دادگای فیدراڵ سکاڵای بەغدا لەسەر هەناردەی نەوتی هەرێم پێوشوێنگیری دەکات

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- وتەبێژی دادگای فیدراڵی عێراق جەخت دەکاتەوە کە ئەو دادگا کارناسێکی بۆ ئەو پرسیارەنەی لەبارەی سکاڵای بەغدا لەسەر هەناردەی نەوتی هەرێم دەکرێت، دیاری کردووە.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ئیاس ساموک وتەبێژى دادگای فیدراڵی ڕایگەیاند: ئەمڕۆ سێشەممە بە سەرۆکایەتی دادوەر مەدحەت مەحموود و ئامادەى سەرجەم ئەندامەکان دادگای فیدراڵی لێکۆڵینەوەى لە سکاڵایێکی دژ بە هەناردەکردنی نەوتى هەرێم دەست پێکردووە و سکاڵاکەش لە لایەن وەزیری دارایی عێراق دژ بە وەزیری سامانە سروشتییەکانی هەرێمە.

ناوبراو وتیشی ئەمڕۆ سەرجەم لایەنەکانى داواکە ئامادە بوون و گەیشتوونەتە ئەو ئەنجامەی کە مادەی 111 دەستووری عێراق تەنها مادەیێکی لەبارەی مەسەلەی نەوت و گازەوە هێناوە و ئەوەش ئەوەیە کە "نەوت وگاز مۆڵکی هەموو خەڵکی عێراق و کەمینەکان و پارێزگاکانە".

ساموک وتیشی، مادەی ١١٢ دەستووری عێراق ئەوەی ڕوونکردووەتەوە مادەی ١١١ چۆن جێبەجێ دەکرێت و دەڵێت: ئەو مادەیە بەپێی یاسا جێبەجێ دەکرێت، بەڵام ئەو یاسایە تائێستا دەرنەچووە، هەر بۆیە سکاڵاکار کە وەزارەتی نەوتی عێراقە داوا دەکات ئەو یاسایانەی نەوت و غاز جێبەجێ بکرێى، کە پەیوەندی بەم بابەتەوە هەیە.

هەر لە ڕاگەیەندراوەکەدا وتەبێژی دادگای فیدراڵی دەڵێت: بۆ یەکلاکردنەوەی ئەو بابەتە دادگا ویستوویەتی لەوە ئاگاداربێت حکوومەتی هەرێم چۆن نەوت دەردەهێنێت و دەیفرۆشێت و داهاتەکەی بۆ کوێ دەچێت، هەروەها دادگا دەیەوێت لە کات و چۆنێتی ئەو رێککەوتنانە ئاگاداربێت کە لە نێوان هەردوولادا لە بارەی نەوت و غازەوە واژۆکراوە، ئەگەر ڕێککەوتنێک لە نێوانیاندا هەبێت تا چەند لەگەڵ یاسا و دەستوور رێکدەکەوێت.

هەر لەو چوارچێوەیەدا دادگای فیدراڵی پێی وایە وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارانە پەیوەندی بە لایەنی هونەرییەوە هەیە، بۆیە پێویستی بە کەسی خاوەن پسپۆڕ و بە ئەزموون هەیە و هەردوولاش واتە هەرێمی کوردستان و عێراق لەسەر ئەوە ڕێککەوتون بابەتی دیاری کردنی پسپۆڕی هونەری بۆ دادگا جێ بهێڵن.

بەوتەی ئیاس ساموک، دوای دیاری کردنی کەسێکی پسپۆڕ لەو بوارەدا دادگای فیدراڵی دانیشتنەکەی بۆ ٢٩ی ئەم مانگە هەڵگرتووە، لە ڕۆژەدا بە ئامادەبوونی هەردوولایەنی سکاڵاکار و سکاڵا لێکراو، پسپۆڕەکە بە ئەرکەکەی ڕادەسپێردرێت.

سەرچاوە: سوومریە نیووز

کۆدی هه‌واڵنێر: 60113

News Code 37303

Your Comment

You are replying to: .
captcha