ئارێز عەبدوڵڵا: یەکێتی لە کەرکووک سەنگی جارانی هەیە/ ئەردۆغان نایشارێتەوە کە پاش پەیمانی لۆزان دیەوێت مووسڵی کۆن بگەڕێتەوە سەر دەوڵەتی تورکیا

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتی دوایین وەزعی ئەو حیزبە لە هەڵبژاردنی پەرلەمان و ئایندەی پۆستی سەرۆککۆماری عێراق بۆ کوردپرێس ڕوون دەکاتەوە و لەبارەی کۆتاییهاتنی پەیمانی لۆزانیشەوە بە کوردپرێسی گوت: ئەردۆغان نایشارێتەوە کە مەبەستیەتی دوای کۆتاییهاتنی لۆزان ویلایەتی مووسڵی کۆن واتا مووسڵ و کەرکووک و هەولێر و دهۆک و سلێمانی بگەڕێتەوە سەر دەوڵەتی تورکیا.

کوردپرێس:

ئارێز عەبدوڵڵا لەبارەی دوایین وەزعی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە هەڵبژاردنی ئەم خولەی پەرلەمانی عێراق و پێوەندیی لەگەڵ گۆڕان لە چوارچێوەی هاوپەیمانیی نیشتمانی و لەگەڵ لایەنە کوردییەکانی تر بە کوردپرێسی گوت: یەکێتی و گۆڕان لەم خولەدا هاوپەیمانێتییان پێکهێناوە واتا بە یەکەوە کار دەکەین و کاندیدەکانمان هاوبەشن و پڕۆگرامی هاوبەشمان هەیە و ڕکابەری سەرەکیی ئێمە پارتی دیموکراتی کوردستانە. هەندێک لایەنی دیکەش هەیە کە ئێمە بە دۆستی خۆمانیان دەزانین و لانی کەم بە ڕکابەری خۆمانیان نازانین و ڕەنگە لە هەندێک حاڵەتدا پێوەندیشمان لەگەڵیان ببێ. دیارە هەڵبژاردنە و کێبڕکێیە بەڵام لەگەڵ هەندێک لەو حیزبانە لە هەندێک شوێن هاوکاریمان هەیە.

ئارێز عەبدوڵا لەبارەی پلان و بەرنامەی یەکێتی بۆ کەرکووک و ناوچە جێناکۆکەکان بە کوردپرێسی گوت: یەکێتی ئەو ناوچانە بە کوردستانی دەزانێت و وەک ساڵانی ڕابردوو لە چوارچێوەی دەستوور و مادەی 140 هەوڵی چارەسەرکردنی دەدەین و سوورین لە سەر جێبەجێ کردنی دەستوور. خەڵکی کورد لە کەرکووک بێگۆمان دەنگ بە کورد و بەتایبەت دەنگ بە هاوپەیمانێتیی کوردستان دەدات و لەم هەڵبژاردنەش یەکێتی لە کەرکووک هەر سەنگی جارانی هەیە و بە سەرکەوتوویی دەردەچێت.

ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ئاماژەی بە جیاوازیی هەڵبژاردنی ئەم خولەی پەرلەمانی عێراق کە بە شێوەی بازنەیی بەڕێوە دەچێت بە کوردپرێسی گوت: لەبەر ئەوەی ئەوە یەکەم جارە هەڵبژاردن بە شێوەی بازنەیی بەڕێوە دەچێت و بەو یاسا نوێیە کار دەکرێت وا دەزانم هەموو لایەنە سیاسییەکان بەرچاویان ڕوون نیە. چوونکە جاری یەکەمە بەو شێوەیە بەڕێوە دەچێت. زووتر بازنە لە سەر ئاستی پارێزگا بوو بەڵام ئێستا بۆ نموونە هەولێر کراوەتە چوار بازنە. ئەوە بۆ حیزبە بچووکەکان زۆر خراپە و بە دووری نازانین هەندێک سوپڕایز لەو هەڵبژاردنە ببینین و چوونکە بازنەکان بچووک بوونەتەوە ئەگەر هەیە گۆڕانکاری لە ژمارەی کورسییەکان ڕوو بدات تەنانەت بۆ حیزبە گەورەکانیش. چوونکە دیار نیە ئایا حیزبی گەورەش لە بازنەیێکی چوار کورسی کە بەشی سێ کورسیی هەیە دەتوانێت بە شێوەیێک دەنگەکان دابەش کات کە سێ کورسی بهێنێت یان نە. بۆیە کێبڕکێیە و جاری یەکەممانە بەو یاسایە کار بکەین بەڵام بەگشتی سیستەمەکە لە بەرژەوەندیی حیزبە گەورەکانە. لە بەرژەوەندیی حیزبە بچووکەکان نیە. لە بەرژەوەندیی کاندیدە بەهێزەکانە و لە بەرژەوەندیی کاندیدەکانی تر نیە.

