بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ئاژانسەکانی هەواڵ لە تورکیا، رایدگەیێنن: "رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا ئەمڕۆ لە نووسینگەی خۆی لە ئەنقەرەی پایتەخت پێشوازی لە محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی هاوپەیمانیی تەقەدوم و سەرۆکی پەرلەمانی عێراق کرد، دیدارەکەی نێوان هەردوولا دوور لە چاوی دەزگاکانی راگەیاندن بەڕێوەچوو."
بەپێی ئاژانسەکە هەر ئەمڕۆ: "سەرۆککۆماری تورکیا لە ئەنقەرە پێشوازیی لە خەمیس خەنجەر، ئەمینداری گشتیی حیزبی پرۆژەی عەرەبیی لە عێراق کرد."
سەبارەت بە دیدارەکەی لەگەڵ سەرۆککۆماری تورکیا، خەمیس خەنجەر، کە هاوکات سەرۆکی هاوپەیمانیی عەزمە، ئەمڕۆ، لە هەژماری خۆیدا لە تویتەر رایگەیاند: "دیدارێکی گرنگ بوو لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆکی تورکیا سەبارەت بە دۆخی سیاسی ناوچەکە؛ لەگەڵ گرنگیی پەیوەندییە ئابوورییەکانی نێوان عێراق و کۆماری تورکیای دۆست بۆ پاڵپشتیکردنی سەقامگیریی ئابووریی عێراق."
بە گوتەی خەنجەر، هەردووکیان جەختیان کردووەتەوە کە "بەتووندی قۆستنەوەی سنووری عێراق لە لایەن رێکخراوە تیرۆریستییەکان و بەئامانج کردنی خاکی عێراق و تورکیا رەتدەکەینەوە." دەشڵێت، "هەر لە دیدارەکەمان لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆکی تورکیا بە ناوی برایەتی نێوان هەردوو گەلەکەمان داوای نەهێشتنی ڤیزەمان کرد لە نێوان عێراق و تورکیا، هەر لەو چەند رۆژەدا رێکاری کرداری دەستپێدەکەن بۆ کەمکردنەوەی کۆتەکانی سەر گەشتکردن بە تایبەت بۆ نەخۆشەکان و خوێندکاران و دۆخە مرۆییەکان و وەبەرهێنەران."
هاوکات ماڵپەڕی فەرمیی سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا ئەمڕۆ وێنەی دیداری ئەردۆغانی لەگەڵ محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق بڵاوکردەوە و رایگەیاند: "رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا پێشوازی لە محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی حیزبی تەقەدومی عێراقی کرد"، بەبێ ئەوەی هیچ وردەکارییەک سەبارەت بە ناوەڕۆکی دیدارەکە بڵاو بکاتەوە.
سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا هەروەها وێنەی دیداری ئەردۆغانی لەگەڵ خەمیس خەنجەر، سەرۆکی هاوپەیمانیی عەزم بڵاوکردەوە و رایگەیاند: رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا پێشوازی لە خەمیس خەنجەر، سەرۆکی عەزمی عێراقی کرد"، بەبێ ئەوەی هیچ وردەکارییەک سەبارەت بە ناوەڕۆکی دیدارەکە بڵاو بکاتەوە.
هەروەها نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لە هەژماری خۆیدا لە تۆڕی تویتەر رایگەیاند: "سەرۆکی پەرلەمان لە ئەنقەرەی پایتەختی تورکیا چاوی بە سەرۆککۆماری تورکیا کەوت."
Your Comment