سەرۆککۆماری عێراق: سەبارەت بە ئاڵوگۆڕی دۆلار پابەندی سزاکەی ئەمریکا دەبین

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- فواد مەعسووم وتوویەتی ڕاستە ئەمریکا رێز لە دۆخی عێراق و پەیوەندیی نێوان بەغدا و تاران دەگرێت، بەڵام بەغدا ناتوانێت بە دڵی خۆی دۆلاری ئەمریکی بباتە ئێرانەوە یاخود بەپێچەوانەوە.

کوردپرێس:

لە میانی بەشداریکردنی لە بەرنامەی "رووداوی ئەمڕۆ"ی تۆڕی میدیاییی رووداو دەربارەی سزاکانی سەر ئێران و جێبەجێکردنی لەلایەن عێراقەوە، فوئاد مەعسووم دەڵێت، ئەمریکا رێز لە دۆخی عێراق و پەیوەندیی نێوان بەغدا و تاران دەگرێت، بەڵام سەبارەت بە ئاڵوگۆڕی دۆلاری ئەمریکی عێراق پابەندی سزاکە دەبێت و ناتوانێت بە دڵی خۆی دۆلاری ئەمریکی بباتە ئێرانەوە یاخود بەپێچەوانەوە.

ئەوەش لە کاتێکدایە پێشتریش حەیدەر عەبادی سەرۆکوەزیرانی عێراق وتبووی ئەگەرچی بە سزاکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران ڕازی نیین بەڵام لە بەر بەرژەوەندیی خەڵکی عێراق پێبەند دەبن بە سزاکان ئەوەش تەنها لە مامەڵە کردن بە دۆلاری ئەمریکی ئەگینا حەز بە مانەوە و پەرەپێدانی پێوەندیی بازرگانی و ئابووریی دوو لایەنە دەکەن.

ئێستا لە عێراق، گەرمەی پڕۆسەی پێکهێنانی حکوومەتە و رۆژی دووشەممە 3ی ئەیلوول دوا وادەی ئەو 15 رۆژەیە کە دادگای فیدراڵی دیاریی کردووە بۆ یەکەم کۆبوونەوەی خولی چوارەمی پەرلەمانی عێراق، بۆیە سەرۆککۆمار بە مەرسوومی سەرۆکایەتی داوای کردووە دووشەممەی داهاتوو پەرلەمان کۆ ببێتەوە و تا ئەو کاتەش دەبێت کوتلە گەورەکە تۆمار کرابێت و لەو کوتلە گەورەیەوە سەرۆککۆمار کەسێک ڕاسپێرێت بۆ پێکهێنانی حکوومەت. لەم نێوانەشدا دەنگۆی کارتێکەریی دوو وڵاتی ئەمریکا و ئێران هەیە بۆ گوشار خستنە سەر لایەنەکان لە پڕۆسەی پێکهێنانی حکوومەتی نوێ و ئەمریکا دەیەوێت بەو شێوازە نیازی خۆی بباتە سەر.

فواد مەعسووم سەرکۆماری عێراق وتوویەتی کاریگەریی ئەمریکا و ئێران لەو ئاستەدا نییە کە هەڕەشە بکەن، کاریگەرییشیان لەسەر رەوتی گفتوگۆی لایەنەکان هەیە بەڵام ئەوەندە نییە کە ببێتە هۆی بڕیار لەسەر رێککەوتنی کۆتایی.

ئەگەرچی سەرکۆماری عێراق بە دووری زانیوە ئەمریکا کاریگەریی ئەوتۆی لە پڕۆسەی پێکهێنانی حکوومەتدا هەبێت بەڵام وا دەردەکەوێت ئەمریکا پەیڕەوی کۆمەڵێک ئامانجی خۆی دەکات لە سزاکانی دژ بە ئێران بۆ مانەوەی خۆی لە ناوچەکە و بە هەمان مەبەستیش گوشاری خستۆتە سەر تورکیا و ئازادکرانی قەشە ئەمریکییەکەی کردۆتە بیانوو بۆ ئەو گوشارانەی کە ڕەنگە مەبەستی سەرەکیی ئەمریکا لەو ڕەفتارەی گوشار خستنە سەر ئێران بێت.

News Code 37675

Your Comment

You are replying to: .
captcha