پۆستی سەرۆکایەتیی کۆمار بە پێی ڕێککەوتنێکی نەریتی پشکی کوردە و لە نێو کوردیش گەرچی خولی ڕابردوو، پارتی کاندیدی خۆی بۆ ئەو پۆستە ناساند بەڵام لە ئەنجامدا هەر یەکێتی پۆستی سەرۆککۆماری بردەوە. لە ئێستادا لە نێو بەرەی عەرەبی سوننەش جموجووڵ هەیە بۆ دەستخستنی ئەو پۆستە. ئارێز عەبدوڵا لەو بارەیەوە بە کوردپرێسی گوت: لە دوای ڕووخانی ڕژێمی سەدامەوە تا ئێستا لایەنی سوننە بەردەوام هەوڵی دەستخستنی ئەو پۆستەی داوە بەڵام پێداگریی کورد لە سەر ئەو پۆستە و پەرتەوازەییی بەرەی سوننە لە پڕۆسەی سیاسیی عێراق وای کردووە کە پۆستی سەرۆککۆماری هەر بەر کورد بکەوێت و ئەوە بۆتە نەریتێک کە ئەو پۆستە بۆ کورد بێت و لەنێو کوردیش بۆ یەکێتی بووە. ئێمە وەکوو هاوپەیمانیی کوردستان پێداگری ئەکەین بە پلەی یەکەم ئەو پۆستە بۆ کورد بێت و لەناو کوردیش پێداگری دەکەین کە هاوپەیمانی بێت و بەتایبەت یەکێتی بێت. ئێستا چاوەڕوان دەکەین ئەنجامەکان دەربچن. کێبڕکێیە و دوای ئەنجامەکان دەردەکەوێت کێ دەتوانێت ئەو پۆستە بباتەوە. بەڵام ئومێد دەکەین لە سەر ئەو پۆستە و لە سەر پۆستەکانی بەغدا ناکۆکیمان بۆ دروست نەبێت لە نێو خۆی کورد. ئێمە هاوپەیمانیمان هەیە لەگەڵ گۆڕان و لەگەڵ لایەنەکانی تریش نزیکیمان هەیە. ئومێد دەکەین بتوانین بەیەکەوە پۆستەکانی بەغدا پڕ بکەینەوە نەک کێبڕکێی یەکتری بکەین. بۆ ئەوەی یەکەم لە دەستی کورد نەچێت دووهەم سەنگی کورد لە نێو دەوڵەتی عێراق وەک خۆی و بە بەهێزی بمێنێتەوە.

کوردپرێس لەبارەی ڕوونبوونەوەی ناوی کاندیدی یەکێتی بۆ پۆستی سەرۆککۆمار یان ڕوون نەبوونەوەی ئەو بابەتە تا ئەم کاتە، پرسیاری لە ئارێز عەبدوڵا کرد. ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتی لە وەڵامدا گوتی خۆشبەختانە یەکێتی سەرکدەی لێهاتووی زۆرە و کەسی بە توانا زۆرە بەڵام ئێستا کاتی ئەوە نەهاتووە ناوی کەسێک بڵێین. ڕەنگە ئێمە لە نێو سەرکردایەتی کەسێک هەڵبژێرین. چەند کەسێک هەن کە لەبەر چاومان گرتوون یەکێک لەو کەسانە بێگۆمان دواجار بڕیاری لێئەدەین.

کەمتر لە دوو ساڵی تر پەیمانی لۆزان کۆتاییی پێدێت و تا کۆتاییی 2021یش بڕیارە هێزی شەڕکەری ئەمریکی لە عێراق نەمێنێت. ئەو ئاراستە نوێیە هەندێک گۆڕانکاری و هاوسەنگیی دەسەڵات لە ناوچەکە دەگۆڕێت و لە تەمووزی 2023 کە بەپێی خونێدنەوەیێک کۆتایی پەیمانی لۆزانە، زۆربەی چاودێران پێیان وایە تورکیا لەو کاتەدا بێدەنگ نابێت و ئەگەری ڕوودانی ئاڵۆزی لە ناوچەکە و بەتایبەت دژبە کورد لە ئارادایە.

ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتی لەو بارەیەوە بە کوردپرێسی گوت: سوڵتان ئەردۆغان نایشارێتەوە کە ساڵی 2023 پەیمانی لۆزان کۆتایی دێت و ئەو دەیەوێت پاش کۆتاییهاتنی ئەو پەیمانە ویلایەتی مووسڵی کۆن واتا مووسڵ و کەرکووک و سلێمانی و هەولێر و دهۆک بگەڕێتەوە سەر دەوڵەتی تورکیا و هەوڵیشی بۆ دەدات لە سەر ئاستی نێودەوڵەتی. دەشبینن لە ڕاگەیاندن ئەردۆغان و دارودەستەکەی جارجار باسی دەکەن و بە کردەیییش هاتوونەتە هەرێمی کوردستان و بنکە و بارەگایان لە مووسڵ و چیاکانی کوردستان هەیە و بەشێکیان لە کوردستانی عێراق داگیر کردووە و پێم وایە ئەو داگیرکردن و هاتنە پێشە ئەگەرچی بە پاساوی هەبوونی پەکەکەیە بەڵام لە ڕاستیدا زەمینەسازییە بۆ ئەوەی ئەو پلانە جێبەجێ بکات. بەڵام ئایا وڵاتانی دەوروبەر و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هەڵوێستیان چی دەبێت جارێ دیار نیە. بەڵام ئەو بابەتە شتێکی نێودەوڵەتییە. تا ئێستاش عێراق و ئێران و سووریاش هیچیان ئەو بابەتەیان بە جدی وەرنەگرتووە و ئەوە زۆر زۆر مەترسیدارە. بە دڵنیایییەوە ئەو پڕۆژەیەی ئەردۆغان پڕۆژەیێکی ستراتیژییە و کاری لە سەر کردووە و من بە دووری نازانم لە 2023دا هەرێمی کوردستان یا خود باکووری عێراق هەموو بە پاساوی کۆتاییهاتنی ڕێککەوتنی لۆزان داگیر بکات. بەڵام هەم عێراق و هەم وڵاتانی دەوروبەر زۆر سست و بێدەنگ بوون. ئیتر یان هەست بەو مەترسییە ناکەن یان خود ئەو بابەتەیان زۆر بەلاوە ئاسایییە.

*سازدانی دیمانە: مەنسوور ڕەحیمی

News Code 3522

Your Comment

You are replying to: .
captcha