ئه‌ردۆغان: ماڵئاوایی له‌و که‌سانه‌ ده‌که‌ین که‌ تیرۆریستان به‌ ھاوبه‌شی خۆیان ده‌زانن

به‌شی تورکیا- ڕه‌جه‌ب ته‌ییب ئه‌ردۆغان له‌ لێدوانێکدا ڕه‌خنه‌ی توند له‌ ئه‌مریکا ده‌کات و ده‌ڵێت: ماڵئاوایی له‌و که‌سانه‌ ده‌که‌ین که‌ تیرۆریستان به‌ ھاوبه‌شی خۆیان ده‌زانن.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، ڕه‌جه‌ب ته‌ییب ئه‌ردۆغان سه‌رۆکی گشتیی ئاک پارتی و سه‌رکۆماری تورکیا به‌شداری له‌ کۆبوونه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی ڕاوێژکاری لقی ئاک پارتی له‌ ترابزۆن کرد و وتارێکی پێشکه‌ش کرد.

سه‌رکۆماری تورکیا له‌ لێدوانێکدا ئاماژه‌ی به‌ به‌رزبوونه‌وه‌ و نزم‌بوونه‌وه‌ی دراوی بیانی کرد و گوتی: "ئه‌وه‌ی که‌ به‌ کووده‌تا و کاری تێکده‌رانه‌ ئه‌نجامیان نه‌دا ئێستا ده‌یانه‌وێ به‌ ڕێگه‌ی پاره‌ ئه‌نجامی بده‌ن و ئه‌مه‌ به‌ ئاشکرا پێی ده‌گوترێ شه‌ڕی ئابووری. له‌ ترابزۆنه‌وه‌ رایده‌گه‌یێنم که‌ یارییه‌که‌تانمان بینی و ئاماده‌ین له‌ دژی. خۆمان ڕاده‌ست ناکه‌ین، ئه‌گه‌ر ئێوه‌ به‌ دۆلار ھێرش بکه‌نه‌ سه‌رمان ئه‌وا ئێمه‌ش به‌ ڕێگه‌ی دیکه‌ کاره‌کانمان جێبه‌جێ ده‌که‌ین. به‌ ھاوبه‌ش و ھاوپه‌یمانێکی ستراتیجی که‌ په‌یوه‌ندییه‌کانی له‌گه‌ڵ وڵاتێکی ٨١ ملیۆن که‌سیدا ده‌کاته‌ قوربانیی له‌به‌ر خاتری ڕێکخراوێکی تیرۆریستیی ده‌ڵێین "ده‌ی ماڵئاوا". من هاوپه‌یمانی ستراتێژیکی تۆم. له‌ ئه‌فغانستان، سۆمالی و بۆسنی له‌گه‌ڵ تۆدا بووم. چۆن هاوپه‌یمانێکی ستراتێژیک به‌ پشتیوانی له‌ گرووپی تیرۆریستیی PKK/PYD وه‌لاوه‌ ده‌نیت؟ ئه‌مریکا ئاماده‌یه‌ بۆ یه‌ک قشه‌ ٨١ ملیۆن که‌س بکاته‌ قوربانی. ببوورن. وه‌ک ده‌وڵه‌تی یاسا، ئه‌وه‌ی پێویست بێت ده‌یکه‌ین.

سه‌رکۆمار ئه‌ردۆغان باسی له‌و ئۆپه‌راسیۆنه‌ کرد که‌ له‌ دژی تورکیا ئه‌نجام دراوه‌ و گوتی: "ئامانجی ئۆپه‌راسیۆنه‌که‌ ژێر ده‌ست خستنی تورکیایه‌ له‌ که‌رتی دارایی تا سیاسه‌ت."

ئه‌ردۆغان گوتیشی: "ئه‌گه‌ر که‌سانێک ھه‌بن وا ئاسان بیر بکه‌نه‌وه‌ که‌ بابه‌ته‌که‌ دراوی بیانی، دادگایی کردنی قه‌شه‌، باجی ئه‌له‌منیۆم و ئاسنه‌ ئه‌وا ھه‌رچی زوووه‌ به‌خۆیاندا بێنه‌وه‌."

ناوبراو جه‌ختی له‌وه‌ کرده‌وه‌ که‌ "بۆ جارێکی دیکه‌ ڕووبه‌ڕووی یارییێکی سیاسی و خۆدزینه‌وه‌ بوونه‌ته‌وه‌ و پشتیوان به‌خوا به‌ سه‌ر ئه‌وه‌شدا سه‌رده‌که‌ون."

ئه‌ردۆغان له‌باره‌ی سه‌پاندنی سزا به ‌سه‌ر تورکیا له‌لایه‌ن ئه‌مریکاوه‌ گوتی: "به‌ کردنه‌وه‌ی بازاڕی نوێ و به‌ستنی ھاوپه‌یمانی و ھه‌ماھه‌نگی نوێ وه‌ڵامی ئه‌و که‌سانه‌ ده‌ده‌ینه‌وه‌ که‌ شه‌ڕی ئابوورییان له‌ دژی وڵاته‌که‌مان و جیھان ھه‌ڵگیرساندوووه‌."

سه‌رکۆماری تورکیا گوتیشی: "نیشتمان، بانگ و ئاڵاکه‌مان که‌ شه‌ره‌فمانه راده‌ستی ئه‌و داگیرکه‌رانه‌ نه‌کردوووه‌ که‌ ناپاکه‌ سووکه‌کان و تیرۆریستانی ناومان وه‌ک دارده‌ست به‌کار ده‌ھێنن."

ره‌جه‌ب ته‌ییب ئه‌ردۆغان له‌ درێژه‌ی وتاره‌که‌یدا ڕاشی‌گه‌یاند: "گه‌یشتووینه‌ته‌ دوایین قۆناغ له‌ ئاماده‌کارییه‌کانی زیادکردنی ناوچه‌ی نوێ بۆ ئه‌و ناوچانه‌ی له‌ ڕێگه‌ی قه‌ڵغانی فورات و لقی زه‌یتوونه‌وه‌ ئاسایش تیایاندا به‌رقه‌رار بوووه‌. پشتیوان به‌خوا له ‌کاتێکی نزیکدا شوێنانی نوێ ئازاد ده‌که‌ین و ئاسایشیان تیادا به‌رقه‌رار ده‌که‌ین. ژماره‌ی ئه‌و که‌سانه‌ی له‌ وڵاته‌که‌مانه‌وه‌ گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌ بۆ ئه‌و شوێنانه‌ی ئاسایشیان تیادا به‌رقه‌رار کراوه‌ گه‌یشتووه‌ته‌ چاره‌که‌ ملیۆنێک".

سه‌رچاوه‌: هه‌واڵده‌ریی ئه‌نادۆڵو

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 37240

Your Comment

You are replying to: .
captcha