نێچیرڤان بارزانی و باڵیۆزى بەریتانیا پەیوەندییەکانی هەرێمى کوردستان و عێراق لەگەڵ بەریتانیا تاوتوێ دەکەن

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- نێچیرڤان بارزانى، سەرۆکى هەرێمى کوردستان، ئەمڕۆ پێنجشەممە 2021/10/21 پێشوازى لە "مارک برایسن ریچاردسن"، باڵیۆزى بەریتانیا لە عێراق کرد.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، لە کۆبوونەوەکەدا پەیوەندییەکانى هەرێمى کوردستان و عێراق لەگەڵ بەریتانیا، دوایین پێشهاتەکانى دۆخى عێراق، هەڵبژاردنى ئەنجومەنى نوێنەران و ئەنجامەکانى، پێشکه‌وتنی پڕۆسه‌که‌ له‌چاو جارانی پێشوو و گرنگیی یه‌کلاکردنه‌وه‌ی هه‌ر کێشه‌یه‌ک به‌ رێکاره‌ یاسایییه‌کان، پەیوەندییەکانى هەولێر ـ بەغدا، سەردانى مانگى رابردووى نێچیرڤان بارزانى بۆ لەندەن، هەنگاوەکانى بەرەنگاربوونەوەى پەتاى كۆرۆنا، شەڕى تیرۆر و بەرەنگاربوونەوەى داعش، تاوتوێ کران.

هەردوولا جەختیان لە برەودان بە پەیوەندییەکان کردەوە و هاوڕابوون لەوەى حکومەتى داهاتووى عێراق وەڵامدەرەوەى خواست و چاوەڕوانییەکانى خەڵکى هاووڵاتیان بێت. بۆ رووبەڕووبوونەوەى پەتاى كۆرۆنا و کاریگەرییەکانیشى بەتایبەتى لە بوارى پەروەردە و ئابووریدا، فراوانکردنى پڕۆسەى کوتانیان بە ڤاکسینى دژى پەتاکە بە پێویست و گرنگ زانى، هەروەها خۆشحاڵییان بە پڕۆسەى هەماهەنگیى پێشمەرگە و سوپاى عێراق بە یارمەتیى هاوپەیمانیى نێودەوڵەتی بۆ بەرەنگاربوونەوەى داعش، نیشان دا.

لە بەشێکى دیکەى کۆبوونەوەکەدا نێچیرڤان بارزانى جەختى لە گرنگیى یەکڕیزیى لایەنە کوردستانییەکان لە بەغدا و هەوڵەکانى سەرۆکایەتیى هەرێمى کوردستان لەم پێناوەدا کردەوە، هەروەها سوپاسى پشتگیری و هاوکارییەکانى بەریتانیاى بۆ عێراق و هەرێمى کوردستان کرد و ئاماژەى بە بەردەوامیى بەدواداچوونى ئەنجامى سەردانیان بۆ لەندەن و دیدار و کۆبوونەوەکانى لەگەڵ سەرۆک وەزیران و بەرپرسانى دیکەى بەریتانیا دا و ستایشى رۆڵى باڵیۆزخانە و کونسوڵخانەى بەریتانیاى لە بەغدا و هەولێر لەمبارەیەوە کرد.

تاوتوێ کردنى دۆخى ناوچەکە بەگشتى و چەند پرسێکى جێى بایەخى هاوبەش، تەوەرێکى دیکەى کۆبوونەوەکە بوون کە کونسولى گشتیى بەریتانیاش تیایدا ئامادە بوو.

News Code 3745

Your Comment

You are replying to: .
captcha