دا هاوسۆزیی و پشتیوانیی خۆمان بۆ هاووڵاتییانی شاری به‌سره‌ ڕاده‌گه‌یێنین و هیوادارین ڕێز له‌ مافه‌كانیان بگیرێت و داخوازییه‌كانیان جێبه‌جێ بكرێن كه‌ له‌ ڕاستیدا ئه‌و داواكارییانه‌ ساده‌ترین مافه‌ كه‌ پێویسته‌ هه‌ر مرۆڤێک هه‌یبێت.

داوا له‌ خه‌ڵكی به‌ڕێزی شاری به‌سره‌ ده‌كه‌م كه‌ بۆ ئه‌وه‌ی ژیانی خه‌ڵک نه‌كه‌وێته‌ مه‌ترسی خۆپیشاندانه‌كان ئاشتییانه‌ و دوور له‌ توندوتیژی بن. به‌ دڵنیایییه‌وه‌ خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستانیش ئه‌وه‌ی له‌ ده‌ستیان بێت بۆ گه‌یاندنی یارمه‌تی بۆ هاووڵاتیانی شاری به‌سره‌ درێخی ناكه‌ن.

مه‌سعوود بارزانی

5ی 9ی 2018

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 37860

Your Comment

You are replying to: .
captcha