کوردپرێس:
ئەدهەم بارزانی، سەرۆکی پێشووی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی پەدەکە لە سلێمانی و هەڵەبجە، لە پەڕەی تایبەتی خۆی لە فەیسبووک، سەرنجی ڕاکێشاوەتە سەر لێدوانەکانی ڕێواز فایەق، سەرۆکی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان، کە وەڵامی نچێرڤان بارزانی دایەوە و دواتریش هێمن هەورامی، جێگری سەرۆکی پەرلەمان، وەڵامی رێواز فایەقی دایەوە.
ئەدهەم بارزانی نووسیویەتی”ئەمڕۆ لە وەڵام و وەڵام کاریەکی توند دا، سەرۆکی پەرلەمان و جێگرەکەی لەتێوەگڵانێکی ناپێویستی ریکلامی هەڵبژاردن دژی یەکدی، حزبەکانیان بە ساختەکاری تاوانبار کرد”.
بارزانی، ئاماژەی بە قسەکانی سەرۆکی پەرلەمان کردووە و کە وتبووی”کە تەنیا حساب بۆ پارتی بکرێ، حسابکردن لەسەر چی و لەسەر چ بنەمایەک، لەسەر ئەو زۆرینە موزەیفە و ساختەکاریەیە کە هەیە”.
هەروەها، هێمن هەورامی، وتبووی”خەڵکی کوردستان ئەوەندە زاکیرەی زەعیف نیە و ئەزانێ کێ لە کوردستان تەزویری کردووە، خەلکی کوردستان ئەلبیسەکەی باش لەبیرە”.
ئەدهەم بارزانی دەڵێت:”هەرچۆنێک ئەو پرسە لێک بدرێتەوە، تاوانبارکردنی یەکتر وەکوو دوو بەرپرسی دەستەی سەروکایەتی پەرلەمان، کە هەستیارترین جومگەی دەسەڵات، کە دەسەڵاتی یاسادانانە لە کوردستان، هیچ پاساوێک قبوڵ ناکات، چونکە ئەگەر ئەو دوو کەسایەتیە بەڕێزە ئاگاداری لە پێشینەیان لەبارەی تەزویری لایانەکانیان هەیە، ئەی بە چ لۆژیکێک بەرپرسیاریەتی ئەو جومگە هەستیارەی دەسەڵاتی کوردستانیان لەئەستۆ گرتووە کە ھەر وەک خۆیان دەلێن «نە من »، لە سەر بنەمای تەزویر و موزەیەفی و ساختکاریی، ئایا دەتوانن بڵێن، تا ئێستا لە بەرابەر جەماوەری کوردستان بە وێژدانەوە بڕیارەکانیان دەرکردووە؟ ئایا ئەوەی لە سەر ساختەکاری ئاوەدان دەکرێت چی پێدەوترێت؟”.
جێگای ئاماژەیە، ئەم وەڵامدانەوانەی ئەمڕۆ دوای ئەوە هات، کە دوێنێ نێچیرڤان بارزانی، جێگری سەرۆکی پەدەکە، لە بانگەشەی حزبەکەیدا وتی: تەنها حزبێک کە لەسەر ئاستى ناوخۆى و عێراقى و هەرێمى حسابى بۆ بکرێت ئەوا پەدەکەیە
Your Comment