کوردپرێس- ڕۆژنامه‌ی نیۆیۆرک تایمزی ئه‌مریكی له ڕاپۆرتێكیدا له‌باره‌ی سزاكانی ئه‌مدواییه‌ی ئه‌مریكا به سه‌ر توركیا باس له‌وه ده‌كات پاش سه‌پاندنی سزاكانی ئه‌مریكا به سه‌ر توركیا و زیادكردنی گومرگی هه‌ندێک پێداویستی به سه‌ر توركیادا، ئه‌گه‌ری ئه‌وه هه‌یه ئه‌و گرژییه ئابوورییه په‌ل بهاوێت بۆ گرژی گه‌وره‌تر له نێوان واشنتۆن و ئه‌نقه‌ره و سه‌ره‌نجام ببێته هۆی پچڕانی په‌یوه‌ندیی هه‌ر دوو وڵات.
ڕۆژنامه‌كه ئاماژه‌ی به‌وه‌ش داوه: سه‌ره‌ڕای ئه‌و په‌یوه‌ندییه توندوتۆڵه‌ی هه‌ر دوو وڵات له بواری ئابووری و سه‌ربازیدا هه‌یانه، ئه‌وه جگه له‌وه‌ی ئه‌مریكا چه‌كی ناڤۆكی له بنكه‌ی سه‌ربازیی ئینجه‌رلیک له‌و وڵاته داناوه كه‌چی ئێستا توركیا له پاڵ ڕووسیا، كۆریای باكوور و ئێران‌دا بوووه‌ته یه‌كێک له وڵاته سزادراوه‌كان.
له‌باره‌ی ئه‌گه‌ری ئاسایی بوونه‌وه‌ی په‌یوه‌ندیی نێوان ئه‌نقه‌ره و واشنتۆن ڕۆژنامه ئه‌مریكییه‌كه پێی وایه كۆمه‌ڵێک كێشه‌ی كه‌ڵه‌كه‌بوو له نێوان هه‌ر دوو وڵات‌دا هه‌یه كه وای كردوووه په‌یوه‌ندیی ئه‌مریكا و توركیا بگاته ئه‌و ئاسته خراپه له‌وانه ئازادیی ڕاده‌ربڕین له توركیا، لێكدانه‌وه‌ی جیاواز بۆ په‌یوه‌ندیی دیموكراتییه‌ت و حوكمی ئیسلام له توركیا، په‌یوه‌ندیی كورد له‌گه‌ڵ ئه‌مریكا و چه‌ندین كێشه‌یتر.
له‌لایێكی دیكه‌وه ئاژانسی بلومبێرگ له‌باره‌ی كێشه‌كانی ئه‌مدواییه‌ی نێوان ئه‌نقه‌ره و واشنتۆنه‌وه پێی وایه چیتر ئه‌مریكا و توركیا ناتوانن په‌یوه‌ندییه‌كانیان ببه‌نه‌وه ئاسته باشه‌كه‌ی ڕابردوو.
ئاژانسه‌كه ئاماژه‌ی به‌وه‌ش داوه هه‌ر جۆره پچڕانێكی یه‌كجاری له په‌یوه‌ندیی نێوان ئه‌مریكا و توركیا ده‌بێته هۆی داڕووخانی ئابووری توركیا و دروست بوونی كێشه بۆ ئه‌مریكا له ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست.
سه‌رچاوه: شارپرێس
کۆدی هه‌واڵنێر: 60103
Your Comment