پڕۆژەی ناوچەی ئازادی بازرگانی ڕاستییە یان تراویلکە؟

بەشی کوردستان- لەم ڕۆژانەی دوایید بۆ جاری سێهەم پڕۆژەی ناوچەی ئازادی بازرگانی و ناوچە تایبەتە ئابوورییەکان ڕەوانەی پەڕلەمان کرایەوە و ئەم جارەیان ڕەشنووسی پڕۆژەیاساکە بە کۆی 127 دەنگی بەڵێ پەسەند کرا و ئەو مەسەلەیە پێویستی بە ڕوونکردنەوە هەیە.

کوردپرێس:

نوێنەرانی پەڕلەمانی ئێران ڕۆژی چوارشەمە 7ی خەرمانان بەرانبەر بە 29ی ئاب بە کۆی 127 دەنگی بەڵێ، 51 دەنگی نەخێر و 10 دەنگی بێ لایەن ڕەشنووسی پڕۆژە یاسای 8 ناوچەی ئازادی بازرگانی و چەندین ناوچەی تایبەتی ئابوورییان پەسەند کرد.

8 ناوچەکە بریتین لەمانەی خوارەوە:

ئینجەبروون لە پارێزگای گوڵستان، مێهران لە پارێزگای ئیلام، ئەردەبێڵ لە پارێزگای ئەردەبێڵ، سیستان لە پارێزگای سیستان و بەلووچستان، بانە و مەریوان لە پارێزگای کوردستان، جاسک لە پارێزگای هورموزگان، بووشەهر لە پارێزگای بووشەهر و قەسری شیرین لە پارێزگای کرماشان.

پەسەندکرانی ڕەشنووسی پڕۆژەیاساکە بۆ چینی هەژاری کۆمەڵگا کە لە ژێر باری هەژاریدان جێی خۆشحاڵی بوو و لەلایێکی دیکەشەوە زەمینەی خۆش کرد بۆ خاوەن زەوی و مالیک و دەڵاڵەکان لە شارە مەرزنشینەکان بۆ ئەوەی سوودی زەبەلاح بۆ خۆیان مسۆگەر بکەن و بکەونە سەودای بەرزکردنەوەی نرخی مڵکەکان.

ئەگەر سەرنجێکی کورت بدەینە دۆخی ئێستای کۆمەڵگای ئێران دەبینین ڕەنگە کۆمەڵێک هۆکار لە پشت پەسەندکرانی ئەو پڕۆژەیەوە بێت. یەکەم ئەوەی پەسەندکرانی ڕەشنووسی پڕۆژەیاساکە لە پەڕلەمانی ئێران مانای ئەوە نییە کە پڕۆژەکە بە تەواوەتی پەسەند کراوە بەڵکوو پاش پەسەندکرانی ئەو ڕەشنووسە، پڕۆژەکە دەنێردرێتەوە بۆ لێژنەی پسپۆڕی ئابووری و ئەگەر لەوێش پەسەند کرا ئەوا دیسان دەنێردرێتەوە پەڕلەمان بۆ ئەوەی پەسەند بکرێتەوە و بکرێت بە یاسا و پاشان بۆ شۆرای نیگابان بەرز دەکرێتەوە و لەوێوە بڕیاری یەکلاکەرەوەی لەسەر دەدرێت. بۆیە بەو ئاسانییە نییە کە یەک لە نوێنەرە بەڕێزەکان وتبووی تەنها ئەوەی ماوە شۆرای نیگیابان پەسەندی بکات.

ئەو پڕۆژەیاسایە دوو جار لە پەڕلەمان فەشەلی هێناوە و بەو حاڵشەوە نوێنەران و بەشێک لە کاربەدەستانی دەوڵەت مکووڕ بوون لە سەر ئەوەی دیسان دەنگی لە سەر بدرێتەوە و ئەوەش دەیسەلمێنێت ڕەنگە بەهرەی سیاسی لەو پڕۆژەیە وەربگیرێت. ئێستاکە دۆخی ئابووریی وڵاتی ئێران بە قۆناغێکی قەیراناوایدا تێدەپەڕێت و سەرەڕای کێشەی دراو و قەیرانی گەمارۆکانی سەر ئێران و دۆخی چەقبەستووی ئابوورری کۆمەڵێک نوێنەر و بەرپرسی حکوومی بێ ئەوەی خوێندنەوەی باشی پسپۆڕانە بۆ پڕۆژە یاسای ناوچەی تایبەتی بازرگانی بکەن بابەتەکە بۆ جاری سێهەم دەورووژێنن و هەوڵ دەدەن هەرچییان کردووە ئەو پڕۆژەیاسایە پەسەند بکرێت.

