بەپێی هەواڵی کوردپرێس، سەڵاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی پێشووتری پارتی دیموکراتی گەلان-هەدەپە لە هەڤپەیڤینێکی رۆژنامەڤانیدا لەگەڵ میدیای تورکی دەڵێت، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆکی تورکیا نەیهێشت کە پارتی کرێکارانی کوردستان- پەکەکە دەستبەرداری چەک بێت، چونکە ئەردۆغان پێیوابووە کۆتاییهاتنی شەڕی چەکداری لە تورکیا، لە ڕێگای سیاسییەوە، خزمەت بە حکومەتەکەی ناکات.
لە هەڤپەیڤینەکەدا پرسیا لە بارەی شکستی گفتوگۆکانی ئاشتی لە نێوان ئاکەپە و پەکەکەدا لە دەمیرتاش کرا؛ سەڵاحەدین دەمیرتاش لەو بارەیەوە دەڵێت: "تەنیا 10 رۆژ مابوو رێککەوتنی دۆڵمە باخچە تەواوبکرێت و بڕیاربوو لە دوای ئەوە پەکەکە چەک دابنێت و لیژنەیەک سەردانی ئیمرالی بکات بۆ ئەوەی پەیامێک لە عەبدوڵا ئۆجەلانەوە بهێنێت کە پەکەکە بە تەواوی دەستبەرداری چەک دەبێت. بەڵام ئەردۆغان نەیهێشت ئەوە رووبدات چوونکە "وای دەبینی ئاشتی نابێتە هۆی زیادکردنی دەنگ بۆ خۆی و پارتەکەی. ئەوە ئەردۆغان بوو، کە نەیهێشت لیژنەی پیاو ماقووڵان سەردانی ئیمراڵی بکات."
دەمیرتاش باس لەوە دەکات ئەردۆغان ئێستا لە بەرامبەر کۆتایی هێنان بە پڕۆسەی ئاشتی پەشیمانە و لەو کاتەوە نەیتوانیوە پارێزگاری لە جەماوەر و شەرعیەتی خۆی بکات، بۆیە دەستی بە سیاسەتی خۆسەپاندن کردووە. ویستی بەمە قەرەبووی لەدەستدانی شەرعییەتەکەی بکات. بیرکردنەوەکەی هەستیاریی لەگەڵ دیموکراسیی هەیە."
دەمیرتاش لە چواری تشرینی دووەمی ساڵی 2016 بە تۆمەتی پاڵپشتیکردن لە "تیرۆر" دەستگیرکرا و سەرەڕای دوو بڕیاری دادگەی مافەکانی مرۆڤی ئەورووپا بۆ ئازادکردنی، هێشتا ئازاد نەکراوە.
سەرچاوە: تۆڕی میدیایی ڕووداو
Your Comment