ئێران هه‌ڵوێستی خۆی له‌باره‌ی دوورخستنه‌وه‌ی سه‌رۆكی ده‌سته‌ی حه‌شدی شه‌عبی ڕاده‌گه‌یێنێت

به‌شی ئێران/ کوردی- وته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئێران هه‌ڵوێستی وڵاته‌كه‌ی له‌باره‌ی دوورخستنه‌وه‌ی سه‌رۆكی ده‌سته‌ی حه‌شدی شه‌عبی له‌ پۆسته‌كه‌ی له‌لایه‌ن سه‌رۆک وه‌زیرانی عێراقه‌وه‌ ڕاده‌گه‌یێنێت و دەڵێت ئەوە مەسەلەیێکی ناوخۆی عێراقە و ئێران تەداخولی تێدا ناکات.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، به‌هرام قاسمی وته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئێران له‌ لێدوانێكیدا بە تەلەڤزیۆنی ئەلعالەمی وتووە مەوزووعی لەکارلابرانی سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی مەسەلەیێکی ناوخۆی عێراقە و ئێران تەداخولی تێدا ناکات.

هاوکات قاسمی به‌ ئاژانسی سپۆتنیكی ڕووسیای ڕاگه‌یاند: "وڵاته‌كه‌ی چاودێریی هه‌موو لێدوان و هه‌ڵوێسته‌كانی سه‌ركردایه‌تیی عێراقی ده‌کات، هه‌ندێک هه‌ڵسوكه‌وتی هه‌ڵه‌ به‌دی ده‌كرێت و تارانیش زۆر به‌ وردی چاودێرییان ده‌كات."

وته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئێران ده‌ڵێت: "له ‌چه‌ند ڕۆژی داهاتوودا هه‌ڵوێستی ئێران له‌باره‌ی ڕووداوه‌كانی عێراقه‌وه‌ ڕاده‌گه‌یێنین و ڕێوشوێنی پێویست ده‌گرینه‌به‌ر."

قاسمی هیوای خواست "حكوومه‌تی عێراق هه‌ڵوێسته‌كانی له ‌به‌رژه‌وه‌ندیی گه‌لی عێراق بێت و گوزارشت له‌ خواستی گه‌لی عێراق بكات و به‌رده‌وام بێت له‌سه‌ر به‌گژداچوونه‌وه‌ی تیرۆر و ڕێگه‌ له‌ ده‌ستوه‌ردانی بیانی بگرێت، ئێمه‌ زۆر به ‌وردی چاودێری ئه‌و ڕووداوانه‌ ده‌كه‌ین كه‌ له‌ عێراق ڕوو ده‌ده‌ن."

شایانی باسه‌؛ ڕۆژی پێنجشه‌ممه‌ 30ی ئاب حه‌یده‌ر عه‌بادی سه‌رۆک وه‌زیرانی عێراق، فالح فه‌یاز ڕاوێژكاری ئاسایشی نیشتیمانی و سه‌رۆكی ده‌سته‌ی حه‌شدی شه‌عبی له‌ پۆسته‌كه‌ی دوور خسته‌وه و له‌ نووسراوێكیشدا هۆكاری دوورخستنه‌وه‌كه‌ی بۆ تێكه‌ڵ كردنی كاری سیاسی و حزبی له‌لایه‌ن فه‌یازه‌وه‌ گه‌ڕاندبوویه‌وه‌ كه‌ ئه‌مه‌ش به‌پێی نووسراوه‌كه‌ "له‌گه‌ڵ ئه‌ركه‌ ئه‌منییه‌كه‌ی یه‌ک ناگرێته‌وه‌."

سه‌رچاوه‌: میدیاکانی ئێران

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 37710

Your Comment

You are replying to: .
captcha