داواکاری بۆ دامەزراندنی ناوچەی ئازادی بازرگانی و ناوچەی تایبەتی ئابووری پاش ئەوە پەرەی سەند کە دەوڵەتی دەیەم هاتە سەر کار. پەسەندکرانی ناوچەی ئازادی بازرگانیی ماکوو وای کرد زۆر ناوچەی سنووریی ئێران داوای ئەو پڕۆژەیاسایە بکەن. بەڵام دیارە دەرەچەی دەربازبوون لە قەیرانی ئابووری تەنها ئەوە نییە بە هەر شێوازێک بووبێت ناوچەی ئازادی بازرگانی دابمەزرێت. بەڵکوو دۆزینەوەی شوێنی گونجاو یەکەم مەرجە بۆ ئەو پڕۆژەیاسایە.

پڕۆژەیاسای ناوچەی ئازادی بازرگانی لە هەلومەرجێکدا پەسەند کرا کە پسپۆڕانی بواری ئابووری ڕەخنەی جدییان لەسەری بوو بەڵام کەس نەیبیست. دوو نوێنەری پەڕلەمان کە یەکیان نوێنەری سەواد کووە و ئەویتریان نوێنەری خومەینی شەهر بوون دژ بە پڕۆژەیاساکە تیشکیان خستە سەر خاڵی لاواز و خەسارەکانی ئەو پڕۆژەیاسایە.

لەلایێکی دیکەشەوە زەویی تەرخانکراو بۆ ناوچەی ئازادی بازرگانیی مەریوان و بانە مودەعیی لە سەرە و کەسانێک هەن کە داوای زەوییەکان دەکەن و دەڵێن موڵکی ئەوانە. سەرەڕای ئەو مەسەلەیە، مەریوان و بانە ئێستاش جادە و فڕۆکەخانە و ژێرخانی پێویستی نییە بۆ دامەزراندنی ناوچەی ئازادی بازرگان. دیارە دەوڵەتی ئەگەر نیازی خزمەت کردنی بوو باشتر وابوو سامانێکی بە مەرزەکانی بانە و مەریوان دابا بۆ ئەوەی کەرتی ئابووری و بازاڕی ئەو دوو شارەی کوردستان ببووژێنێتەوە و جارێکیتر پەرە بە کەرتی گەشتیاری بدات.

ئەو نەخشەیەی ئێستا لە پەڕلەمان بۆ ناوچەی ئازادی بازرگانیی مەریوان و بانە پێشکەش کراوە جیاوازە لەو نەخشەیەی پێشتر پێشکەش کرابوو و دەوترێت ئێستا ئەو زەوییانەی لە نەخشە نوێیەکەدا هەیە گێچەڵیان نییە و کەس ئیدعایان ناکات. ئەگەر ئەوەش ڕاست بێت دیسان تەلبەن کردن و دیوار کردنی ئەو ڕووبەرە فراوانە لە پەراوێزی شار و لەو پەڕی شارەوە کە دوورەدەستە تێچووی زۆری دەبێت ودیسان ئەوەش کێشەیێکی پڕۆژەکە دەبێت.

بۆیە باشتر وایە ئەگەر بڕیارە ئەو پڕۆژەیاسایە پەسەند بکرێت خوێندنەوەی پسپۆڕانەی بۆ بکرێت و بە ڕاوێژ و تەگبیر کاری بۆ بکرێت تاوەکوو هەلخوازان هەلەکە نەقۆزنەوە بۆ ئەوەی گیرفانی جەماعەتێکی پێ پڕ بکرێت و هەژاری و بێکاریی چینی زۆرینەی کۆمەڵگا وەک خۆی بمێنێتەوە و سەرمایەی گەل ببێتە قوربانیی ململانێ و موناقەشەی حیزبی و سیاسیی نێوان لایەنەکان.

News Code 37747

Your Comment

You are replying to: .
captcha