کۆنگره‌ی هاوبه‌شی ڕۆژنامه‌وانیی یه‌کێتی و شاندێکى میحوه‌ری وه‌ته‌نی سوننه‌کان به‌ڕێوه‌ چوو

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- شاندێکی میحوه‌ری وه‌ته‌نی سوننه‌کان به‌ سه‌رۆکایه‌تیی محه‌مه‌د حه‌لبوسی سه‌ردانی مه‌کته‌بی سیاسیی یه‌کێتی له‌ سلێمانی کرد.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، ڕۆژی شه‌ممه‌ 1ی ئه‌یلوولی 2018 وه‌فدی میحوه‌ری وه‌ته‌نی سوننه‌كان له‌ شاری سلێمانی سه‌ردانی مه‌كته‌بی سیاسیی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستانیان كرد و له‌و کۆبوونه‌وه‌یه‌دا بڕیاریان دا لیژنه‌یێكی هاوبه‌ش بۆ كاری پێكه‌وه‌یی پێكبهێنن.

دوای كۆبوونه‌وه‌كه‌ش له‌ كۆنگره‌یه‌كی ڕۆژنامه‌وانیدا قوتیبه‌ جبووری ئه‌ندامی وه‌فدی میحوه‌ری وه‌ته‌نی سوننه‌كان ڕایگه‌یاند: مه‌به‌ست له‌ سه‌ردانه‌كه‌مان بۆ لای یه‌كێتی گفتوگۆكردن بوو له‌باره‌ی پێكهێنانی حكوومه‌تی نوێی عێراق و كاری پێكه‌وه‌یییمان له‌ داهاتوودا.

ناوبراو وتیشی: بڕیاره‌ له‌گه‌ڵ كوتله‌ كوردستانییه‌كانی‌تریشدا كۆ ببینه‌وه‌ و ته‌نانه‌ت ئه‌و وه‌فده‌ی یه‌كێتی و پارتیش كه‌ بڕیاره‌ ئه‌مڕۆ سه‌ردانی به‌غدا بكه‌ن دووباره‌ له ‌به‌غدا له‌گه‌ڵیان كۆ ده‌بینه‌وه‌.

قوتیبه‌ جبووری ڕاشیگه‌یاند: وه‌ک كوتله‌یێكی سیاسی له‌گه‌ڵ ته‌واوی جێبه‌جێ كردنی مادده‌ ده‌ستوورییه‌كانی عێراقین به‌ مادده‌ی 140یشه‌وه‌. هه‌روه‌ها ده‌مانه‌وێت حكوومه‌تی نوێی عێراق حكوومه‌تێكی دیموكراسی بێت و مافی سه‌رجه‌م پێكهاته‌كانی گه‌لی عێراقی تێدا پارێزراو بێت.

دواتر نه‌رمین عوسمان ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تیی یه‌كێتی له‌ كۆنگره‌ ڕۆژنامه‌وانییه‌كه‌دا وتی: كۆبوونه‌وه‌كه‌ به ‌باشی به‌ڕێوه‌ چوو و هه‌ردوولا بڕیارمان دا كه‌ لیژنه‌یێكی هاوبه‌ش بۆ كاری داهاتوومان له‌ ناو په‌رله‌مان و له‌ ده‌ره‌وه‌ی په‌رله‌مانیش پێكبهێنین.

ناوبراو گوتیشی: له ‌كۆبوونه‌وه‌كه‌دا یه‌كێتی جه‌ختی له‌وه‌ كردۆته‌وه‌ كه‌ له‌ عێراقدا كێشه‌ی نه‌ته‌وه‌یییمان هه‌یه‌ و ده‌بێت چاره‌سه‌ر بكرێت.

ئه‌ندامه‌كه‌ی سه‌ركردایه‌تیی یه‌كێتی باسی له‌وه‌ش كرد كه‌ وه‌ک یه‌كێتی له‌گه‌ڵ هیچ كوتله‌یێكی عێراقی هێڵی سووریان بۆ پێكهێنانی حكوومه‌تی نوێی عێراق نییه‌ به‌ڵام یه‌كێتی مه‌رجی هه‌یه‌ بۆ لایه‌نه‌ عێراقییه‌كان له‌پێناوی چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ نه‌ته‌وه‌یییه‌كان.

ناوبراو ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو هه‌ر لایه‌نێكی عێراقی داواكارییه‌كانمان جێبه‌جێ بكات ئاماده‌ین له‌گه‌ڵیدا ڕێككه‌وتن بكه‌ین.

نه‌رمین عوسمان ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد كه‌ وه‌فدی میوان له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا زۆر سوپاسی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستانیان كرد كه‌ له ‌ڕابردوودا زۆر هاوكاری سوننه‌كانی عیراق به‌گشتی بوون به‌ تایبه‌ت له‌ دوای سه‌رهه‌ڵدانی ڕێكخراوی تیرۆریستی داعش كه‌ به‌شێكی زۆر له‌ سوننه‌كانی عێراق له‌ ماڵ و حاڵی خۆیان ئاواره‌ بوون و یه‌كێتی هاوكارییان پێشكه‌ش كردوون.

سه‌رچاوه‌: PUK media

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 37736

Your Comment

You are replying to: .
captcha