بەپێی هەواڵی کوردپرێس، مەحموود محەممەد، گوتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان لەبارەی پۆستی سەرۆک کۆمار و رێککەوتنی پارتی و یەکێتی لەسەر ئەو پۆستە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "پۆستی سەرۆک کۆمار لە نێوان ئێمە و یەکێتی یەکلایی نەبووەتەوە و قسەمان لەسەر نەکردووە.
ناوبراو درێژەی دا: سەرۆک کۆمار، سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران، سەرۆکی پەرلەمان و وەزیرەکان بەپێی خاڵ دادەنرێن، ئێمەش بۆ وەرگرتنی ئەو پۆستە خۆمان بە موستەحەقتر دەزانین، بەپێی ئەو خاڵانەی هەیە دەبێت پۆستی سەرۆک کۆمار بۆ پارتی بێت".
سەبارەت بەوەی لەگەڵ لایەنە عێراقییەکان باسی ئەوە کراوە یان نا، مەحموود محەممەد گوتی: "ئەوەی ساخبووتەوە ئەوەیە کە ئەو پۆستە بۆ کوردە و لە نێو کوردستانیش کورد خۆی بڕیار لەسەر ئەوە دەدات کێ وەری دەگرێت".
بەگوتەی گوتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان، ئێستا شاندێکی پارتی و یەکێتی بەسەرۆکایەتی فازڵ میرانی و مەلا بەختیار لە بەغدان بۆ گفتوگۆ لەگەڵ فوئاد مەعسووم، سەرۆک کۆماری عێراق لەبارەی پێکهێنانی حکوومەتی نوێی عێراق.
مەحموود محەممەد هەروەها باسی لە هاتنی شاندە شیعییەکان کرد بۆ کوردستان و گوتی: "سبەی شاندێکی لایەنە شیعییەکان دێنە کوردستان بۆ گفتوگۆ لەگەڵ پارتی و یەکێتی لەبارەی پێکهێنانی گەورەترین کوتلەی پەرلەمانی، شاندێکی وەتەنییە کە زۆرینەی عەرەبە سوننەکانی عێراق لەخۆ دەگرێت ئەوانیش هاتبوون بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ ئێمە".
گوتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "تاوەکو ئێستا ئێمە وەک پارتی و یەکێتی خۆمان یەکلایی نەکردووەتەوە کە دەچینە پاڵ کام هاوپەیمانی بۆ دروست کردنی گەورەترین کوتلەی پەرلەمانی و پێکهێنانی حکوومەتی داهاتووی عێراق".
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment