کوردپرێس:
کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی ئێران ڕۆژی چوارشەمە 15ی ئاب بەڕێوە چوو و لەو دانیشتنەدا حەسەن ڕۆحانی سەرۆککۆماری ئێران سەنجی خستە سەر کێشەی بازاڕی دراو و ڕایگەیاند: دیارە کێشەی سەرەکیی ئێران ئەمڕۆکە کێشەی ئابوورییە و ئەوەش بە گرتن و لێدان و لەکارلادان چارەسەر نابێت ئەگەرچی ڕەنگە هەندێک کاتیش پێویست بێت بەرپەرچی گەندەڵکاران بدرێتەوە بەڵام ئەوەی پێویستە بکرێت ئەوەیە گەل و حکوومەت یەکڕیز بن و دەستیان لە دەستی یەکتردا بێت و ئەو دڵنیاییە بە جەماوەر بدرێت کە داهاتوویان داهاتوویێکی خراپ نییە.
ناوبراو تیشکی خستە سەر زەروورەتی ڕەخساندنی هەلی کار و گەشەپێدانی کەرتی هەناردەکردنی کاڵای ئێرانی و ڕایگەیاند بە هەموارکردنی کەرتی بازرگانی و ئابووری ئەو قەیرانە تێدەپەڕێت و کە سەقامگیری گەڕایەوە بۆ نێو بازاڕ، بێگومان نرخی دراوی دۆلاریش دادەبەزێت.
سەرکۆماری ئێران لەبارەی مەوزووعی دەریای قەزوینیشەوە کە لەم دواییەدا لەگەڵ چوار وڵاتی کازاخستان و ئازەربایجان و ڕووسیا و تورکمەنستان گفتوگۆیان لەسەر کردبوو ڕایگەیاند زیاتر لە 20 ساڵە گفتوگۆ لەو بارەیەوە بەردەوامە و لەم دیدارەدا کۆمەڵێک لە کێشەکان چارەسەر کرا و پشکی ڕووسیا لە دەریای قەزوین بە ڕێژەی 17 لە سەد دیاری کرا بەڵام گفتوگۆ لە سەر بەری باشووری دەریاکەوە لە نێوان ئێران و ئازەربایجان و تورکمەنستان بەردەوامە.
ڕۆحانی ئاماژەی بە مەوزووعی گفتوگۆی نێوان ئێران و ئەمریکاش کرد و گوتیشی ئەمریکا مەبەستی گفتوگۆکردنی نییە لەبەر ئەوەی خۆی پردەکەی ڕووخاندووە و لەو سەری پردە ڕووخاوەکەوە دەڵێت وەرن با گفتوگۆ بکەین. بۆیە ئێمەش پێیان دەڵێین ئەگەر حەزتان لە گفتوگۆیە فەرموون پردەکە چاک بکەنەوە و گەمارۆکانی سەر ئێران هڵپەسێرن با گفتوگۆ بکەین.
شیاوی ئاماژەیە ئایەتوڵڵا خامنەیی ڕێبەری باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران پێش چەند ڕۆژ هەڵوێستی بەرانبەر بە مەوزووعی گفتوگۆی نێوان ئێران و ئەمریکا نواند و بە ئاشکرا ڕایگەیاند نە شەڕ دەبێت و نە دانووستانیش لەگەڵ ئەمریکا دەکەن و ئەگەر بڕیار بێت دانووستانیش بکەن ئەوا لەگەڵ ئەم دەوڵەتەی ئەمریکا نایکەن.
Your Comment