حه‌شدی شه‌عبی: كێشه‌مان له‌گه‌ڵ گه‌ڕانه‌وه‌ی پێشمه‌رگه‌ بۆ كه‌ركووک نییه‌

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- به‌رپرسێکی حه‌شدی شه‌عبی له‌ که‌رکووک ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌کات كێشه‌یان نییه‌ له‌گه‌ڵ گه‌ڕانه‌وه‌ی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ بۆ كه‌ركووک و ناوچه‌ جێناكۆكه‌كان.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، ڕۆژی دووشه‌ممه‌ 13ی ئاب محه‌مه‌د مه‌هدی به‌یاتی لێپرسراوی ڕێكخراوی به‌در لقی باكووری حه‌شدی شه‌عبی له‌ پرێس كۆنفرانسێكدا له‌ که‌رکووک ڕای‌گه‌یاند: لارییان نییه‌ له‌سه‌ر گه‌ڕانه‌وه‌ی پێشمه‌رگه‌ بۆ كه‌ركووک به‌و مه‌رجه‌ی هه‌ماهه‌نگ بێت و هاوشێوه‌ی هه‌ر هێزێكی دیكه‌ی عێراق له‌ژێر فه‌رمان و به‌رپرسیارێتیی حكوومه‌تی عێراقی و ژوری ئۆپه‌راسیۆنی که‌رکووک بێت و هه‌روه‌ک بێ جیاوازی كار بكات بۆ هه‌مووان.

ئه‌و به‌رپرسه‌ی حه‌شدی شه‌عبی وتیشی: "هه‌ر هێزیكی حزبی وه‌ک ئاسایش و ده‌زگا و هێزه‌ تایبه‌تییه‌كان و حزبه‌ كوردییه‌كان ده‌یانه‌وێت بێنه‌وه‌ كه‌ركووک، ئه‌وا ئێمه‌ ڕێگر نین و كێشه‌مان نییه‌ به‌ڵام ئه‌و حزب و هێزانه‌ ده‌بێت هه‌ماهه‌نگ بن له‌گه‌ڵ هێزه‌ عێراقییه‌كان له‌ که‌رکووک نه‌ک وه‌ک پێش 16 ئۆكتۆبه‌ر بێت".

محه‌مه‌د مه‌هدی به‌یاتی لێپرسراوی ڕێكخراوی به‌در لقی باكووری حه‌شدی شه‌عبی جه‌ختیشی كرده‌وه‌: پێشمه‌رگه‌ و حزبه‌كان خاوه‌ن مێژوو و خه‌باتی خۆیانن و هه‌مووان له‌ که‌رکووک ده‌بێت ئه‌و ڕاستییه‌ بزانن.

سه‌رچاوه‌: ڕادیۆ نه‌وا

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 37289

Your Comment

You are replying to: .
captcha