بەپێی هەواڵی کوردپرێس، بارودۆخی ئەمنی هەرێمی کوردستان و رێزگرتن لە قەوارەی سیاسی و دەستووریی هەرێم تەوەرێکی کۆبوونەکە بوو و هەردوولا کۆک بوون کە پاراستنی ئارامی و سەقامگیریی هەرێمی کوردستان، ئەرکی هەموو لایەکە.
دهقی راگهیهنراوهکه:
راگەیەنراوی کۆبوونەوەی هاوبەشی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان
ڕۆژی دووشەممه ٢٠٢٠/٩/١١ لە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، بە سەرپەرشتیی بەڕێز نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و بە ئامادەبوونی بەڕێز بافڵ تاڵەبانی، هاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کۆبوونەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا وێڕای بەخێرهێنان و سوپاس کردنی وەفدی هەردوولا لەلایەن سەرۆکی هەرێمی کوردستانەوە تیشکخرایە سەر بارودۆخی سیاسی بەگشتی و بارودۆخی عیراق و هەرێمی کوردستان و ئەو گیروگرفتانەی بەرۆکی خەڵکی هەرێمی کوردستانیان گرتووە، بەتایبەتی لەڕووی ئابووری و داراییەوە کە بەهۆی لێکەوتەکانی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆناوە، جیهان و عێراق و هەرێمی کوردستانی گرتووەتەوە.
بەڕێزیان جەختی لە گرنگیی کاری هاوبەشی نێوان سەرجەم لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان، بەتایبەتی نێوان پارتی و یەکێتی کردەوە و ئامادەییی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستانی نیشاندا بۆ پاڵپشتی و هاوکاریی سەرخستنی کاری پێکەوەیی و هەماهەنگیی نێوان هەموو لایەنەکان.
دواتر وەفدی هەردوولا گفتوگۆی راشکاوانە و بەرپرسانەیان لەسەر کۆی پرسەکان کرد و دووپاتی بەرپرسیاریەتیی هاوبەشیان بەرامبەر پرۆسەی سیاسی و حوکمڕانی لە هەرێمی کوردستان کردەوە، هەردوولا کۆک بوون کە پێویستە پێکەوە لەگەڵ لایەنەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان هەنگاوی جددی و کردەیی بنێن بۆ چارەسەرکردنی گرفتەکانی نێوانیان و هەموو تواناکانیان بخرێنەگەڕ بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەم بارودۆخە و پشتیوانیی دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستان بۆ خزمەت کردنی هاووڵاتیان.
بارودۆخی ئەمنی هەرێمی کوردستان و رێزگرتن لە قەوارەی سیاسی و دەستووریی هەرێم تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەکە بوو، هەردوولا کۆک بوون کە پاراستنی ئارامی و سەقامگیریی هەرێمی کوردستان، ئەرکی هەموو لایەکە.
هەردوولا پشتگیریی خۆیان بۆ ئامادەکارییەکانی حکومەتی فیدراڵ و لایەنە پەیوەندارەکان بۆ سەرخستنی هەڵبژاردنی پێشوەختەی عیراق دووپات کردەوە و لەم رووەوە هەماهەنگی و هاوکاریی نێوان نوێنەرانی هەرێمی کوردستان لە بەغدا بەرز هەڵسەنگێنراو دووپاتی بەردەوامی ئەو هەماهەنگییە کرایەوە.
لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا هەڵسەنگاندن بۆ جێبەجێ کردنی رێککەوتنە سیاسی و ئیدارییەکانی نێوان هەردوولا کرا، لەنێویشیاندا بابەتی لامەرکەزییەت لە هەرێمی کوردستان، هەردوولا پابەندیی خۆیان دووپات کردەوە بەڕێککەوتنی سیاسیی نێوانیان و بەرنامەی کاری کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێم بۆ بەرجەستە کردنی لامەرکەزییەت لە هەرێم و شۆڕکردنەوەی دەسەڵاتەکان و لەئەستۆ گرتنی بەرپرسیاریەتیی هاوبەش و نەهێشتنی رۆتین لەڕایی کردنی کاری هاووڵاتییان و پێشکەش کردنی پڕۆژە و خزمەتگوزارییە گشتیەکان، لەم رووەوە هەنگاوەکان بەئەرێنی هەژمارکران و دووپاتی بەردەوامیی کاری هاوبەش بۆ جێبەجێ کردنی تەواوی رێککەوتنەکان کرایەوە و میکانیزمی گونجاو لەو رووەوە بڕیاری لێدرا.
لە کۆتاییی کۆبوونەوەکەدا،دووپاتی بەردەوامی کاری هاوبەش و هەماهەنگی لەناو دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستاندا کرایەوە کە ئامانج لێی خزمەتکردنی هاووڵاتیان و تێپەڕاندنی ئەو بارودۆخە سەختەی سەر شانی خەڵکی هەرێمی کوردستان بێت.
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
پارتی دیموکراتی کوردستان
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment