بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ئایەتوڵڵا خامنەیی ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامیی ئێران، تیشکی خستە سەر پەیوەندیی ھەرە باش و ڕوو لە پەرەی ئێران لەگەڵ دراوسێکان و ھەروەھا پەیوەندی لەگەڵ وڵاتانی ئەورووپی و وتی: پەیوەندی و بەردەوام کردنی دانووستان لەگەڵ ئەورووپادا بێ کێشەیە، بەڵام دەبێ وێڕای بەردەوام کردنی ئەم ڕەوتە، لە بارەی ئەوانیشەوە ھیچ ھیوایەکمان بە بابەتگەلێکی وەک ڕێککەوتنی ناڤۆکیی بەرجام و یان پرسی ئابووری نەبێت.
بەڕێزی وێڕای ڕەخنە گرتن لە ھەڵس و کەوتی نەگونجاوی ئەورووپا لە پرسگەلێکی وەک ڕێککەوتنی ناڤۆکیی بەرجام و بایکۆتەکان، ئەوەشی وەبیر ھێنایەوە کە: دەبێ بە هۆشیارییەوە سەیری وادە و بەڵێنەکانی ئەوانیش بکرێت و لە ئاوا سۆنگەیێکەوە بەبڕشتانە وریای پرس و بابەتەکان بین.
ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامیی ئێران، ڕێککەوتنی ناڤۆکیی بەرجامی بە ئامێرێک بۆ پاراستنی بەرژەوەندییە نیشتیمانییەکان ھەڵسەنگاند و وتیشی: ڕێککەوتنی ناڤۆکیی بەرجام ئامانج نییە، بەڵکوو ئامێرێکە و دیارە ئەگەر بەو ئەنجامە بگەین کە بەم ھۆیەوە پاراستنی بەرژەوەندیی نیشتیمانیمان بەدەست نایێت، وەلای دەنێین.
ئایەتوڵڵا خامنەیی ڕێبەری باڵای شۆڕشی ئیسلامیی ئێران، جەختی کرد: ئەورووپییەکان دەبێ لە ھەڵس و کەوتی بەرپرسانی دەوڵەتی ئێران لەوە تێ بگەن کە ھەنگاوەکانیان، کاردانەوەی ھاوشێوە و گونجاوی کۆماری ئیسلامیی ئێرانی بەدواوە دەبێت.
حەزرەتی ئایەتوڵڵا خامنەیی لە درێژەی باسی پێداویستییەکانی بەڕێوەبەرایەتیی ئابووری، لە سەر بەکار ھێنانی دەفرایەتیی بەرفراوان و ھەڵکەوتەی ئابووریی ئێران پێی داگرت و وێڕای تیشک خستنە سەر ڕاپۆرتی ناوەندە نێونەتەوەییەکان، وتیشی: ئێران لە ڕووی دەفرایەتیی دەست لێ نەدراوەوە لە ڕیزی یەکەمی جیھاندایە.
ڕێبەری باڵای ئێران لەد دیدارەدا هەروەها جەختیان کردە سەر چارەسەریی بەپەلەی کێشە ئابوورییەکان.
ڕێبەری لەم دیدارەدا سەبارەت بە بواری ئابووری جەختیان کردە سەر کاری زۆر باش و بێ وچان و ڕایانگەیاند کە بەرپرسانی ئابووری دەبێ شەو وڕۆژیان بۆ نەبێت.
ڕێبەری لە لێکدانەوەی کارەکانی یەک ساڵی ڕابردووی دەوڵەتی ڕۆحانی وتیان: لەم ساڵەدا کاری باش کراوە لە بواری گەشەی ئابووری، وزە، بەرزکردنەوەی هەناردەی نانەوتی و دابەزاندنی هاوردە کردندا کە دەبێ ئەم ڕەوتە با خێرایی زیاتر بەردەوام بێت و بە خەڵکیش بوترێت.
ئایەتوڵلا خامنەیی ئاماژەی دا بەوەی کە دوژمن بە هۆی هەندێ لاوازی و بۆشایی ئابووری فوکوسی کردووەتە سەر پرسی ئابووری، وتیان لە بواری ئابووریدا دەبێ بەهێز و بەرفراوان کار بکرێت و هەموو بۆشاییەکان پڕ بکەنەوە کە هەموو ئەمانەش دەکرێت و ئێمە لە ئیدارەی ئابووری وڵاتدا بێ دەرەتانیمان نییە.
ڕێبەری زیادیشیان کرد: بارستایی و چلۆنایەتی چالاکییەکانی بەرپرسانی ئابووری وڵات دەبێ بە جۆرێک بێت کە شەو وڕۆژیان نەبێت و میحوەری چالاکییەکانیان سیاسەتی ئابووری بەرخۆدان بێت کە بنەماکەی بەرهەم هێنانی ناوخۆییە.
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment