بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ئەو وتانەى بافڵ تاڵەبانى لەمیانەى کۆبوونەوەیدا هات لەگەڵ بەرپرسانى باڵاى گۆڕان و دەقى راگەیەنراوەی کۆبوونەوەکە بەمشێوەیە:
وەفدێکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە سەرۆکایەتی بافڵ تاڵەبانی سەردانی بزووتنەوەی گۆڕانی کرد.
لەو سەردانەدا کە ھەریەک لە رەفعەت عەبدوڵا، بڕیاردەری دەستەی کارگێڕی، شاڵاو کۆسرەت رەسوڵ، ئەژی ئەمین، سەرۆکی ئاژانسی پاراستن و زانیاری-زانیاریی هەرێم، دکتۆر سۆران جەمال تاھیر ئەندامی مەکتەبی سیاسی، سالار سەرحەد، ئەندامی سەرکردایەتی و ئەژی ئەمین یاوەرییان دەکرد لەلایەن عومەر سەید عەلی، رێکخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان و ژمارەیەک ھەڵسوڕاو پێشوازیکران و لەدانیشتنێکدا گفتوگۆکرا لەبارەی دەرئەنجامەکانی ھەڵبژاردن و پەیوەندییەکانی یەکێتی و گۆڕان و خۆئامادەکردن بۆ ئەگەر و پێشھاتەکان.
بافڵ تاڵەبانی لە دیدارەکەدا روونیکردەوە یەکێتی، بزوتنەوەی گۆڕان بە شەریکی راستەقینەی خۆی دەزانێت و وەک ھاوبەشێکی سیاسی گرنگ دەمانەوێت پێکەوە ئاڕاستەی سیاسی بگۆڕین و داکۆکی لەمافەکانی گەلەکەمان بکەین. ووتیشی دەمانەوێت پێکەوە پرۆژەی نوێمان ھەبێت و بەدیدێکی نوێوە کاربکەین بۆ کوردستانەکەمان.
ھاوسەرۆکی یەکێتی راشیگەیاند ئەو کورسیانەی هاوپەیمانی كوردستان بەدەستیھێناوە بەرھەمی ھەوڵی گۆڕان و یەکێتی بوو کە بەو ژمارە كاندیدەوە دەچێتە بەغدا بۆ داكۆكیكردن لە بەرنامەی كوردستانیی و زامنكردنی شایستە دارایی و سیاسییەكانی كوردستان بە ناوچە دابڕاوەكانیشەوە، ئەركی داكۆكیكردنی لە مافەكانی گەلی كوردستانی گرتۆتە ئەستۆ و بە یەكریزی هاوپەیمانی لەگەڵ نوێنەرایەتی دیكەی كورد دەتوانین خۆشگوزەرانی زیاتر و ئارامی دابین بکەین.
ھەر لەدیدارەکەدا بافڵ تاڵەبانی روونی کردەوە لەژیانی سیاسیدا حیزب بەزۆر ھەورازو نشێودا دەڕوات بەڵام گرنگ ئەوەیە یەکێتی و گۆڕان لەچوارچێوەی ھاوپەیمانی کوردستان بەرە و پرۆژەی سیاسی ھەنگاوبنێین و خەونی کاک نەوشیراون و سەرۆک مام جەلال جێبەجێ بکەین بۆ گۆڕینی سیستەمی سیاسی و پرۆژەی ھاوبەشیشمان ھەبێت بۆ چاکسازی و زیاتر خزمەتکردنی خەڵک و گۆڕانکاریی ریشەیی لە ئیدارەدان بەڕێوەبردن، چارەسەرکردنی کەموکوڕییەکان، گلەیی و رەخنەکانی کۆمەڵانی خەڵکیش بەھەند وەربگرین و بیکەینە دەستمایەی سەرکەوتنی داھاتوومان.
تاڵەبانی دووپاتیشی کردەوە لەگەڵ براکانیان لە گۆڕان پێکەوە دەمێننەوە و کار بۆ ئایندەیەکی گەشتر دەکەن.
Your Comment